قوباد تاڵەبانی: ناکرێت چیتر سەرەوەری عیراق و هەرێم پێشێل بکرێت

08:04 - 2024-01-16
کوردستان
420 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم و پێکەوە تاوتوێی چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەمە، 16ی کانوونی دووەمی 2024 لە هەولێر بەڕێوەچوو، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا هاوسۆزی و هاوخەمی وڵاتەکەی بۆ حکومەت و هاووڵاتییانی هەرێم دەربڕی لەپای هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر.
لەوبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە ناکرێت چیتر سەرەوەری خاکی عیراق و هەرێمی کوردستان لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا پێشێل بکرێت. وتیشی: ئەم جۆرە هێرشانە سەقامگیری ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکەن.
جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکەش رایگەیاند؛ بۆ ئەوەی ئەمجۆرە هێرش و پێشێلکارییانە بەشێوەیەکی هەمیشەیی کۆتایی پێ بهێنرێت، پێویستە هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت. داواشیکرد هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ پێکەوە کاربکەن بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عیراق و هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا؛ هەر وڵاتێکی دراوسێ نیگەرانییەکی هەیە پێویستە لەڕێگەی گفتوگۆ و بەشێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکرێن، نەک لە رێگەی شەڕ و بۆردومانکردنی خاکی هەرێم.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان