خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئارامی سەرکردە

11:30 - 2024-01-31
دووتوێ
241 جار خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز

دەشێ هەبن بە ئێمەمانان بڵێن ئێوە کوا لە سەردەمی شەهیدی سەرکردە ئارام-دا ژیاون تا قسەی لەسەر بکەن، ئەوە بۆخۆی پرسیارێکی راستە، بەڵام زۆر خوێندنەوەی نوێ بۆ زۆر کەسایەتی و سەرکردە دەکرێت کە تەمەنی ئەوانەی خوێندنەوەی بۆ دەکەن، نەک چەند ساڵێک، بەڵکو سەدان ساڵ جیاوازییان هەیە.
کۆتایی حەفتاکان و دۆخی سیاسی
شێوازی خوێندنەوە بۆ هەر کەسایەتییەک، چەند رەهەندێک دیاریی دەکات. رەهەندێکیان قۆناغە مێژووییەکەیە، ئەوی تریان شایەتحاڵەکانی قۆناغەکە و گێڕانەوەی ئەو کەسایەتییانەیە کە هاودەمی قۆناغەکە و کەسایەتییەکە بوون، رەهەندێکیشیان پۆلێنکردنی باسوخواسەکانە لەسەر هەردوو رەهەندەکەی دیکە لە گۆشە نیگا جیاوازەکانەوە لەسەر بنەمای فیکری سیاسی و ئایدیۆلۆژی و خێزانی و هاوڕێیەتی.
نەک هەر سیمبولە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن و دژبە رژێمی (بەکر - سەدام)، بەڵکو بەشێک لە شارەزایانی مێژووی سیاسیی بێلایەن لە عیراق و کوردستان و بگرە بەشێک لەوانەش کە تا دوا ساتەکانی تەمەنیان بە هەر هۆکارێک بووبێت لەناو کایەی سیاسی و کارگێڕیی رژێمی بەعسدا کاریان کردووە، لەسەر یەک خاڵ کۆکن ئەویش ئەوەیە کە نیوەی دووەمی دەیەی حەوتەمی سەدەی رابردوو شایەتی نالەبارترین و دڕندەترین رژێمی سیاسی دەدەن کە تا ئەو سەردەمە لە عیراقدا فەرمانڕەواییان کردووە، تەنانەت هەموان لەسەر ئەوەش کۆکن کە نەک کەسایەتی و گروپی بچووکی سیاسی بەرگەی ستەم و داپڵۆسینەکانی ئەو رژێمەیان نەگرتووە، بەڵکو توانا سیاسی و ئابووریی و دیپلۆماسیی و سەربازیی و ئەمنییەکانی ئەو رژێمە لە ئاستێکدا بووە حزبە تەقلیدی و خاوەن بنکە جەماوەرییە فراوانەکانیش خۆیان لەبەردەم جەبەروتیدا نەگرتووە و بە موعجیزە هەندێک لە سەرکردە و کادرەکانیان توانیویانە خۆیان لەدەستیان دەربازبکەن، ئەوە ئەگەر چانسی دەربازبوونیان بۆ رەخسابێت.
شاسوار.. شای شۆڕش
لەو قۆناغە هەستیارەدا کە لەسەر ئاستی عیراق و باشووری کوردستانیش یار و نەیاری رژێمی پێشوو ئاماژەی پێدەدەن، دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تێکەڵبوونی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بەو یەکێتییە چەندە گرنگ بووە، لەو سەرەتایەدا ئاشکرابوونی سەرکردایەتی و رایەڵەکانی رێکخستنی ئەو بەرە نوێیە هێندە دژوار بووە، بەجۆرێک نزیکبووە لە هەرەسێکی تری وەک ئەوەی ساڵی 1975، بەڵام هەموو ئەوانەی هاوبیری ئارامی سەرکردە و ئەوانەش کە لەڕووی بیروباوەڕەوە جیاوازبوون لەگەڵی، شایەتیی ئەوەی بۆ دەدەن کە گەنجێکی تازە پێگەیشتوو و بە ئەزموونێکی شاردراوە لە کاری سەرکردایەتیدا بە پلەی یەکەم نەک هەر دەبێتە کۆڵەکەی رێگرتن لە هەرەسەکە، بەڵکو نوێگەرییش لە داڕشتنەوەی هەیکەلی رێکخراوەکەدا دەکات بە داڕشتنی پەیڕەو و پڕۆگرامی رێبازی سیاسی و هەیکەلەی رێکخراوەیی و لە سەروو ئەوەشەوە بەبێ شارەزایی پڕاکتیکی لە پێکهێنانی هێزی چەکداریی لەسەر ئەرزی واقیع، پەیڕەو و پڕۆگرام بۆ هێزێکی چەکداری شۆڕشگێڕ دادەڕێژێت و لەبواری پراکتیکیشدا دەیکاتە هێزێک کە بۆ ئەو سەردەمە چالاکییە پێشمەرگەییەکانیان بە بەراورد بە قەبارەی هێزەکە و قەبارەی هێزەکانی دوژمن مایەی بەراوردکردن نەبووە، بەڵام لە سەرتاسەری باشووری کوردستان و بگرە تا بەغداش هاوسەنگیی و لوتبەرزیی هێزی سوپایی و ئەمنیی رژێمی عیراق تێکدەشکێنێت.
 بۆیە جێی خۆیەتی بە هەڵسەنگاندنی هەموو ئەوانە شاسوار جەلال-ی سەرکردە بە شای شۆڕش ناوزەد بکەین.
لە زاری دۆست و نەیارەکانییەوە
وەک ئاماژەمان پێدا لە سەرەتاوە، هەموو ئەوانەی هاوڕێ و هاوخەباتی ئارامی سەرکردە بوون کۆکن لەسەر سەلیقە و سەرڕاستیی و وردبینی و ژیریی ئەو سەرکردە گەنجە و تەنانەت بەجۆرێک کارایی خۆی سەلماندووە،  ئەوانەشی لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لەگەڵیدا کۆک نەبوون، نکۆڵی لە ژیرییەکەی لە داڕشتنی ستراتیژ و تاکتیکی قۆناغەکاندا ناکەن و تەنانەت هەندێکیان لە نووسین و بیرەوەرییەکانیاندا دان بەوەدا دەنێن کە ئەگەر ئەوکاتیش دید و تێڕوانینەکانی ئەو سەرکردەیەیان پێ پەسەند نەبووبێت، ئەوا رووداوەکانی دواتر و لێکەوتەی هەنگاوە هەڵەکان راستیی تێڕوانین و دنیابینیی ئارامیان سەلماندووە کە بەرلە روودانیان پێشبینیی کردووە.
هەرچی نەیارە سیاسییەکانی ئارامی سەرکردە و بکوژەکانیشێتی، بەو پێیەی دەرکەوت دژی چ سەرکردەیەک بوون و یان چۆن کەسانێک هەبوون زاتی ئەوەیان کردووە ئەو سەرکردە کاریزمایە شەهیدبکەن، نە لەوپەڕی دەسەڵاتی رژێمدا و نە دواتریش کەس زاتی ئەوەی نەکرد شەهیدکردنی ئارامی سەرکردە بخاتە ئەستۆی خۆی تا لەلای رژێم میدال و خەڵاتی پێ وەربگرێت.
جیاواز لەوەی 46 ساڵە یادی ئەو سەرکردە جوامێرە دەکرێتەوە و نەوە بە نەوەی یەکێتی و بەوانەشەوە کە ئێستا یەکێتی نین بە شانازییەوە باس لە وێستگەکانی خەبات و تێکۆشانی دەکەن، هێشتا کەسێک نەبووە و نییە پێچەوانەی ئەو ستایشە بڵێت یان بنووسێت کە بۆ ئەو سەرکردە نەمرە دەکرێت.
گرنگییدان بە کار، نەک ناونیشان  
یەکێک لەو خەسڵەتە گرنگانەی بەگوێرەی گێڕانەوەکان و نووسراوەکانی ئەوکات و دواتریش کە لەم سەرکردەیەدا هەبووە، ئەوەیە ئەوەندەی کار و خەبات بەلایەوە گرنگ بووە بۆ بە دیهێنانی ئامانجی رەوای خەڵک، هێندە پۆست و پلە و ناونیشانی حزبی بەلایەوە گرنگ نەبووە، دیارە هەر ئەو خەسڵەتە گرنگەش ئەو رۆڵە شایستەیەی پێ دەدات کە بەبێ هیچ ناونیشان و پۆستێک نەک هەر چووەتە ژێر باری گرانی لێکترازانی رایەڵەی رێکخستنەکانی کۆمەڵەوە، بەڵکو بەرپرسیارێتی بەستنەوەی رایەڵەکانی رێکخستن و داڕشتنی هەیکەلەیەکی نوێ و جیاواز لە پێشتری زۆربەی حزب و رێکخراوە تەقلیدییەکانی گرتە ئەستۆ و توانیشی نەک رێکخراوە سیاسییەکە لە هەرەس بپارێزێت، بەڵکو توانی موتوربەی بکات بە هێزێکی چەکداری خاوەن پڕەنسیپێکی شۆڕشگێڕانەش.
ئارامی سەرکردە لەوەشدا خاڵی هاوبەش بوو
وەک باوە زۆر جار لە حزبی خۆرهەڵاتیدا هەوڵدەدەرێت ئەوانەش کە رۆڵی سەرکردایەتییان هەبووە و کارا و لێبڕاوبوون فەرامۆش بکرێت و لە حزووری خۆیدا بووە بە قوربانی شەڕی جەمسەرەکان، بەڵام ئارامی سەرکردە لەوەشدا نەک کەس زاتی ئەوەی نەکردووە نکۆڵی لە رۆڵی پێشڕەوانەی بکات، بەڵکو لە غیابی خۆیدا و بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە یەکەمین کۆبوونەوەی فراوانی سەرکردایەتیی یەکێتی و جیاکردنەوەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و بزووتنەوەی سۆشیالیستیی کوردستان و هێڵی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشدا بە جیاوازیی ئایدیۆلۆژیای ئەو سێ ئاراستەیەوە، بە ئەندامی ناوەندیی کۆمەڵە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەستنیشان دەکرێت، ئەوەش نیشانەی کۆک بوونی کۆک و ناکۆکەکانە لەسەر کەسایەتی و رۆڵی سەرکردایەتیی ئارامی نەمر.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان