وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم راگەیەندراوێکی لەسەر پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەی چوار هەزار و 304 ئەفسەر لە خشتەکانی نەورۆز و ئەیلولی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 بەرزکرایەوە.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، دڵنیایی دەداتە سەرجەم ئەفسەران و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە لەکارنامەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بە رژدی کاردەکەن بۆ رێکخستنەوەی تەواوەتی و بەدامەزراوەییکردنی ئەرکی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
داواش دەکات ئەفسەران و ھێزی پێشمەرگە وەک ھەمیشە لە خۆبردووانە و خۆنەویستانە لە پاراستنی خاکی کوردستان و گەلەکەمان بەردەوام بن و بە بەرزکردنەوەی پلەکانیان ئەرکی بەڕێوەبردنی سەربازییانە و سەرکردایەتی ھێزەکانیان چاکتر پیادە بکەن.