ناشیرینترین یاریی بارسیلۆنا

11:03 - 2024-01-16
وەرزش
159 جار خوێندراوەتەوە

شەوی یەكشەممەی رابردوو 14/1/2024 لە ریازی پایتەختی سعودیە، یاریی كۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا كراو یانەی ریاڵ مەدرید لێهاتووانەو بە شایستەی خۆی و بە یاریی و ئەنجام سەركەوتنێكی بێ وێنەی تۆمار كردو توانی 4-1 لە یانەی بارسیلۆنای ركابەری سەرسەختی بباتەوە.
ریاڵ مەدرید تا دەقیقەی 10 ی یارییەكە ئەنجامی بۆ خۆی یەكلایی كردەوە كاتێك لەو ماوە كورتەدا دووگۆڵی كرد كە هەردوو گۆڵەكە لە ئەنجامی خراپی  و شەق و شڕی هێڵی بەرگری بارسیلۆناوە بوو، دواتریش هەرچەندە بارسیلۆنا گۆڵێكی كرد، بەڵام خراپی ئاستی بەرگریكاران بە تایبەتی كۆندی و ئاراوخۆ، بووە مایەی ئەوەی ریاڵ دوو گۆڵی تر بكات و 4-1 ئەم یارییەی باتەوە.

كاردانەوەكان
سەرەتا با ئەوە بڵێین كە ماوەی 70 ساڵە و لە ساڵی 1951 – ەوە تا ئەم یارییە هیچ راهێنەرێكی یانەی بارسیلۆنا لە یەك وەرز و لە لە دوو یارییدا چوار گۆڵی لە دوو یاریی یەك لەسەر یەكدا لێنەكراوە، بەڵام وا چاڤی ئەم كارەساتەی پاش 70 ساڵ دووبارە كردەوە:
*5/4/2023 بارسیلۆنا0×4ریاڵ مەدرید.
*14/1/2024ریاڵ مەدرید4×1بارسیۆنا.
جگەلەوەش بە یەك دۆڕاندنی تری بارسیلۆنا، چاڤی دەچێتە ئاماری رەشی یانەكەوەو دەبێتە یەكەمین راهێنەری بارسیلۆنا كە زۆرترین دۆڕاندنی هەبێت.
بردنەوەیەكی شایستە
ریاڵ مەدرید تەنیا بردنەوەكە بەسە بۆ ئەوەی ستایشی تەواو بكرێت، ئەنجامەكە هێندە گەورە و دڵخۆشكەر بوو بۆ هاندەرانی یانەكە، هەرچی ستایش هەیە دەیانگرێتەوە، بەڵام دۆڕاندنەكەی بارسیلۆنا كارەساتێكی بێ وێنەبوو، سەرجەم پایەكانی راگری یانەكەی لەسەرۆكەوە تا ئیدارەو رۆژنامەكانی یانەكەو تیمی بەڕێوەبەری لە راهێنەرەوە تا یاریزانان و سەرپەرشتیارانی تیپەكەی هێناوەتە لەرزین، رۆژنامەكانی مۆندۆ و سپۆرت هێرشی توندیان كردووە و كاردانەوەی سەختیان هەبوو بەتایبەتی رۆژنامەی سپۆرت كە رۆژنامە نووسەكانی بەتوندی هێرشیان كردۆتە سەر سەرۆكی یانەو ئیدارییەكانی تیپەكەو تەنانەت یاریزانەكانیش، ئەمەی خوارەوە كورتەی ئەو كاردانانەوانەیە:
ئەرنیست  فۆڵش نووسەری رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی هێرشی توندی كردۆتە سەر هەموو لایەك و كەسی لەم دۆڕاندنە دەرنەكردووە، لەم باریەوە نووسیویەتی: بارسیلۆنا سەلماندی كە رەخنەكانی رۆژنامەكان لەجێی خۆیاندان ئەوەی بە چاڤی تیپەکەی دەوترێت لە جێی خۆیاندان، بینا و دامەزراوەی وەرزشی بارسیلۆنا داڕماوە، ئەو بەرنامە وەرزشییەی لە یانەكە پەیڕەو دەكرێت شكست خواردووە، ئێستا داڕمانەكە دەستیپێكردووە بەڵام نازانین كەی كۆتایی دێت.
سەرۆكێكی لاواز
هەروەها نووسیویەتی: ئەوەی ئێستا زومی كامێراكانی لەسەرە و هۆكاری سەرەكی دۆڕاندنەكەی دەخرێتە ئەستۆ چاڤییە، چونكە بەر لە یارییكە ووتی تیپەكەمان ئەمساڵ لە پار باشترە، بەڵام ئەم قسەیەی ماوەی چەند سەعاتێكی بەسەردا تێنەپەڕی ئێكسپایەر بوو، دۆڕاندنەكە كەسی لێ دەرناكرێت، یەكەمجار یاریزانەكان، زۆربەیان لە ڕوی دەرونییەوە روخاو بوون، ئەوان ئەو یاریزانانە نین كە بۆ یانەیەكی وەك بارسلۆنا بشێن، پاشان چاڤی.
پاش ئەمان لێپرسراوانی یانەكە بەرپرسیاری سەرەكی ئەم داڕمان داڕوخانەی یانەكەن، سەرۆكێك بۆ بردنەوە 2-0 لە ئساسۆنا ئەو ئاهەنگە بگێڕێت كەبینیمان ئەوە كارەساتە، وای دەزانی جامی چامپیۆنس لیگی بردۆتەوە.
ناشیرینترین بارسیلۆنا
خوان فیلیز رۆژنامە نووسێكی تری هەمان رۆژنامەیە ئەمیش لە رۆژنامەكەدا نووسیویەتی: ئەو وێنا ناشیرین و قێزەونەی بارسیلۆنا لەم یارییەدا بەسەركردایەتی چاڤی پیشانی داین وامان لێدەكات هەڵوێست وەربگرین، ریاڵ مەدرید بۆ بردنەوە هاتبوو، بەڵام بارسیلۆنا بۆ سەیران، یاریزانانی ریاڵ لە یاریگادا پیاسەیان دەكرد، ئەوانەی بارسیلۆنا خەواڵو بوون، ئەم دیمەنە ناشیرینەی بارسیلونا لەم یارییەو چەندین یاریی تری پێشوودا دەبێت وا لەسەرۆكی یانە بكات بیر جدی لە تیپەكە بكاتەوە، ناكرێت هەموو شتەكان لە پەنجەرەوە فڕێبدەینە دەرەوە، بەڵام بەردەوام بوون بەم دۆخەوە یانەكە دەخاتە مەترسییەوە، هەرئەم نووسەر هێرشەكەی بۆ سەر یاریزانان زۆر توند بووەو بەدەق نووسیەتی: (ئەمڕۆ یاریزانانی بارسامان وا بینی مایەی شانازی نین، هێندێكیان بێ كەرامەت بوون، هاندەرانی بارسیلۆنا شایانی ئەم دیمەنە ناشیرینەی ئەوان نین.

بەرگریكاران كارەسات بوون
هەر رۆژنامە نووسانی نزیك لە یانەکە كاردانەوەكانیان بەكورتی بەمشێوەیە بووە:
*خافی میگێل: ئاراوخۆ ئەمساڵ كارەساتە بۆ تیپەكەی، خراپتین یاریی لەم یارییەدا كرد، كۆندی كارەساتێكی ترە، هۆكاری هەردوو گۆڵی یەكەم و دووەم بوو، ئاستی هەردووكیان مایەی نیگەرانییە:
*خافی میگێل:دی یۆنگ زۆر خراپ بوو، لە یارییەكەدا وون بوو، گۆندۆگان یەكێك لە خراپترین یارییەكانی كرد، پیدری تۆزێك هەوڵیدا، بەڵام یەكەم یاریزان بوو چاڤی هێنایە دەرەوە.
*جۆزێف كاپدیڤیا:لاپۆرتا چاڤی لانابات، لەبەر ئەوەی چاڤی چەتری ئەوەو هیچ كەسێكیش نایەوێت بێ چەتر بێت.
مانشێتی رۆژنامەی سپۆرت:سەرشۆڕی..... دۆڕاندنێك كە پێویستی بە بریاردان هەیە....

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان