״پەتی درۆ زۆر كورتە״ و دەستی دزەكە كەشف بوو

12:13 - 2024-02-22
کوردستان
227 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەك لە بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی (شاسوار عەبدولواحید) سەبارەت بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، رایگەیاند: كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی سەرۆكی نەوەی نوێ لەو پەندە پێشینانە دەچێت كە دەڵێت: (هەتا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت)، دەیەوێت بە سیناریۆیەكی فێڵبازانەی نوێ لە لێدوانەكانی رابردووی پەشیمان ببێتەوە و خۆی بكات بە پاڵەوانی ئەم دەستكەوتە گرنگ و مێژووییە، كە لەبنەڕەتدا دژایەتی دەكرد!!!.

 

بۆردی راگەیاندن بۆ سەرۆكی نەوەی نوێ لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی:

״پەتی درۆ زۆر كورتە״ و دەستی دزەكە كەشف بوو

 

 

سەرچاوەكەی بۆردی راگەیاندن، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی شاسوار عەبدولواحید، شەرمەزارییەكی سیاسی و میدیایی گەورە بوو، چونكە بۆ ماوەی دوو ساڵە و هەتا دوێنێ شەو، خۆی و گروپەكەی رەخنەیان دەگرت و دژی هەڵوێستی نەگۆڕی یەكێتی بوون سەبارەت بە چۆنێتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو سكاڵایەی كە لە دادگای فیدراڵ تۆمار كرابوو. شەرمەزارییە، چونكە لە دوو ساڵی رابردوودا لێدوان و كۆنگرە رۆژنامەوانییەكانی خۆی؛ سەد لە سەد پێچەوانەی ئەو قسانە بوون، كە ئەمڕۆ لەبەردەم میدیاكاندا كردی. كەچی وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی و وەك ئەوەی نە بای دیتبێت و نە باران، بە حسابی خۆی بە خۆنمایشكردن و هۆنینەوەی هەندێ قسە و قسەڵۆكی چەواشەكارانە، بتوانێت راستییەكان لەبەرچاوی رای گشتی بشێوێنێت.
ئیدی ئەو سەردەمە بەسەرچوو كە هاووڵاتیانی هەرێم بڕوا بەو قسە ناڕاستانە بكەن و بە چەواشەكاریی؛ راستییەكان بشێوێنێت، باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە لە رۆژگاری بوونی میدیای نوێدا فیدباك و پێوانەی رای گشتی ئاسان وەردەگیرێتەوە و با بفەرموێت خۆی سەیری كۆمێنتەكان بكات و بەراوردێكی بكات لەگەڵ ئەو كۆمێنتانەی كە دوو ساڵ لەمەوبەر هاووڵاتیان لەسەر پەیامەكانی دەیاننووسی، ئیدی هەر خۆی لەگەڵ ناخی خۆی دەڵێت: ئەشهەدو (پەتی درۆ زۆر كورتە) و بەپێچەوانەی ئیدیۆمەكەی پێشینان ئەم جارە دز زوو دەستەكەی كەشف بوو، نەیتوانی خاوەن ماڵ بگرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان