سەڵاحەدینی ئەیوبی، داهێنەری چەمکی پێکەوەژیان

10:15 - 2024-03-11
دووتوێ
116 جار خوێندراوەتەوە

 
فەرمان سادق

 
کتێبەکەی سوڵتان، کتێبێکی قەبارە گەورەیە و خۆی لە ٤٩٨ لاپەڕەدا دەبینێتەوە، لەگەڵ پاشکۆیەکدا دەبێتە ٥٢٨ لاپەڕە. لەم کتێبەدا باس لەو رووداوانە دەکرێت، کە هەر لەو دەمەی سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی، لەلایەن شێرکۆی مامییەوە دەستنیشاندەکرێت وەک سەرکردەیەکی گەنجی لێهاتوو، لە دیمەشقەوە بەرەو میسر دەکەونە رێ بۆ سەرکوتکردن و تەمێکردنی وەزیرەکەی خەلیفەی فاتیمی، ئەویش بەهۆی بەڵێن شکاندن و کلک گرێدان لەگەڵ فەڕەنگەکان لە ئۆرشەلیم، تا مردنی سوڵتان لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا.
ناوەڕۆکی کتێبەکە دابەشکراوە بەسەر ٤٢ پێشهات و رووداودا، لە نێوان رستەکانیشدا چەندان چیرۆکی سەیر و سەمەرە لەبارەی ژیانی سوڵتان و حەرەمسەرا و کاراکتەرەکان و رەوشی ئەو دەمی موسڵمانان لە سەردەمی خەلافەتی عەباسیدا باسکردووە. شادی یەکێکە لە کاراکتەرە هەرە گرنگەکانی ژیانی سوڵتان، لە پاڵ ئەویشدا قازی ئەلفازیل و عیمادەدین دێن.
بەشێکی زۆری رووداوەکانی ناو کتێبەکە، لەسەر زاری خودی سەڵاحەدینی ئەیوبی گێڕدراونەتەوە و نووسەرە جووەکەی، واتە ئیبن یاقوب، تۆماری کردوون. راستە کتێبەکە، رۆمانێکی مێژووییە، بەڵام پەردە لەسەر زۆر دیوی تاریکی ژیانی سەڵاحەدین، هەڵدەماڵێ.
نووسەری کتێبەکە، تاریق عەلی، خۆی بە دوور گرتووە لە ستایشی ئایینی و گێڕانەوەی بابەتەکە لەسەر یەک لایەن، بەڵکۆ هەستدەکەی خۆی لە ناوەڕاستی پرسەکە دۆزیوەتەوە و بەلای ئایین و دینداریدا نەچووە، هێندەی بەلای کاراکتەری سەڵاحەدینی ئەیوبی و ژیان لە حەرەمسەرا و کوچە و کۆڵانەکانی دیمەشق و قاهیرە و ئۆرشەلیم و بەرەکانی جەنگدا چووە.
ئەرکی نووسەری کتێبەکە
تەواوی ئەوەی تاریق عەلی، لێرەدا باسی دەکات، قسەی خۆی نییە، بەڵکۆ هی ئیبن یاقوبی نووسەری سەڵاحەدینی ئەیوبییە. رەنگە ئەرکی تاریق عەلی، زیاتر ریزبەدنکردنی رووداوەکان بووبێت لە رووی زەمەنەوە، هەروەها گوڵبژێرکردنیان بێت.
ئەگەر بە چاوی ئەمڕۆ بڕوانین، پێمانوایە زۆرینەی کریستیان و جووەکان، رقیان لە سەڵاحەدینی ئەیوبی بێت. هەروەها ئێمەی کوردیش، بە پێوەری ئەمڕۆ لە دۆخی ئەو دەمی ژیان و گوزەرانی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەڕوانین و رەخنەی ئەوەی لێدەگرین کە دەوڵەتێکی بۆ کورد دروست نەکردووە.
بەڵام کە کتێبەکە دەخوێنیتەوە، پێش هەموو کەس دەبێت جووەکان شانازی بە سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی بکەن کە ئەوانی لە هۆلۆکۆستی ئەوکاتی کریستیانەکان رزگار کرد، ئەمجار کورد. هاوکات لەوەش تێدەگەی کە عەرەب، چۆن دینی بەکارهێناوە بۆ تەعریبکردنی داروبەرد، چەندە رقیان لە کوردێک بۆتەوە کە دەسەڵات و هێزەکەی هێندە فراوان و بڵاو بووە، بە مەترسیان زانیوە بۆ سەر خەلافەتنشینی عەباسییەکان لە بەغدا، چەندەش دڵخۆش بوون بە شکستی سەڵاحەدین لە یەک دوو شەڕدا دژ بە فەڕەنگەکان.
وردتر سەرنج بدەین، تێدەگەین کە هێندەی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە خەمی نەهێشتنی دووبەرەکیدا بووە لەناو ریزی موسڵماناندا، هێندە نەپەرژاوەتە سەر بنیادنانی دەوڵەتێکی کوردی و پشتکردن لە دینەکەی. کاتێکیش لەوە تێدەگات دەرەقەتی ئەو یەکخستنە نایەت، سەردەستە و کاربەدەستە هەرە باڵاکانی لەشکرەکەی دەسپێرێت بە کورد و خزم و خێشی خۆی، ئەمەش هەم بۆ پاراستنی خۆی لە پاشقوڵگرتن لێی لەلایەن موسڵمانەکانەوە، هەمیش بۆ سەرخستنی ئایینی ئیسلام بووە.
خۆ ئەگەر لە تەمەنێکی کورتی ٥٥ ساڵەدا گیانی نەسپاردایە، کێ ناڵێت پاش گرتنی قودس، بیری لە دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتێکی کوردی نەدەکردەوە؟ بە تایبەتیش کە سوڵتانی گەورەترین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسییەکان بووە لە نیلەوە تا دیجلە.
یەکەم جەنگی سەڵاحەدین
کاتێک وەک سەرکردیەک لەلایەن شێرکۆی مامییەوە دەستنیشانکرا، بۆ گرتنی میسر، ئەوە یەکەم جەنگی بوو، ئەو کات میسر لە ژێر دەسەڵاتی خەلیفەی فاتیمیدا بوو، بەڵام خەلیفە فێری دەرمان و ماڵی لەشفرۆشان ببوو، بۆیە دەسەڵاتی راستەقینە لای وەزیر بوو، ئەویش لاواز بوو، وەک کارتۆن وابوو، هەر بۆیە کوتوپڕ دۆخی میسر دەشێوێ و وەزیر دەردەکرێت و کەسێک بەناوی زرغام دەبێتە وەزیر. وەزیری نوێ داوای رادەستکردنەوەی وەزیرە کۆنەکە لە سوڵتان نورەدین دەکات.
سوڵتان نورەدین، سوڵتانێکی لەخوداترس بوو، حاکمێکی هۆشمەند بوو، یەکەم سەرکردەی موسڵمانیشە پێی وابووە تا ریزی نێو موسڵمانان یەک نەخرێت و یەک خەلیفە حوکم نەکات، ناتوانن فەڕەنگ لە شام وەدەربنێنن و قودسیش رزگار بکەن. لەوانەیە بنەماڵەی سوڵتانیش، کاریگەر بووبن بە حوکمڕانی سوڵتان نورەدین!
بنەماڵەی سوڵتان سەڵاحەدینی، خۆی و باوکی و شێرکۆی مامی و ئەوانی تریش، ئەو کاتە لە دیمەشق ئاکنجی ببوون، فەرماندەی لەشکری سوڵتان نورەدین و راوێژکاری ئەو دەبن.
سوڵتان نورەدین بە شێرکۆی مامی سەڵاحەدین دەڵێ: ئەگەر میسر نەگرن، ئەوا گرتنی قودس و رزگارکردنی لە دەست فەڕەنگ سوودی نابێت، چونکە گرتنی میسر زۆر ئاسان ببوو بۆ فەڕەنگەکان و ترسی ئەوەی هەبوو وەزیر بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی ئامادە بوو هاوپەیمانی لەگەڵ فەڕەنگەکان ببەستێ، بۆیە شێرکۆ بە لەشکرێکەوە دەنێرێتە میسر.
سوڵتان، لەو کاتەوە کە لەگەڵ مامی دەچێت بۆ میسر، تا تەمەنی ٥٥ ساڵی، کە بەهۆی نەخۆشییەوە گیان لەدەستدەدات، هەر لە جەنگدا بووە و نەحەساوەتەوە تا بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکاتەوە.
سوڵتان و جوو
سوڵتان سەڵاحەدین، پاش ئەوەی لەگەڵ شێرکۆی مامی دەچێتە میسر، ئیدی لەوێ دەمێنێتەوە، شێرکۆی مامی گیان دەسپێرێت و ئەم جێگەی دەگرێتەوە، ناودارترین پزیشکی میسر، کە ئیبن مەیمون بوو، دەبێتە پزیشکی تایبەتی سوڵتان سەڵاحەدین. پاشان سوڵتان داوای لێدەکات کە پێویستی بە نووسەرێکە تا ژیانی بنووسێتەوە، ئەویش ئیبن یاقوب، کە جووە، بە سەڵاحەدین دەناسێنێت، ئیدی تەواوی چیرۆکی نێو کتێبی سوڵتان سەڵاحەدین، لەسەر زاری سوڵتان خۆی بووە، نووسەرەکەشی ئین یاقوبی جوو بووە.
سوڵتان سەڵاحەدین، دوای ئەوەی دەست بەسەر میسر و پاشانیش دیمەشق و حەلەبدا دەگرێت، ریزەکانی دەسەڵاتەکەی قایم دەکات و بیر لە ئۆرشەلیم دەکاتەوە.
زۆرجار هەروەک لە کتێبەکەدا هاتووە، بە ئین یاقوبی وتووە، «بەیەکەوە لە ئۆرشەلیم نوێژ و نزا دەکەین، ئۆرشەلیم یان قودس دەکەم بە شاری پێکەوە ژیانی ئایینەکان، هەم موسڵمانەکان، هەم جووەکان و هەمیش کریستیانەکان لەوێ عیبادەتی خودای خۆیان بکەن.»
وەک ئیبن یاقوب پێمان دەڵێ: 100 ساڵ پێشتر کاتێک فەڕەنگەکان دەستیان بەسەر قودسدا گرت، موسڵمان و جووەکانی ناو شارەکەیان کوشت و سووتاندیانن و جۆگەی شارەکە بە خوێنی ئەوان سوور ببوو، بەڵام سەڵاحەدین کە قودسی رزگار کرد نەک هەر تۆڵەی نەکردەوە، بەڵکو رێگەی بە کریستیانەکانیش دا، سروتی ئایینی خۆیان ئازادانە ئەنجام بدەن هاوشانی جووەکان.

 

 

سوڵتان سەڵاحەدین، ئازایەتییەکەی لە شێرکۆی مامی دەچوو، داناییەکەشی لە ئەیوبی باوکی دەچوو، بەڵام هەمیشە داناییەکەی پێش ئازایەتی و شمشێرەکەی خستووە، هەمیشە پێش هەر جەنگێک نامەی دانوستان و خۆ بە دەستەوەدانی ئاشتیانەی ناردووە و هیچ کاتێکیش حەزی بەوە نەکردووە خوێن بڕێژێت.

 

 

جوامێریی و دانایی
سەڵاحەدین، قودسی بە شاری ئایینەکان دەزانی و بە کردەوەش ئەوەی ئەنجامدا کە پەیڕەوانی هەر سێ ئایینەکە، سروت و عیبادەتی خۆیان ئازادانە ئەنجام بدەن، ئەگەر سوڵتان دژی جووەکان بوایە پزیشک و نووسەرە تایبەتەکەی خۆی جوو نەدەبوون.
ئیبن یاقوب پێماندەڵێ: سوڵتان سەڵاحەدین، ئازایەتییەکەی لە شێرکۆی مامی دەچوو، داناییەکەشی لە ئەیوبی باوکی دەچوو، بەڵام هەمیشە داناییەکەی پێش ئازایەتی و شمشێرەکەی خستووە، هەمیشە پێش هەر جەنگێک نامەی دانوستان و خۆ بە دەستەوەدانی ئاشتیانەی ناردووە و هیچ کاتێکیش حەزی بەوە نەکردووە خوێن بڕێژێت.
دوای رزگارکردنی قودس و یەکخستنی میسر هەتا دیمەشق و موسڵ و حەلەب، سوڵتان سەڵاحەدین نیازی ئەوەی هەبوو حەج بکات، بەڵام راوێژکارەکانی رێگەی نادەن و پێیدەڵێن: خەلیفەی بەغدا ترسی لێنیشتووە، لەوەی بەسەریاندا بدەی و خەلیفە لەسەر کار لابەریت، خەلیفە ناهەقی نەبوو بترسێ، چونکە تێکڕای خەڵک سوڵتانیان خۆشدەویست لەبەرئەوەی قودسی رزگار کردبوو، هەر لەبەرئەوەش حەجی نەکرد.
سوڵتانێکی خاکەڕا
ئەوەی ئیبن یاقوب لە بارەی سوڵتانەوە دەێڵێت، هەر بە راستی سەرکردیەکی زۆر خاکەڕا بووە. لە شێوازی ژیانی ناو کۆشک بگرە، تا دەگات بە چادرگەی بەرەکانی جەنگ، لە خواردنی سادەوە بگرە، تا جلوبەرگی. ئەو سادەییەی وایکردبوو زۆرێک لە راوێژکاران و شازادەکان، حەز بە داوەتی سەڵاحەدین و سەر سفرەکەی نەکەن، ئاخر هیچ کات سفرەکەی رازاوە نەبووە.
لە کتێبەکەدا، سوڵتان وەک کوردێکی یەکێک لە گوندەکانی ئەرمینیا ناسێنراوە، داپیرەی قاپێکی دروستکراو لە قوڕی سووری هەبووە تەنیا لە بۆنەکاندا بەردەستی دەخست و پێی وتبوون کە ئەمە قووڕی سووری گوندێکی چیاکانی ئەرمینیایە.
دەکرێ ئەوان لە بنەڕەتدا هی ئەوێ بووبن، بەڵام لە شوێنێکی تری کتێبەکەدا و لە باسی گوندی (دیوین)دا سەڵاحەدین دەڵێ: لەو گوندە بارمان کرد بۆ تکریت.
من دەڵێم، رەنگە ئەوان لە ئەرمینیاوە هاتبن و لەو (دیوین)ەی ناوچەی زرارەتی ئاکنجی بووبن، ئاخر خۆ ناچێتە عەقڵەوە لە دیوینی ئەرمینیاوە کۆچ بکەیت بۆ تکریت! زۆر لە یەکەوە دوورن و بۆ ئەو سەردەمە کاری نەکردە بووە بە یەکجار گەشتێکی وەها دوور بکەیت.
سوڵتان و حەرەمسەرا
وادیارە حەرەمسەرا لە مێژووی هەموو ئیمپراتۆریەتێکدا پێگەیەکی گەورەی داگیرکردووە، لە سەردەمی سوڵتانە کوردەکەشدا حەرەمسەرا جێگەی کەیف و سەفای ژنانی شۆخ و خەسێنراوەکان و چیرۆکەکانیان بووە.
لە کتێبەکەدا حەلیمە ناوێک حەرەمسەرای سەڵاحەدین دەهەژێنێت، هەڵبەت لەبەر ئەوەی کە زینای کردووە، بەڵام لەبەر جوانییە لە رادەبەدەرەکەی قازی سزای نادات و پرسەکە دەباتە بەردەم سوڵتان، ئەویش هەر لەبەر جوانییەکەی لێی خۆش دەبێت و پاشانیش دەیکاتە ژنی خۆی و کوڕێکیشی لێی دەبێت.
ئیبن یاقوب دەڵێت: لەو سەردەمەشدا مەلاکان هەمیشە خەڵکیان بە سزای دۆزەخ ترساندووە خەڵکیان هانداوە لە خودا بترسن، بەڵام شازادەکان و خەلیفەکان و سوڵتانەکانیش، بەشی خۆیان کەیف و سەفایان کردووە. ئەوەتا ئەو دەمیش لە دیمەشق، لە سەردەمی سوڵتان نورەدین و پێش ئەویش، یانەی شەوانە و مەشروب و ماڵی لەشفرۆشی هەبووە، بە تایبەتی لە گەڕەکە کریستیان نشینەکان. هەروەک چۆن لە قاهیرە و میسریش هەبووە، تەنانەت لە بەغدای پایتەختی خەلافەتی عەباسیش هەبووە.
لەبارەی وەرگێڕەوە
بەو پێیەی زۆر تامەزرۆی کتێبی هەواڵگری و یادەوەریم، هەر لە وەرگێڕانی نهێنییەکانی مۆساد لەلایەن مامۆستا شەفیقی حاجی خدرەوە، ئاشنای کارە وەگێڕدراوەکانی بووم.
شەفیق حاجی خدر، یەکێکە لە وەرگێڕە دڵخوازەکانم، ئەویش لەبەر دوو هۆکار:
یەکەمیان: خاکەڕایی ئەم وەرگێڕەیە، کە هیچ کتێبێکی بێ پێداچوونەوە لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕ، هەروەها نووسینی پاشکۆ ئەگەر پێویستی کردبێت، نەخستۆتە بازاڕەوە.
دووەمیان: بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و راڤە کردنیان، هەروەها گرتنەبەری ستایلی گێڕانەوە و خۆبەدوور گرتن لە ستایلی وشک، ئەمانەش خوێنەر بە وشە بەکارهاتووەکانی بنزارەکانی دەڤەری باڵەکایەتی ئاشنا دەکات، هەروەها ستایلەکەشی خوێنەر پەلکێش دەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان