لە یادی 33 ساڵەی شەهیدبوونی حەمەڕەشی پارتیزاندا

11:18 - 2024-03-11
کەلتور
427 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی

ئەمڕۆ یادی شەهیدبوونی كەڵەپیاوێكی ناودار و پایەداری خەباتی كوردایەتی و پێشمەرگە و فەرماندەیەكی ئازای شۆڕشی نوێیە، یادی شەهیدبوونی مامۆستای پارتیزانی (حەمەڕەش)ەكەی گەرمیانە.

شەهیدی نەمر محەمەد شێخ كەریم ناسراو بە حەمەڕەش، پێشمەرگەی ئازا و دڵسۆزی كورد و كوردستان و شۆڕشی نوێ، یەكێكە لە فەرماندە هەرە دیارەكانی دەیەی هەشتاكانی كوردستان و قۆناغی خەباتی پارتیزانی.
ساڵی 1957 لە گوندی هۆمەرئامانی ناوچەی قەرەداغ لەدایكبووە، دەرچووی قۆناغی ناوەندییە، لە تەمەنی لاوێتییەوە پەیوەست بووە بە بابەتە سیاسی و نیشتمانییەكانەوە، هەر بەزووییش بۆتە دەروێشی رێگەی خەبات و تەریقەتی كوردایەتی، بۆیە كاتێك تەمەنی دەبێتە 17 ساڵ و لە ساڵی 1974دا دەبێتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و تا نسكۆی 1975 بەردەوام بووە.
ئەگەرچی كارەساتی بڵاوەپێكردنی شۆڕش؛ بووە سەنگێكی قورس لەسەر دڵ و هەستی حەمەڕەش، بەڵام ملكەچی خەم و دەرهاویشتەكانی ئەو رووداوە نەبوو، رۆح و هەستی كوردانەی هەر لە تین و تاودا بوو، بۆیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرا و شۆڕشی نوێ هەڵگیرسا و مەفرەزەكانی پێشمەرگە لێرەو لەوێ دەكەوتنە بەرچاو، حەمەڕەش وێڵ بوو بەدوای پێشمەرگە و رێكخستندا و سەرئەنجام لە ساڵی 1977دا پەیوەندی كرد بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی  پاشتر بوو بە پێشمەرگە لە هەرێمی یەكی ئەوسای شۆڕشی نوێ.
هەر بەزوویی و بەهۆی لێهاتوویی لەبەرەكانی جەنگدا، بووە ناوێكی درەوشاوە، ئەگەرچیش ئەوانەی كە بە رووخسار نەیانبینیبوو، بەڵام هەر كە ناوی (حەمەڕەشەكەی گەرمیان) دەهێنرا، دەیانزانی ئەوە كێیە و چ پێشمەرگەیەكی ئازا و چ كەسێكی دڵسۆزە بە نەتەوەكەی.
لە كورەی جۆشدراوی شۆڕشی نوێدا بوو بە پشكۆیەكی ئاگرین و بڵێسەی تفەنگەكەی دەستی هەناوی نیوەشەوی رووناك دەكردەوە، ساڵی 1980 پلەی فەرماندەی مەفرەزەی پێسپێردرا و ساڵی 1981 كرا بە جێگری فەرماندەی كەرتی بازیان و لە ساڵی 1982دا كرا بە جێگری فەرماندەی كەرتی سێی هەمەوەند و ساڵی دواتریش بووە فەرماندەی هەمان كەرت، ساڵی 1985 كرایە جێگری فەرماندەی تیپی 53ی شێروانە، بەگشتیش لە چەند قۆناغێكی جیاجیادا فەرماندەیی تیپەكانی 55ی قەرەداغ و 53ی شێروانە و 51ی گەرمیانی كردووە.
شەهید حەمەڕەش لەژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی چەندین داستان و نەبەردیی كردووە و لەچەند نەبەردییەكیشدا رۆڵی كاریگەری بینیوە، وەك: گرتنی ناحیەی سەنگاو، گرتنی بێتواتە، دۆڵەڕەقە، داستانی رزگاری، نەبەردییەكانی شارباژێڕ، داستانی قەیوان-ماوەت، نەبەردیی زینانە، هەروەها لە شۆڕشی نوێدا گرتنی یەكەم رەبایەی دوژمن، بە فەرماندەیی شەهید حەمەڕەش و لەلایەن مەفرەزەكەی ئەوەوە بوو لە ساڵی 1982دا.
لەكاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال لە ساڵی 1988دا، شەهید حەمەڕەش بە سەدان پێشمەرگە و هاووڵاتی رزگار دەكات و نەیهێشتووە بكەونەبەر شاڵاوەكانی ئەنفال.
دوای سووتماككردنی كوردستان و سەرگرتنی پیلانی ئەنفال، شەهید حەمەڕەش لەسەر داوای خۆی لە ناوچەكانی گەرمیاندا مایەوە و ئەركی فەرماندەیی رەتڵی پارتیزانەكانی گەرمیانی گرتۆتەئەستۆ.
لە داڕشتنی بەرنامەی راپەڕینی 1991دا وەك ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشداربووە و هەر خۆیشی فەرماندەی ئازادكردنی شاری خورماتووی تەعریبكراوی كردووە.
بەداخەوە رۆژی 11/3/1991 لەكاتی هێرشی سوپای بەعس بۆ داگیركردنەوەی كوردستان، لەكاتی بەرگریی و لەسەر رێگەی دوز، شەهیدكرا.

 

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان