شه‌هید عه‌دنان دۆسكی

10:28 - 2024-01-29
ڕاپۆرت
351 جار خوێندراوەتەوە

شه‌هید عه‌دنان نوری عه‌بدوڵڵا ناسراو به‌ عه‌دنان دۆسكی، له‌ دایكبووی ساڵی 1972ی گوندی (كانیكا)ی ناحیه‌ی بامه‌ڕنێی پارێزگای دهۆكه‌، رۆڵه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ری هۆزی (دۆسكی)یه‌.
ساڵی 1999 به‌رهۆكاری سیاسی له‌گه‌ڵ براكانی له‌ موسڵه‌وه‌ ئاواره‌ی شاری سلێمانی بوون و له‌و سه‌روبه‌نده‌شدتا په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی چواری بادینان كه‌ ئه‌وكاته‌ باره‌گای له‌ سلێمانی بوو.
دواتر بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ فه‌رمانده‌یی بادینان، به‌شداریی چه‌ندین شه‌ڕی سه‌پێندروای  كردووه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌كی گورج و گۆڵ و بە دڵسۆزییەوە ئه‌ركه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تی رایی كردووه‌.
چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ رووخانی رژێمی به‌عس له‌ ساڵی 2003دا، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌كانی روخانی ئه‌و رژێمه‌، شه‌هید عه‌دنان دۆسكی و براكانی له‌گه‌ل چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ وكادر و به‌رپرسانی سه‌ربازی یه‌كێتی كه‌ خه‌ڵكی سنووری بادینان بوون، به‌نهێنی و ‌ناسنامه‌ی جیاوازه‌وه‌ چوونه‌ ناو شاری موسڵ، كاتێكیش هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر عیراق ده‌ستپێكرد، پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی له‌ شاره‌كانی موسڵ وكه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ئاماده‌كاریی ته‌واویان كردبوو بۆ ئه‌و رووداوه‌، بۆیه‌ شه‌هید عه‌دنان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی و هێزه‌ نهێنییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ناو سه‌نته‌ری شاری موسڵدا هێرشیانكرده‌ سه‌ر بنكه‌ی باره‌گای فیرقه‌ی به‌عس له‌ گه‌ڕه‌كی جه‌زائیر و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت، شه‌هید عه‌دنان له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ڕۆڵی چالاكانه‌ی گێڕا.
دوای ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام بووه‌ له‌ خه‌بات له‌ هه‌ر یه‌ك له‌: میحوه‌ری موسڵ و شنگال، له‌ سنووری پارێزگای موسڵ و ناوشاری موسڵ، كۆمیته‌ی جه‌زائیر له‌ سنووری مه‌ڵبه‌ندی حه‌وتی نه‌ینه‌وا كه‌ دوا شوێنی خه‌باتی ئه‌و كۆمیته‌یه‌ بووه‌ و پله‌ی حزبیشی (ئه‌ندام كۆمیته‌) بوو، هه‌روه‌ها رۆڵی زۆرباشی گێڕاوه‌ له‌ گه‌شه‌كردنی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی له‌ ناوشاری موسڵ.
به‌داخه‌وه‌، رۆژی 12/1/2005 له‌ هێرشێكی نهێنی و كتوپڕی تیرۆریستاندا له‌ ناوچه‌ی (پیشه‌سازی كۆنی شاری موسڵ) بریندارده‌كرێت و ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست تیرۆریسته‌كان، پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م شه‌هیدی ده‌كه‌ن و له‌ (مه‌فره‌قی سه‌لام نزیك حه‌مدانیه‌) ته‌رمه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه‌.

ئه‌یاز محه‌مه‌د سه‌لیم هه‌ركی


 

بابەتە پەیوەندیدارەکان