کتێبەکەی سەڵاحەدین و ئاشنابوون بە مێژوو

10:17 - 2024-03-11
دووتوێ
114 جار خوێندراوەتەوە
وێنەیەكی گریمانەكراوی سەڵاحەدینی ئەیوبی

د. گەیلان عومەر عەبدولڵا

تا زیاتر لاپەرەکانی مێژوو هەڵدەیتەوە، زیاتر بە رووداوەکان ئاشنا دەبیت و کارەکتەرە گەورەکان دەناسیت. وەرگێڕانی ئەمجارەی شەفیقی حاجی خدر بە ناوی (سەڵاحەدینی ئەیوبی) کەسێکمان بیردەخاتەوە کە مێژوو سەرەڕای زۆریی رووداوەکانی نەیتوانیوە نە لە بیری بکات و نە لە گەورەیی کەم بکاتەوە .
یەکێک لەو پێوەرانەی کە گەورەیی مرۆڤەکان دیاری دەکات ئاست و شێوەی بیرکردنەوەیانە، هەرچەندە ئاست و شێوەی بیرکردنەوەکە زیاتر و زیاتر مەبەست لێی سوودی گشتی و خزمەتگەیاندن بە کۆمەڵگە بێت، دەبێتە بەڵگە بۆ گەورەیی زیاتری مرۆڤەکە.
تۆ کەسێکی گەورەیت کاتێک خزمەتی نەتەوەکەت دەکەیت، تۆ گەورەتر دەبی کاتێک خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەیت. تۆ باوەڕداری کاتێک پەیڕەوی ئاینەکەت دەکەی، تۆ دەبی بە خواناس کاتێک پەیڕەوی لەو بنەمایانە دەکەی کە تەواوی ئاینە ئاسمانییەکانی لەسەر رۆ نراوە.
بە تام و بۆی رۆمان
شێوازی بیرکردنەوەی سەڵاحەدین وایکرد جگە لە کورد گەلانی دیکەش بە رابەرایەتیکردن و مانەوە لە ژێر سێبەری ئەودا رازیبن .
خواناسییەکەی وایکرد ئەو تیرە و تاقمە مەسیحیانەی لە ناو ئاینەکەی‌ خۆیاندا بە کەم سەیردەکران سەلاحەدین بە فریادڕەس بزانن، ئەو شکۆی بۆ جووەکان گەڕاندەوە کە چۆن لە ژێردەستی مسیحیەتی رزگارکردن و توانیان دوای رزگارکردنەوەی قودس ئازادانە راز و نیاز لەگەل خوای خۆیاندا بکەن. باوەڕداری خواناس هەمیشە سوودی گەورەی دەبێت بۆ مرۆڤایەتی بە پێچەوانەی باوەڕداری خوانەناس کە زۆربەی‌ کات مایەی ئێش و ژانن بۆ کۆمەڵگە.
کتێبی وەرگێڕدراوی (سەڵاحەدینی ئەیوبی) ئەگەرچی بە تام و بۆنی رۆمان خۆشکراوە، بەڵام کرۆک و جەوهەری حکومڕانی سەرکەوتوانەی زۆر بە روون و ئاشکرا تێدا دیارە.
بازنەی کۆکەرەوەی وردەهێزەکان
ئاخر کەم ئەستەم نییە تۆی چیایی و بێگانە بە وڵاتی عەرەب لە لایەک لە ناو دڵی نەتەوەی پارچەپارچەبووی موسڵمانانی پڕ کێشە و شەڕ و ئاشوبدا و لەلایەک چاوتێبڕینی جیهانی فەڕەنگ لەو ناوچەیە و لەشکرکێشی بەردەوامیان، بتوانیت ببیتە بازنەی کۆکەرەوەی دەیان وردە هێز و تاقمی بچووک و تواندنەوەیان لە بۆتەی هزری خۆتدا.
ئەگەر بێ و ئەو خاڵە بەراورد بکەین بە سەرکردە سیاسییەکانی مێژووی نوێی دۆزی کورد، کە لە خاکی کوردستاندا و لە ناو گەلی‌ خۆیان نەک تەنها نەیانتوانیوە زۆربەی زۆری تاکی کورد لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە بەڵکو زۆربەشیان هۆکارن بۆ زیاتر پەرت و بڵاوکردنی تاکی کورد و نیشتیمانەکەی، ئەم بەراوردە بچووکە بەڵام لەناوەڕۆکدا گەورەیە زیاتر توانا و لێهاتوویی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەردەخات .
رووە ناشیرنەکانی شارستانیەت
مێژوو شتێک نییە سەرتاپای راست بێ، بەڵام تا ئێستاش تاکە سەرچاوەیە بۆ ناساندنی رابردوو بە ئێمە. ئەگەر رابردوو لامان گرنگ بێت، بە هۆی لێکۆڵینەوەی زانستییەوە دەتوانین کۆمەڵێکی زۆر لە راستیی مێژووی لە ناو خەرمانی رووداوەکانی رابردوودا دەربهێنین و هەڵسەنگاندن بۆ لایەنە باش و خراپەکانی بکەین بە مەبەستی سوود و ئەزموون وەرگرتن.
رۆنانی ئیمپڕاتۆریەتی سەلاحەدینی ئەیوبی با جوان و سەرکەوتووش درابێتە قەڵەم و هێنرابێتە سەر زمان بەڵام وەک دروستبوونی تەواوی دەسەڵاتەکانی ئێستا و رابردووش بێ کەموکووڕیی و هەڵە و نادادپەروەری تێنەپەڕیوە .
یەکێک لە رووە ناشیرینەکانی شارستانیەت ئەوەیە هەر شارستانیەتێکی نوێ کە هاتووە شەڕی سڕینەوەی شارستانیەتی پێش خۆی کردووە، یان جوانییەکانی لێ دزیوە.
هەڵەیەکی باوی ناو خوێندەواران هەیە کە لە هزر و بیری زۆربەی زۆریاندا ریشەی داکوتاوە ئەویش ئەوەیە، کاتێک گوفتار یان رەفتارێکی توند و تیژ دەبینن یەکسەر دەڵێن ئەمە گوفتار و رەفتارێکی شارستانی نییە، بێئاگا لەوەی هەرچی شارستانیەتی مێژوویی هەیە بە توند و تیژی و خوێنڕشتن لە دایک بووە و شوێنی خۆی کردۆتەوە .
پێکدادانێکی قووڵی هزری
کەواتە خوێنڕشتن و گوفتار و رەفتاری توند و تیژ کەرستە و بنەمای سەرەکی دروستبوونی شارستانیەتەکانن، کە شارستانیەتیش بنەمای دروستبوونی تێکەڵ بێت بە توند و تیژی و خوێنڕشتن، بێگومان ستەم و نادادپەروەریشی تێدا دەبێت.
کێشەی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە پێکدادانێکی قووڵی هزری لە فکری خوێندەواردا دروست دەکات ئەویش کاتێک کە دەبیستێت فڵانە شارستانیەت و دەسەڵات لە پێناو یەکسانی و دادپەروەریدا دروستبووە.
لە ناساندنی ئەم پەرتوکەدا لە زانکۆی جیهان، کۆمەڵێک قسە و بابەت لە ئاخاوتنەکەی شەفیق حاجی خدردا بۆ من گرنگ بوون، یەک لەوانە کە وتی: «زیاتر لە سەد پەرتوک لە لایەن قەشە و نووسەرە ناودارەکانی وڵاتانی ئەوروپا، یان نەیارانی لە بارەی سەڵاحەدینەوە نووسراون.» لەگەل باسکردنی شەڕ و دوژمنایەتیان لەگەڵ سەڵاحەدین ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە ئەو پیاوە خاوەن کۆمەڵێک هەڵسوکەوتی نموونەیی جوان بووە.
ئەم بەرهەمە بێماندوبوون نەگەیشتۆتە دەستی ئێمە
ئەگەر ئێمەش درەنگ بەخۆکەوتبین لە نووسینەوە و ئەرشیفکردنی بەشێک لە مێژوو، ئەوە مایەی خۆشبەختی ئێمەیە، کە کەسانێک لە نەتەوە جیاوازەکان ویژدانزیندوانە بەشێکی زۆر و‌ گرنگی ئەو کارەیان بۆ ئێمە جێبەجێکردووە، لەمەودواش تەنها بەدواداچوونی ئێمەی دەوێت بۆ خستنەبەردەستی خوێنەری کورد زمان .
بە پێویستی دەزانم خوێنەری کورد ئەو بابەتە و هاوشێوەکانی بخوێنێتەوە کە هەم بۆ وەرگرتنی زانیاری سوودی دەبێت، هەمیش لە فرت و فێڵی نەیاران و ناحەزانی گەلی کورد شارەزا دەبێت کە چۆن و بۆ چ مەبەستێک سیناریۆی رووداوگەلێک بۆ کورد دادەتاشن .
ئەم بەرهەمەش وەک تەواوی بەرهەمەکانی تری وەرگێر بێماندوبوون نەگەیشتۆتە دەستی ئێمە، دەبێ زۆر دەستخۆشی لە شەفیق حاجی خدر بکەین بۆ هەڵبژاردن و وەرگێڕانی ئەم کارە ناوازەیە، چونکە ئەو جگە لەوەی ئێمەی بە مێژویێکی گرنگ ئاشناکردووە، دەکرێت شانازیشی پێوە بکەین .
هەروەها زۆر پێویستە هەوڵ و ماندوبوونی هاوکارانی وەرگێر بەرز بنرخێنین، بە تایبەتی مامۆستا لوقمان و دکتۆر حیدر کە هەمیشە یارمەتیدەری گەورەن بۆ سەرکەوتنی کارەکانی شەفیق حاجی خدر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان