هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی ماسی و مریشک

07:36 - 2022-06-02
ڕاپۆرت
760 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

مریشک و ماسی، بەهۆی هەرزانی نرخیان بەراورد بە گۆشتی سوور زۆرتر لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەخورێن، بەڵام ماوەیەکە ئەو دوو خۆراکە سەرەکییەی هاووڵاتیان بەردەوام نرخیان روو لە بەرز بوونەوەیە بەشێوەیەک نرخی کیلۆیەک مریشک لە بازاڕدا لە سەروو چوار هەزار دینار و نرخی یەک کیلۆ ماسی گەیشتووەتە 10 هەزار دینار.
تانیا کامیل لە دوکانێکی مریشک فرۆشی خەریكی کڕینی مریشک بوو و لەوێ زانی کە نرخی مریشک گران بووە وتی، هاتبووم دوو مریشک بکڕم، بەڵام کە دەبینم نرخی گران بووە کردم بە یەک دانە. 
بەرزبوونەوەی نرخی مریشک وایکردووە هاووڵاتیان کەمتر بیکڕن و خواست لەسەری کەمبووەتەوە.
سۆران نازم دوکانی مریشک فرۆشتنی هەیە وتی، بەشێکی زۆری هاووڵاتییان خواردنی سەرەکییان مریشکە، لەبەرئەوەی نرخەکەی گونجاوە و بەتاموچێژە و ئەو کاتانەی نرخەکەی هەرزانە، مریشک لە بازاڕدا پڕفرۆشترین خواردنە، بەڵام ئەو کاتانەی نرخەکەی گران دەبێت، کڕیاری کەمترە.
 خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش هۆکاری گرانبوونی نرخی مریشک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بەرزبوونەوەی پێداویستی کێڵگەکانیان دەگەڕێننەوە.

عەلەف گرانبووە
 کەمال عەبدوڵا، خاوەنی کێڵگەی پەلەوەری وتی، لە بازاڕدا نرخی عەلەف و پێداویستیەكانی كێڵگە پەلەوەرییەكان گرانبووە بۆیە نرخی مریشک بەرزبووەتەوە، بە شێوەیەک پێشتر نرخی تۆنێك عەلەف بە 450 دۆلار بووە، بەڵام ئێستا نرخەكە سەروو 660 دۆلارە.
له‌ هەرێمی کوردستان زیاتر له‌ هه‌زار و 300 کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر‌ هه‌ن، بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 200 هەزار تۆن گۆشتی مریشک دەخورێت.

پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی مریشکەوە هەیە
نازم عەبدوڵڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی مریشکی زیندوو لەبازاڕەکاندا پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی مریشکەوە هەیە لەبەرئەوەی هەر لە کڕینی جوچک و دەرمان و عەلەف و غاز و پێداویستییەکانی بەخێوکردن گرانبووە و حکومەتیش هیچ هاوکارێک و بەدەمەوە هاتنێکی بۆ ئەم کەرتە نییە.
باسی لەوەشکردووە،  نەخۆشی نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ و ئایبی، بڵاوبووەتەوە 70 ٪ی مریشک و جوچکی لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردن لەناوبردووە، بەکارهێنانی ڤاکسینیش بەهیچ شێوەیەک لەکوردستان کارناکات و ئەو ڤاکسینانەی بوونیان هەیە لە عیراق و کوردستاندا خراپن.

 ڤاکسینمان بۆ دابین بکەن
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەی دوو ساڵە ئێمە داوا لە حکومەت دەکەین ڤاکسینمان بۆ دابین بکات چونکە ئەوە پەیوەستە بە ئەمنی نەتەوەییەوە و هیچ بازرگانێک ناتوانێت دەستی بۆ بەرێت بێجگە لە حکومەت کە دەتوانێت خوێن بگرێت و لەڕێگەی سامپڵەوە بیباتە وڵاتێکی ئەوروپی و ڤاکسین دابین بکات پاشان بیفرۆشێتەوە پێمان نەک بەخۆرایی، بەڵام جێگەی دڵنیایی خاوەن
 کێڵگەکان بێت.
نازم عەبدوڵڵا دەشڵێت، مریشک هێشتا نرخی خۆی دەرناهێنێتەوە و خاوەن کێڵگەکان بەهۆی لەناوچونی مریشک لە هۆڵەکاندا هەر لە زیاندان، هەرکیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن پرۆژە سێ هەزار و 250 دینار دەکەوێت لەناو هۆڵی بەخێوکردن و ئەگەر رێژەی 30 ٪ی مریشک بمرێت ئەوا خاوەن کێڵگە کیلۆی مریشک بدات بە حەوت هەزار دیناریش هەر لە زیاندایە و مایەی خۆی ناگرێتەوە.
تەنها مریشکی زیندوو نییە کە نرخی بەرزبووەتەوە ماسیش لە سەرەتای ئەمساڵدا و بەر لە وەرزی قەدەغەكردنی نرخی یەك كیلۆی 3 هەزار و 500 دینار بۆ 4 هەزار دینار بوو، بەڵام بەهۆی وەرزی قەدەغەكردنی ماسی نرخەكەی بەرزبووەتەوە مانگی رابردوو نرخی یەك كیلۆ ماسی گەیشتە 8 هەزار و 500 دینار، ئێستا نرخی یەك كیلۆ ماسی گەیشتووەتە 9 هەزار و 500 دینار بۆ 10 هەزار دینار.

پێویستی ناوخۆ پڕناكەنەوە
سۆران عه‌بدولغه‌فور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند، ئەو حەوزی ماسییانەی لە ناوخۆدا هەن پێویستی ناوخۆ پڕناكەنەوە ناچار پشت به‌ هاورده‌ ده‌به‌ستین، ‌ ئێستاش به‌هۆی‌ مه‌ترسی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ كه‌متر هاورده‌ ده‌كرێت بۆیه‌ نرخه‌كه‌شی‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌.
لەسەر بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان و بەمەبەستی زیادكردنی سامانی ماسی ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە بۆ ناوەڕاستی مانگی حوزەیران وەرزی قەدەغەی راوەماسی دەستپێدەكات.
بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە بەردەوام چاودێری دەریاچە و زێ و رووبارەکان دەکەن بۆ رێگریکردن لە سەرپێچیکردن سزادانی ئەو کەسانەی لەو کاتەدا کە راوە ماسی قەدەغەیە راو دەکەن.

#مریشک

بابەتە پەیوەندیدارەکان