بەڕێزان: بەڕێوەبەرو کارمەندانی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان
(٤٣)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان لە بەڕێوەبەرو کارمەندان و سەرجەم ستافە ماندوونەناسەکەی ئەم رادیۆیە پیرۆز دەکەم، سڵاوی تایبەتم دەنێرم بۆ هەموو ئەو راگەیاندکارو کارمەندانەی لە شاخەوە بۆ شار لەم رادیۆیە مێژووییە کاریان کرد.
رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان لە رابردوودا و بەتایبەتی لە سەردەمی خەباتی شاخ رادیۆی گەلی کوردستان بوو، دەنگی هەقبێژو رەوای ئەم میللەتە بوو، دەنگی شۆڕش و مقاوەمەت و جۆشدانی ئەم گەلە بوو.
لە راپەڕیندا رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان دەنگی راپەڕین و رزگارکردنی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان بوو.
بۆ ئەمڕۆو داهاتووش، رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان دەبێ دەنگی خەڵک و گەیاندنی پەیامی هەقبێژی بێت، وەک چۆن ئەوێ رۆژێ ئێزگەکە دیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بۆ خەڵکی کوردستان و ببووە مینبەری هەموو کوردستان، بۆ داهاتووش بەخۆگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان درێژە بدات بەو خەباتەی لە سەرەتاوە لەپێناوی دامەزراوە، ئومێد دەکەم ئەم یادە بکەنە وێستگەیەکی تازە بۆ پێشخستن و رێکخستنەوەی راگەیاندنی یەکێتی و گونجاندنی لەگەڵ پێشکەوتنە تازەو خێراکانی بوارەکە.
دووبارە پیرۆزبێت ساڵیادی دامەزراندنی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان و هەمیشە لە لووتکەی سەرکەوتن بتانبینم،
کۆسرەت رەسوڵ عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان