ئارام داینەمۆی شۆڕشی نوێ‌

11:46 - 2024-01-31
دووتوێ
197 جار خوێندراوەتەوە
شەهیدان ئارام و فازیلی مەلا مەحمود

شوان كەریم

 تۆماری مێژووی خەبات و پڕ لە سەروەری تێكۆشانی گەلەكەمان بەگشتی و لە قۆناغی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، بەتایبەت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لاپەڕە پڕشنگدارەكانی پڕێتی لە قارەمانێتی و جیاواز بە گەلانی دیكەی ئازادیخوازای دونیا، سەركردەو كوڕی ئازاو فەرماندەی بە جەرگی تیا هەڵكەوتووە كە زۆری تەمەنیان مەردانە و بوێرانە لەپێناو دەستەبەركردنی ئازادی بۆ گەلەكەمان تەرخانكرد و بێ كۆڵدان رۆژە سەختەكانیان لەبەرامبەر دوژمنێكی ستەمكاردا بەڕێكرد و لە سەنگەرەكانی پێشەوەی روبەڕوبوونەوەو لەبەردەم پەتی سێدارەدا،بێ سڵمینەوە بۆ ئاسودەیی و رزگاری یەكجارەكی و ژیانێكی شەرەفمەندانە، بە وتنەوەی دروشمی (كەم ژیان و كەڵ ژیان و زیندان دەكەین بە خوێندنگەی فێربوونی كوردایەتی وسنوورەكانی نیشتمان دەكەینە گۆڕستان بۆ دوژمنان داگیركەران) سەربەرزانە روبەڕوی مەرگ بوونەوە.
یەكێك لەو رۆڵە بە ئەمەك و ناوە دیار و هەرگیز لەیاد نەچووانەی  كە بۆ گەیشتنی گەلەكەمان بە ئامانجە رەواكانی تێكۆشا، هەروەك ناوبانگی لە نێو  زاكیرەی خەڵك بەگشتی و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا بەتایبەتی، لە ریزبەندییەكانی پێشەوەی لەیاد نەچووەكاندا تا ئێستا بە زیندوویی ماوەتەوەو لە لیستی مەردایەتی ئازایەتی و شۆڕشگێڕی و خاوەن بیروهۆشیاری سیاسی سەردەمانەدا ئەستێرەیەكی درەوشاوەیە،شەهید ئارام(كاك ئارام)ە.
شەهید ئارام وەك پێشمەرگە و سەركردە، هەروەك شۆڕشگێڕی  شۆڕشێكی نوێی تازەگەر، بە بیری نوێ‌ و هزری فەلسەفیانەی پێشكەوتنخوازی سەردەمیانە، لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای تەمەنی خەباتی پێشمەرگایەتی و فیكریدا زەفەری پێبراو شەهیدكرا، بەڵام  وەك كەسایەتیەكی بەهێزی خاوەن كاریزما و نموونەی سەركردەی پەسەند و مێژوویی  و رێبەری خەبات و تێكۆشان و ئازادی  توانی لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، دووبارە هیواو باوەڕ لەناو جەماوەری تینو بەئازادی ببوژێنێتەوەو لە سەرەتای قۆناغێكی نوێدا وەك داینەمۆی شۆڕشی نوێ‌، بەرگێكی نوێ‌ بە بەری  شۆڕشگێڕاندا بكات و وەك سیمبولی ڕەنجدەرانی بیروبازوو دادپەروەری كۆمەڵایەتی، قەڵایەك بێت لەوورەبەرزی و ڕێنیشاندەری بێوێنەی هوشیاریی سیاسی بێت بۆ نەوەكانی داهاتوو.
كاك ئارامی سەركردە ئەگەر لە رۆژی 31/1/1978 بەدەستی خۆفرۆشان و ئەڵقەلەگوێكانی  رژێمی بەعسی لەناوچوو شەهید نەكرایە،گەلێ‌ خەونی گەورەی چاكسازی هەبوو بۆ داهاتووی  شۆڕش و گەڕانەوەی شكۆی گەلی كورد و بۆ ئازادی وسەرفرازی و یەكسانی  بە ئاڕاستەی شارستانییەت وخۆشگوزەرانی. 
بۆیە زۆر گرنگە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە داهاتوودا بەتایبەت لە دوای كۆنگرەی پێنجەمییەوە، بەسەر هەمان رێچكەی سەركردەی مێژوویی (مام جەلال) ئاوێتە بەبیرو هزری (شەهید ئارام ) و تەواوی شەهیدانی سەركردە بە ئەزموون و خاوەن فیكرەكان و فەرماندە قارەمان و پێشمەرگە سەربەرزەكانیدا، هاوتەریب شانبەشانی نەوەكانی ئەمڕۆی سەردەمی پێشكەوتنی زانستی و نوێخواز گوزەر بكات و دروشمی نوێبوونەوە و تازەگەری لەكاری رێكخراوەیی بە ئاڕاستەی حوكمڕانیەكی تەندروست  بۆ بەگەڕخستنی كارنامەی داهاتوو هەنگاوەكانی رووەو پێش خێرا بكات.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان