قوباد تاڵەبانی، تەئكیددەكاتەوە كە «پێویستە بەدوای بەرژەوەندیی هاوبەشدا بگەڕێین لەگەڵ وڵاتاندا، ئەوەش لەو روانگەیەوە كە لە دیپلۆماسیەتدا دۆست نییە، بەڵكو بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە، بۆ ئەوەش نوێنەرایەتییەكانمان دەتوانن رۆڵی گرنگ ببینن و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ وڵاتان زیاتر بكەن، لە پرسە چارەنووسسازەكانیشدا رای گشتی دروستبكەن و رێگربن لە هەر هەوڵێك كە لە دژی هەرێمەكەمان دەدرێت».
«نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم، لە پرسە چارەنووسسازەكانیشدا رای گشتی دروستبكەن»
كۆنفرانسی نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم
دوێنێ، كۆنفرانسی نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، بە بەشداریی سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران و نوێنەرانی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە و ژمارەیەك لە كونسوڵ و دیپلۆماتكار و نوێنەرانی وڵاتان و وەزیرانی حكومەتی هەرێم دەستیپێكرد.
پەیوەندییەكانی هەرێم هەنگاوی باشی بڕیوە
لەسەرەتای كۆنفرانسەكەدا، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، وتارێكی پیشكەشكرد و رایگەیاند: ساڵانە ژمارەی كونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێم زیاتردەبن، لەبەرامبەریشدا هەوڵدەدەین نوێنەرایەتییەكانمان لە وڵاتان زیاتربكەین، ئامانجیش لەوە برەودانە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و وڵاتان. «پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتان هەنگاوی باشی بڕیوە و هەوڵی زیاتریش دەدەین».
زانیاریی بە نوێنەرایەتییەكان بدرێت
هەر لە كۆنفرانسەكەدا و لەمیانی بەشداریكردنی لە پانێڵێكدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، باسی لەوەكرد كە «نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم دەتوانن پەیوەندییە ئابووری، سیاسی و بازرگانییەكان لەگەڵ وڵاتاندا بەهێز بكەن و لە هەمان كاتیشدا دەبێت پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ دامەزراوە رەسمییەكان لە هەرێمی كوردستان هەبێت و لە سیاسەتی وڵاتان ئاگاداریان بكەنەوە». وتیشی: پێویستە بەدوای بەرژەوەندیی هاوبەشدا بگەڕێین لەگەڵ وڵاتاندا، «لە دیپلۆماسیەتدا دۆست نییە، بەڵكو بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە، لەم روانگەیەشەوە نوێنەرایەتییەكانمان دەتوانن رۆڵی گرنگ ببینن و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ وڵاتان زیاتربكەن، ئەمە جگەلەوەی كە دەتوانن لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان لە هەرێم رای گشتی لە وڵاتان دروست بكەن و رێگربن لە هەر هەوڵێك كە لە دژی هەرێمی كوردستان دەدرێت».
جێگری سەرۆك وەزیران، راشیگەیاند: «روبەڕوبوونەوەی داعش، هەرێمی كوردستانی خستە ناو هاوكێشەیەكی نێودەوڵەتییەوە، ئەوەش وایكرد ئەولەویەتی زیاتر بە هەرێم بدرێت و لە شەڕی روبەڕوبوونەوەی تیرۆریشدا، هاوپەیمانان و ئەمریكا پشتیوانێكی بەهێزی هەرێمی كوردستان بوون».
دابان شەدەڵە: كۆنفرانسی نوێنەرایەتییەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە
لە لێدوانێكیشدا بۆ PUKMEDIA، دابان شەدەڵە جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم، ئاماژەی بە ئامانجی كۆنفرانسەكە كردووە و دەڵێت: ئامانجەكەی رێكخستنەوەی كاری دیپلۆماسیی حكومەتی هەرێمە لەگەڵ قۆناغەكەدا و دانانی پلانی ستراتیژییە بۆ نوێنەرایەتییەكان و بایەخدان و قووڵتركردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانە لەگەڵ وڵاتاندا». وتیشی: «پرسی ئەمنیەت و هەڕەشەی درۆن و ئاڵنگارییەكان و دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی و زاڵكردنی زمانی دیالۆگ بابەتی گرنگی كۆنفرانسەكە دەبن».