راپۆرتی – رەوەست نەوزاد
ناوەڕاستی ئەم مانگە ساڵۆنی لاپەڕە نۆ-ی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی ی.ن.ک، كۆڕێكی بۆ نزار خەیلانی شارەزا لە بواری گەشتوگوزاردا رێکخست بە ناونیشانی (شێوەكاری گەشتوگوزار لە كوردستان) کە ژمارەیەك لە نووسەران و رووناکبیران ئامادەی بوون.
سەرەتا نزار خەیلانی پێناسەی كەرتی گەشتوگوزاری كردو وتی: زانستێكی زۆر فراوانە و بەرلە هەموو شتێك كەرتێكی پیشەسازییە و بەرهەمەكەشی خزمەتە، چونکە لە گەشتوگوزاردا هیچ بەرهەمێكت پێنادرێت، بەڵكو هەر ئەوەیە كاتێك دەچیتە هۆتێلیك یان ریستۆرانتێک ئەو شتانەی لەناو ژوورەكەتدا یان لەسەر مێزەکەت بەكاری دەهێنێت، تۆ جگە لە پارەی تێچووی بەشێک لە کەرەستەکان تەنها پارەی خزمەتگوزارییەكە دەدەیت كە پێشكەشتكراوە.
وردەکاریی زانستەکانی گەشتوگوزار
وتیشی: كەرتی گەشتوگوزاری پێكهاتووە لە دوو بەش و دوو زانست كە یەكێكیان پێی دەڵێن گەشتوگوزاری، ئەویتریان پێی دەڵێن زانستی هۆتێل بەڕێوەبردن كە دوو زانستی جیاوازن، بۆ نموونە كەسێك دەرچووی بەشی گەشتوگوزاریی كۆلێژی كارگێڕی و ئابوورییە، بەڵام لە كاری هوتێلدا فێردەبێت، هەروەك گەشتوگوزار زانستێكە زوو سوود لە هەموو زانستەكانی دیکە وەردەگرێت، وەكو مێژوو، شوێنەوار، جوگرافیا، دەروونناسی، تەكنۆلۆژیا و پزیشكی كە هیچ زانستێك نییە لە كەرتی گەشتوگوزار داببڕیت بەڵکو پێویستی بە هەموویانە بۆئەوەی خزمەتی میوان و گەشتیاری پێ بكات.
رۆڵی مێژوو و جوگرافیا لە کایەی گەشتیاریدا
خەیلانی هەروەها وتی: كەرتی گەشتوگوزار زۆر بەپەلە پێشدەكەوێت و خزمەتگوزارییەكانی گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، بۆ نموونە پەنجا ساڵ لەمەوبەر لەبواری گەشتوگوزاردا خوێندوومە، بەڵام لەوانەیە ئەو خوێندنەی من بۆ ئێستا زۆر كۆن بێت، بەتایبەتی بەهۆی پێشكەوتنی زانست و ئامێری كۆمپیوتەرەوە كە زۆر شت لە خوێندنی ئەو بوارە گۆڕراوە.
باسی لەوەشكرد کە لەم سەردەمەدا هەندێك زانست بەشی نوێیان لێ جیابۆتەوە بەناوی گەشتوگوزارەوە، بۆ نموونە جوگرافیا كە ئێستا بەشێكی هەیە پێی دەوترێت جوگرافیای گەشتوگوزار، یان لە زانستی ئابووریدا بەشی بە بازاڕكردن زۆر گرنگە وەک بەبازاركردنی گەشتوگوزار كە چۆن وابكەیت گەشتیار رابكێشیت بۆ شوێنەكان.
خەیلانی روونیشیكردەوە هەندێك بابەت هەن لە كەرتی گەشتوگوزاریدا زۆر گرنگن و لە هەموویان گرنگتر پەروەردە و رەوشتە، ئەمەش دەبێت لە باخچەی ساوایانەوە ئیشی بۆ بكرێت تا ئێمە ببین بە میللەتێكی هوشیار و شارەزا و بزانین چۆن خزمەتی وڵاتەكەمان دەكەین. هەندێك كەس واتێدەگات پێشكەوتنی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا بەهۆی ئەوەوەیە کە سزا دانراوە، راستە ئەوە كاریگەریی هەیە، بەڵام بنەماكە پەیوەستە بە پەروەردەكەیانەوە، جگە لە ئاستی پەروەردە، زمانزانیش بۆ پێشخستنی ئەو بوارە گرنگە، بۆ نموونە گەشتیاری تورك یان فارس یاخود عەرەب و ئینگلیز کە دێن هەرێم، دەبێت خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکان و بازاڕەكان زمانی ئەو گەشتیارانە بزانن، دەبێت كاری وەرگێڕانەكەشت بە جوانی بێت بۆیان.
ریکلام و مارکێتینگ بۆ کایەی گەشتیاری
یەكێكی تر لە پێویستییە گرنگەكان رێنماییكردنە لە گەشتوگوزاردا، ئەویش چەندین جۆری هەیە لەوانە رێنماییكردن بەشێوەی كتێبی بچووك، یاخود بەشێوەی ریكلام یان بە شێوەی رۆژنامە و تەلەفزیۆن و میدیا كە ئێستا رێنمایی گەشتیاری لە ماڵپەرەكانی سۆسیال میدیاش پەیدابووە.
هەروەك كاتێك گروپێكی گەشتیاری دەچنە شوێنێك بۆ بینینی هۆڵێكی سینەما یا هۆڵێكی شانۆ ئەگەر رێنیشاندەری گەشتوگوزارییان لەگەڵدا بێت، دەبێت بە زمانەكەی ئەوان قسە بكات و بەوردی هەموو بابەتەکانیان بۆ باس بكات كە ئەوە پێی دەوترێت رێنیشاندەری كەسی، جگە لەوە رێنیشاندەری دەنگیش هەیە.
ەوونیشیکردەوە كە روویەكی تری پێشخستنی گەشتیاری بریتییە لە پاراستنی دارودرەخت و دارستان و ئاژەڵە كێوییەكان و مۆزەخانەكان و هۆڵەكانی سینەما و شانۆگەریی كە دەبێتە روویەكی گەشی گەشتیاری ئەوەش پەیوەندیی بە هونەری موزیك و شێوەكاری و شانۆوە هەیە كە هەموویان رۆڵی كارگێڕ دەبینن لە كاری گەشتوگوزاردا. بۆ نموونە ماوەیەك لە هاوینەهەواری سەری ڕەش لە ریستۆرانتێکی گەشتیاری بەرپرسیارێتیم هەبوو، شەوانی پێنجشەممە لەسەر هەینی گروپێکی موزیكمان لە شارۆچكەی عەنكاوەوە دەهێنا بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئاشووری گۆرانیان دەچڕی، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی بازاڕی ریستۆرانتەکە گەرم بێت و خەڵكێكی زۆر رووی تێبكەن.
دۆزینەوەی خواستی گەشتیار بەگوێرەی ناوچەکان
هاوکات لە ناوچەی حاجی ئۆمەران گوندێكی گەشتیاریمان هەبوو، ویستم ئەو كارە دووبارە بکەمەوە، ماوەی دوو مانگ لەوێ كارم لەسەر كرد، بەڵام سەركەوتم بەدەست نەهێنا، چونكە كەس بۆ گەشتیاری رووی لەوێ بەدەکرد، بەڵام لەوێ سەمونخانە و نانەواخانەی لێنەبوو، پاسەوانێكمان لەوێ هەبوو پێموت بە خێزانەكەت بڵێ نانمان بۆ بكات، دواتر هەندێك سەردانیكەر رووی تێ دەکردین تەنیا حەزیان لە خواردنی ئەو نانە بوو. کەواتە دەبێت لەخواستی گەشتیارەکان بە گوێرەی شوێن و جوگرافیاشدا بکۆڵیتەوە.