ئەمریکا کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە عیراق پشتڕاست دەکاتەوە و گرووپێکی مقاوەمەی ئیسلامیش خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەگرێتە ئەستۆ.
لێپرسراوێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکا لە نزیک بنکەی سەربازیی بەلەد لە عیراق خراوەتە خوارەوە و دواتر ھێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە دەستبەسەر پارچەکانی فڕۆکەکەدا بگرن و بیگەڕێننەوە بۆ ھێزەکانی ئەمریکا، بەڵام لێپرسراوەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا جۆری ئەو فڕۆکەیەی ئاشکرا نەکردووە کە خراوەتە خوارەوە و ھۆکارەکەشی باس نەکرد.
لە بەرامبەردا گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە چەکی پێشکەوتوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکایان لە ئاسمانی پارێزگای دیالە خستووەتە خوارەوە کە لە جۆری (ئێم کیو 9) بووە.