قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم وێنانەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، حەقی هەڵەبجەیە کە لە پاڵ ئەوەی سیمبولی قوربانی و مەزڵومییەتی گەلی کوردە، ئەوەندە خزمەت بکرێت کە ببێتە سیمبولی ئاوەدانیش.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، ئەمڕۆ لە سەردانەکەماندا بۆ پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەفدی حکومەت، بەردی بناغەی پردی تووەقوتمان دانا. چەند بڕیارێکیشماندا بۆ خزمەتکردنی زیاتری پارێزگاکە لەوانە؛
پەلەکردن لە جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکانی بەقەزابوونی خورماڵ، دامەزراندنی 500 کەس بە گرێبەست، دەستکردن بە قیرتاوکردنی شەقامەکانی ناوشاری هەڵەبجە، کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە و تەرخانکردنی بەشێک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی ئەو دەڤەرە بۆ خزمەتکردنی پارێزگای هەڵەبجە.