جه‌واد حه‌یده‌ری
تا ئێستا زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌باره‌ت به كۆشكی سپی و سیاسه‌ت له‌و كۆشكه‌دا نووسیویانه زیاتر پیاو بوون و به روانگه‌یه‌كی پیاوانه باسیان لێ كردووه، ئه‌وه‌ی لێره‌دا زۆر گرنگه روانینی ژنێكه كه خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا بووه و بۆچوونی جیاواز و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت و كۆشكی سپی و منداڵ و مێرد و دڵداری و كار و پیشه‌ی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش ده‌گێڕێته‌وه و باس له زۆر نهێنی ده‌كات كه ده‌كرێت ببێته نموونه و سه‌رمه‌شقێك بۆ ژنانی ئێمه كاتێك كه له‌ناو پۆستێكی حزبی یان حكومی یان له‌ناو رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كار ده‌كه‌ن و رۆڵ ده‌گێڕن.
ره‌نگه به‌لاتانه‌وه سه‌یر بێت خاتوونێك كه خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا بێت و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان خانمی یه‌كه‌می جیهان بێت، ر‌قی له كۆشكی سپی بێت و كه‌یفی پێی نه‌یه‌ت، خانمێك كه هه‌شت ساڵ له كۆشكێكدا بژی، به‌ڵام نه‌زانێت كه ئه‌و كۆشكه چه‌ند قادرمه‌ی هه‌یه؟ خانمێك كه له كۆشكی سپی‌دا هه‌ست به‌وه بكات كه هه‌وای پێناگات و خه‌ریكه ده‌خنكێ. خاتوونێك كه رێگه بدات منداڵه‌كانی له راڕه‌وه‌كانی كۆشكی سپی یاری بكه‌ن، خانمێك باخچه‌ی پشته‌وه‌ی كۆشكه‌كه بكات به چێشتخانه، خانمێك كه كۆشكی سپی له پله‌ی خانمی یه‌كه‌مدا رۆڵی دایك بگێڕێت و له سیاسه‌ت بێزار بێت.
میشێل ئۆباما خانمی یه‌كه‌می پێشووی ئه‌مریكا و خێزانی باراك ئۆباما بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی له دوو توێی كتێبێك به‌ناوی (Becoming) بڵاوكردۆته‌وه و تێدا نووسیوه: كه منداڵ بووه ئاره‌زوویه‌كی زۆر ساده و بچووكی هه‌بووه، سه‌گێكی ده‌ویست و خانوویه‌كی بچووكی دوو نهۆم كه قادرمه‌كانی له‌ناوه‌وه بوایه. ده‌ڵێت بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژار و كرێكار بوون، له قاتی سه‌ره‌وه‌ی ماڵێكی خزمیان له باشووری شیكاگۆ ده‌ژیان، له گه‌ڕه‌كێك بوون كه بۆ تاوان و تاوانكاری ناوبانگی هه‌بووه، هیچیان نه‌بووە، به‌ڵام هه‌رگیز هیچ یه‌كێك له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یان گله‌یی و گازه‌نده‌یان له هه‌ژاری و نه‌بوونی نەکردووە.
كۆشكی سپی له زیندان ده‌چوو
میشێل ئۆباما ده‌ڵێت: دایكم فێری خوێندنه‌وه‌ی كردم، هه‌موو جارێ منی ده‌برد بۆ كتێبخانه و له‌وێ له ته‌نیشتم داده‌نیشت بۆ ئه‌وه‌ی كتێب بخوێنمه‌وه، له راستیدا دایكم فێری بیركردنه‌وه‌ی كردم، باوكیشم فێری كردم كه زۆر هه‌وڵ بده‌م و خاوه‌نی قسه و به‌ڵێنی خۆم بم.
خانمی یه‌كه‌می پێشووتری ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به كۆشكی سپی ده‌ڵێت: حه‌زم به كۆشكی سپی نه‌ده‌كرد، وه‌ك زیندانێك ده‌هاته به‌رچاوم، هه‌ندێكجاریش هه‌ستم ده‌كرد قازێكم له‌ناو رووبارێكدا، هه‌رچه‌ند ئه‌و كۆشكه دواجار منی گۆڕی و جیهانێكی تری پێ ناساندم، جیهانێك كه تێدا له بواره‌كانی منداڵان و ژینگه و هه‌ژاران و ژناندا چالاك بم. من و باراك هه‌میشه هه‌وڵمان ده‌دات كه ده‌رگای كۆشكی سپی به‌ڕووی هه‌موو چین و توێژه‌كاندا به تایبه‌تی منداڵاندا بكه‌ینه‌وه. هه‌رچه‌ند خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا بووم، به‌ڵام له كۆشكی سپی‌دا زیاتر رۆڵی دایكایه‌تیم ده‌گێڕا و وه‌ك ژنێك یارمه‌تی مێرده‌كه‌م ده‌دا.
ئه‌و ژنه‌ی كه ده‌یویست پزیشك بێت
میشێل باس له‌وه ده‌كات كه چۆن رۆژانه له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له خوێندنگه هه‌رشتێكی ده‌بینی بۆ دایكی ده‌گێڕایه‌وه، باس له دۆخی دارایی ماڵه‌وه‌یان ده‌كات و ده‌ڵێت: ئێمه هه‌ژار بووین و له گه‌ڕه‌كێكدا ده‌ژیاین كه بە تاوان و تاوانكاری به‌ناوبانگ بوو. به منداڵی خه‌ونه‌كانم زۆر ساده و بچووك بوون. هه‌ر كاتێك پرسیاریان لێكردبام به گه‌وره‌یی ده‌ته‌وێت چی بكه‌یت ده‌ستبه‌جێ ده‌موت گه‌ره‌كمه ببم به پزیشكی منداڵان، چونكه منداڵم زۆر خۆشده‌ویست و به نیاز بووم خزمه‌تیان بكه‌م و هۆگری پزیشكی منداڵان بووم. میشێل ده‌ڵێت: به منداڵی زوو زوو ده‌ڕەنجام و دڵناسك بووم، حه‌زم نه‌ده‌كرد كه‌س ده‌ست له كه‌لوپه‌لی یارییه‌كانم بدات و هه‌ر كاتێكیش كه تووڕه ده‌بووم هه‌موو تووڕه‌بوونی خۆم به‌سه‌ر دایكمدا به‌تاڵ ده‌كرده‌وه و ئه‌ویش هیچی نه‌ده‌وت، دواتر بۆم ده‌ركه‌وت كه دایكم چه‌ند ژنێكی له‌سه‌رخۆ و ئارام و هێدی بووه. دایكم به‌رده‌وام ئامۆژگاری ئه‌وه‌ی ده‌كردم كه كه‌سێكی به ئه‌ده‌ب بم و هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆم بخه‌مه گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو بم، دایكم به بۆڵه‌كانی من راهاتبوو، كه ته‌مه‌نم ورده ورده هه‌ڵكشا داوای لێكردم له‌گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆم به كوڕ و كچه‌وه تێكه‌ڵاو بم بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك براكه‌م كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كراوه بم.
دایك و باوكم وه‌ك منداڵ هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ نه‌ده‌كردین و وه‌ك كه‌سێكی گه‌وره ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كردین، هه‌ر پرسیارێكمان بكردایه دژایه‌تیان نه‌ده‌كرد و وه‌ڵامیان ده‌داینه‌وه. كه گه‌وره‌ش بووین له‌گه‌ڵ دایك و باوكمان سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت، یه‌كسانی، ماده‌ی هۆشبه‌ر و ته‌نانه‌ت سێكیش قسه‌مان ده‌كرد و بیروڕامان ده‌گۆڕییه‌وه.
خۆشه‌ویستی خۆی له‌گه‌ڵ باراك ده‌گێڕێته‌وه
له به‌شێكی تری بیره‌وه‌رییه‌كانیدا میشێل ئۆباما باس له خوازبێنییه‌كه‌ی باراك ده‌كات و ده‌ڵێت: ساڵ 1991 له یه‌كێك له چێشتخانه‌كانی شیكاگۆ خه‌ریكی نانخواردن بووین، دوای ئه‌وه‌ی كه ده‌ستمان له نانخواردن هه‌ڵگرت، باراك وتی: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له ناخی دڵه‌وه خۆشمده‌وێی، به‌ڵام زه‌ماوه‌ند به شتێكی بێ مانا و بێتام ده‌زانم، به‌ڵام ده‌مه‌وێت خوازبێنیت لێبكه‌م، منیش وتم: ئه‌گه‌ر پێكه‌وه پابه‌ند بین، ئه‌دی بۆچی زه‌ماوه‌ند نه‌كه‌ین، دواتر یه‌كێك له كارگوزاره‌كانی چێشتخانه‌كه سندوقێكی هێنا و له‌به‌رده‌م منی دانا، سندوقکم كردەوه له‌بری شكولات، ئه‌ڵقه‌یه‌كی ئه‌ڵماسی تێدا بوو، به‌مشێوه‌یه رێك كه‌وتین.
باراك ئۆباما له روانگه‌ی میشێله‌وه
باراك كه‌سێكی گوێگر، قسه‌خۆش، سه‌نگین و سه‌لار، خوێنه‌ر و جددییه، پێكه‌نینه‌كانی زۆر جوانه به تایبه‌تی ئه‌وكاته‌ی كه پێده‌كه‌نێت و به پشتدا ده‌كه‌وێ. هه‌موو كتێبه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی خوێندۆته‌وه، هاوكاتیش رۆمان زۆر ده‌خوێنێته‌وه. زۆربه‌ی پاره‌كانی بۆ كڕینی كتێب ته‌رخان ده‌كات. زۆر ئه‌هلی سه‌یران و گه‌شته. له كۆتایی هه‌فته‌دا چه‌ندین كیلۆمه‌تر به پێ راده‌كات. بیستبووم كاتی خۆی هاوڕێی كچی زۆر بووه، ئێستا نییه‌تی. ورزشكاره و زۆر هۆگری یاریی باسكەیه، له هه‌ڵبژاردنی جلوبه‌رگدا زۆر به سه‌لیقه و وردبینه. ده‌توانم بڵێم بیرمه‌نده، هه‌رگیز ئه‌ركه‌كانی خۆی فه‌رامۆش ناكات و زۆر پابه‌ندی كاره‌كانێتی. هه‌ركاتێك كه نانی خواردبا، یان كاتێك كه زۆر نیگه‌ران بوایه جگه‌ره‌ی ده‌كێشا، به راستی جگه‌ره‌كێشانیش هه‌ر له خۆی جوانه. كه بوو به هاوڕێم، زۆر باش بوو، به راستی دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تی ئێمه راستگۆیانه بوو، هه‌ردووكمان چێژمان له‌و هاوڕێیه‌تییه ده‌بینی. زۆر ئه‌هلی لۆژیك بوو، هه‌رگیز له سه‌ر هیچ شتێك مشتومڕمان نه‌بووه، كه سه‌ره‌تا ئه‌و‌م بینی هەرزوو چووه دڵمه‌وه، هه‌وڵم ده‌دا كه هه‌ر جارێك بینیم نه‌شڵه‌ژێم، سه‌باره‌ت به ئه‌و زۆر هه‌ستیار بووم. دوای ئه‌وه‌ی كه له ناوه‌ندێكی یاسایی یه‌كترمان بینی، رۆژێك به‌بێ ئه‌وه‌ی كه پێشتر قسه‌مان له‌سه‌ر كردبێت كتوپڕ وتی: ده‌بێت ئه‌مڕۆ پێكه‌وه بچینه ده‌ره‌وه، خۆم وا نیشاندا كه تووشی شۆك بووم، چی؟ من، له‌گه‌ڵ تۆ بچمه ده‌ره‌وه؟ به‌ڵێ، تۆ ده‌بێت له‌گه‌ڵ من بێیته ده‌ره‌وه، وتم جێژوانت له‌گه‌ڵ ناكه‌م، وتی: ئه‌وه بزانه كه تۆ راوێژكاری منی، وتیشی: زۆریش سه‌رنجڕاكێش و دڵڕفێنی. پێكه‌وه زۆرمان قسه ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك هاتبا بابه‌ته‌كه‌مان ده‌گۆڕی و خۆمان وا نیشان ده‌دات كه هیچ شتێك له ئارادا نییه. دواتر به ته‌واوه‌تی هۆگری باراك بووم، ئه‌و هۆگرییه‌وه وه‌ك ته‌قینه‌وه‌یه‌ك وا بوو له‌ناخی مندا، هه‌موو شت گۆڕا. باراك منی هۆگری خۆی كردبوو، پێشتر له‌گه‌ڵ زۆر كوڕ هاوڕێ و دۆست بووم، به‌ڵام هیچیان وه‌ك باراك نه‌بوون. پێی ده‌وتم تۆ جوانی و ئه‌م قسه‌یه‌ش هه‌ستێكی خۆشی به من ده‌به‌خشی. ته‌نها شتێك كه به‌لای ئه‌وه‌وه پیرۆزه، كتێبه ، هه‌رگیز باسی خانوو یان ئۆتۆمبێل یان شتی تری نه‌ده‌كرد، هیوایه‌تی كتێبه.
باراك بۆ هه‌ر پرسیارێك وه‌ڵامی خۆی هه‌یه و هه‌میشه ده‌ڵێت كتێبێك ده‌توانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
سیاسه‌ت باش نییه
سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت و جیهانی سیاسه‌ت، میشێل پێی وایه كه جیهانی سیاسه‌ت شوێنێكی باش نییه بۆ مرۆڤه باشه‌كان، سیاسه‌ت خۆی هه‌ر باش نییه، سه‌ره‌تا ر‌قی له سیاسه‌ت بووه و سیاسه‌تی به شتێكی ترسناک زانیوه، ئه‌ویش وه‌ك زۆربه‌ی ره‌شپێسته‌كانی ئه‌مریكا سه‌ره‌تا پێی وابووه كه خۆكاندیدكردنی باراك بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا سه‌ركه‌وتوو نابێت، به‌ڵام دواتر هه‌ستی به‌وه كردووه كه باراك كه‌سێكی زیره‌ك و خۆشه‌ویسته و ده‌بێت به سه‌رۆك، كه باراك بوو به سه‌رۆكی ئه‌مریكا زۆریان تۆمه‌ت بۆ ئه‌و و من هه‌ڵبه‌ست، به منیان ده‌وت ژنێكی تووڕه، ره‌شپێست و ناشیرین.
میشێل ئۆباما رۆژی 17 كانوونی دووه‌می ساڵی 1964 له شیكاگۆ له دایكبووه و ده‌رچووی به‌شی یاسایه و خاوه‌نی دوو كچه به ناوی مالیا و ساشا، چ له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی ئۆباما و چ دواتریش جگه له كاری پارێزه‌ری وه‌ك خێرخوازێك و چالاكێكی مافه‌كانی ژنان ده‌ركه‌وتووه و له رێكخراوه‌كانی منداڵانیش رۆڵی هه‌بووه. میشێل دكتۆرای له یاسادا وه‌رگرتووه و له ساڵی 2009 بۆ 2017 خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا بووه.
سه‌رچاوه/ كتاب میشل شدن