پەیامی کۆتایی کۆنفرانسی دووەمی مەکتەبی رێکخستن

06:32 - 2024-02-08
کوردستان
384 جار خوێندراوەتەوە

هەڤاڵانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێکۆشەرانی خەباتی ڕێکخراوەیی لە هەموو قۆناغ و لە هەموو ئاستەکاندا، لە قۆناغی رێکخستنی نهێنی تا زیندان، تا تێکۆشانی حزبایەتی لە کوردستانی ئازاد دا
هەڤاڵانی دێرین تا هەڤاڵانی تازە پەیوەستبوو بە رێبازی پیرۆزی یەکێتییەوە.
بە شانازی و بە ئومێدێکی زۆرەوە بە دواڕۆژی هەڤاڵێتی و پێکەوە کارکردن و گەشەپێدانی رێکخستنەکانی حزبی شەهیدانەوە، وەک بەشێک لە بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەی پێنجەم رۆژانی 6 و 7 و 8ی شوباتی 2024 لە ژێر دروشمی (میتۆدێکی نوێ بۆ رێکخستنێکی سەردەمیانە) مەکتەبی رێکخستن کۆنفرانسی گشتی خۆی سازکرد.
دوای سێ رۆژ گفتوگۆی هەڤاڵانە، دیموکراتیانە و بەرپرسانە گەڵاڵەی کۆمەڵێک راسپاردە و پێشنیازی تازەگەرانەی کردووە کە بۆ مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڤاڵ (بافڵ جەلال تاڵەبانی) بەرزی دەکاتەوە بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی و ئینجا پەسەندکردنی.
کۆنفرانسی گشتی دوای کۆمەڵێک مینی کۆنفرانس و کۆبوونەوەی فراوانی ئۆرگانەکانی رێکخستن هات، ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە بیر و هزری دەوڵەمەندی هەڤاڵان و بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی، سەرکردایەتی، تێکۆشەران، ئەکادیمی و هەڤاڵانی بە ئەزموونی کاری رێکخراوەیی کە ژمارەیان 470 ئەندامی کۆنفرانس بوون و بەسەر هەشت لیژنەدا دابەشبوون، بەم شێوەیەی خوارەوە:
- لیژنەی پەیکەربەندی 237 هەڤاڵ بەشداربوون.
- لیژنەی نەخشەڕێگای نوێ 99 هەڤاڵ بەشداربوون.
- لیژنەی بەشداری گەنجان و ژنان 92 هەڤاڵ بەشداربوون.
- ئەنجومەنی پشتیوانی مەڵبەندەکان 90 هەڤاڵ بەشداربووون.
کاری رێکخراوەیی لە ناوەندە زانستییەکان 88 هەڤاڵ بەشداربوون.
- هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 108 هەڤاڵ بەشداربوون.
- پێداویستییە کارگێڕییەکان 52 هەڤاڵ بەشداربوون.
- پەرەپێدانی توانای کادر 224 هەڤاڵ بەشداربوون. لە هەر هەشت لیژنەدا هەموو گرفتەکانی کاری رێکخراوەیی و ئەزموونەکانی سەرکەوتن و پاشەکشێ و هەموو ئومێدەکانی نوێکردنەوە و پەرەپێدانی رێکخستن و گەشەپێدانی، بوون بە هەوێنی دیالۆگ و پەیپەری راستکردنەوە و پێشنیازی بەجێ لە خزمەتی رێکخستنی داهاتووماندا.  هەڤاڵان؛ وێڕای هەڤاڵانی بەشدار لە لیژنەکان و سەرەڕای سەدان پێشنیاز و راپۆرتی بەجێ‌، پشتیوانی بێ درێغی سەرۆکی یەکێتی و هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ئەم کۆنفرانسە بە سەربەرزی و ئومێدێکی زۆر و بە گیانی بەرپرسیارێتی بەرامبەر رێڕەوی خەباتی حزبایەتی و هەمەلایەنەی یەکێتی کارەکانی خۆی تەواو کرد، بەڵێنی بە جەماوەری یەکێتی و بە خوێنی  شەهیدان داوە، لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال بەردەوام بێت.
بۆ پێشەوە بەرەو رێکخستنێکی سەردەمیانەی کارا و کاریگەر کە یەکێتی بکاتەوە بە ژمارە یەک لە کایەی سیاسی، کایەی حوکمڕانی و کایەی سەرخستنی ستراتیژی کوردستان (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنوسین).
سڵاو لە رۆحی پاکی سەرۆک مام جەلال.
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگای رزگاری کوردستان.
سڵاو لە یاد و بیرەوەری بیست و یەک ساڵەی شەهیدان (شەوکەتی حاجی موشیر، حیکمەتی حاجی عوسمان و سەردار غەفوور). بە قەولی سەرۆک مام جەلال (ئێوەش هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن). 

مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
2024/2/8                                                                                                                                               قەڵاچوالان

بابەتە پەیوەندیدارەکان