هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت بەردەوامن

10:24 - 2024-02-18
ڕاپۆرت
221 جار خوێندراوەتەوە
هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی چەکی بێمۆڵەت بەردەوامە

راپۆرتی / ئازاد ئیبراهیم 

 بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ، دەڵێت «ئەو کەسانەی لە مانگی حەوتی 2023وە بەهۆی هەڵگرتنی چەک لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە دەستگیردەکرێن، دەدرێنە دادگا و دادگاکانی هەرێمی کوردستانیش بە گوێرەی مادەی 15 لە یاسای چەک، ژمارە 2، ساڵی 2022، سزای یاساییان دەدەن».

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە ماوەی 6 مانگی  رابردوودا، بەهۆی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەتەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی دەستگیرکراون و دۆسێکانیان رەوانەی دادگاکان کراوە. 

ملیارێک دینار بۆ بنبڕکردنی چەکی بێمۆڵەت 
تیمی راگەیاندنی حکومەتی عیراق لە رۆژانی رابردوودا بڵاویکردەوە، ناوەندی داتای نیشتمانی بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆئەوەی دیاردەی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت لە عیراق بنبڕبکەن، تایبەت بەو پڕۆژەیاسایەش، ملیارێک دینار بۆ هەر فەرمانگەیەکی پۆلیس لە عیراق تەرخانکراوە بۆ کڕینەوەی چەکی بێمۆڵەت و بنبڕکردنی.
هەر تایبەت بە بنبڕکردنی چەک، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رۆژی 24ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ رایگەیاند: لە رێگەی وەزارەتی دارایی عیراقەوە یەک ملیار دیناریان بۆ هەر فەرمانگەیەکی پۆلیس لە شارەکانی عیراق تەرخانکاردووە (جگە لە هەرێم)، ئەوەش لەپێناوی کڕینەوەی چەکی بێمۆڵەت لە هاووڵاتیان.

ژمارەیەک هاووڵاتی دەستگیرکراون
هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەو هاووڵاتیانەی کە چەکی بێمۆڵەتیان هەڵگرتووە و لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە دەستبەسەر دەکرێن، بەپێی یاسای چەک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە ماوەی 6 مانگی  رابردوودا، بەهۆی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەتەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی دەستگیرکراون و دۆسێکانیان رەوانەی دادگاکان کراوە. 
جەختیش دەکاتەوە، لەسەر ئەوەی کە هەرکەسێک چەکی بێمۆڵەت هەڵبگرێت، یاخود بیفرۆشێت و دەستاودەستی پێبکات، دەستبەسەر دەکرێت و سزا دەدرێت، سزاکەشی بەندکردنە بە جۆرێک ماوەکەی لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێت. 
میرانی دەشڵێت: «ئەو کەسانەی لە مانگی حەوتی 2023وە لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە دەستگیردەکرێن، دەدرێنە دادگا و دادگاکانی هەرێمی کوردستانیش بە گوێرەی مادەی 15 لە یاسای چەک،  ژمارە 2ی ساڵی 2022 سزای یاساییان دەدەن.
 واتە لەمەودوا هەرکەسێک بەهۆی هەڵگرتنی چەک، یان کڕین و فرۆشتنی چەکەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کوردستانەوە دەستگیر بکرێن، راستەوخۆ دەدرێتە دادگا و بەگوێرەی یاسا و بارودۆخی کەیسەکە، دادوەر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات» .

هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عیراق 
لەگەل دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سودانی لە 28ی ئەیلولی 2022دا، بەڵێنی ئەوەی دا کە لە ماوەی 90 رۆژدا، هەموو ئەو چەکە بێمۆڵەتانەی کە لە عیراقدا هەن، کۆبکرێنەوە و نەمێنن، بەڵام ئەو کارە نەکرا و تائێستاش ئەم بابەتە بە کراوەیی ماوەتەوە و بەشێک لە لایەنەکانیش چاوەڕوانی ئەوەن کە سەرۆک وەزیران بەڵێنەکەی بکاتە کردار.
چاودێرانی دۆخی سیاسی و ئەمنی عیراق دەڵێن: پرسی کۆکردنەوەی چەکی بێمۆڵەت لە عیراقدا، بابەتێکی گەرمە و هەوڵی زۆریشی بۆ دراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە پێویستی بە پشتیوانی لایەنە سیاسییەکان و هۆزەکان و گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا هەیە، تا چەک نەکەوێتە دەست هەموو کەسێک و دیاردەکە زیاتر بڵاونەبێتەوە.

یاسای قەدەغەکردنی چەک
پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2022دا، یاسای ژمارە 2ی  چەکی دەرکرد، دواتریش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، 42 بنکەی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکە بێمۆڵەتانە دەستنیشانکرد کە لەدەست هاووڵاتیاندایە.
لە هەرێمی کوردستان رێکاری نوێ گیراوەتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت، لە ساڵی 2022دا، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیانگرتووە بەسەر هەزار و 373 پارچە چەکی بێمۆڵەتدا.
لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا، سێ رووداوی گەورە وایکرد کە ژمارەیەکی زۆر چەکی بێمۆڵەت بکەوێتە دەست هاووڵاتیان، ئەوانیش:  راپەڕینی ساڵی 1991، هەروەها پڕۆسەی ئازادکردنی عیراق لە ساڵی 2003 و شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە ساڵی 2014دا.

چەکی بێمۆڵەت گرفتێک کە سێ دەیەیە هەرێمی کوردستان و عیراق بەدەستییەوە دەناڵینن

بابەتە پەیوەندیدارەکان