چۆن لە رەمەزاندا بەفیڕۆدانی خۆراک کەمبکرێتەوە؟

09:45 - 2024-03-13
ڕاپۆرت
242 جار خوێندراوەتەوە
رێژەی بەهەدەردانی خۆراک لە مانگی رەمەزاندا زیاد دەکات

ئا/ مەعروف مەجید*


مانگی رەمەزان مانگی عیبادەت و نزیکبوونەوەیە لە خودا و دوورکەوتنەوەیە لە چێژ و مانگی پاشەکەوتکردنی خواردنە، بەڵام لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی بۆتە مانگی زیادەڕۆیی لە بەفیڕۆدانی خۆراک.
هەرچەندە ئایینی ئیسلامی داوا لە موسڵمانان دەکات کە بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا مەسرەفی زیادە نەکەن، بەڵام داب و نەریتە بۆماوەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا دژبەرییەکی تەواویان لەگەڵ ئەو بەها ئایینیانەدا هەیە، ئەم دژبەرییە بە روونی لە شێوەی ئەو بڕە زۆرەی خۆراکدا دەردەکەوێت کە لەم مانگەدا بەفیڕۆ دەدرێت.

کەمکردنەوەی گوشار لەسەر سامانە سروشتییەکان
هەرچەندە دۆخی ئابووری لە زۆرێک لەو وڵاتانەدا سەختتر دەبێت، بەڵام بەشێکی زۆر خووی زێدە کڕینیان لەو مانگە پیرۆزەدا هەیە و دەستبەرداری نابن و بگرە بەفیڕۆدانی خۆراکیش زیاتر دەبێت.
راپۆرتێکی ئەم دواییەی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) ئەوەی ئاشکراکردووە کە «کەمکردنەوەی لەدەستدانی خۆراک و بەفیڕۆدانی خۆراک بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ باشترکردنی بەردەستبوونی خۆراک و دەستڕاگەیشتن بە ئاسایشی خۆراک و کەمکردنەوەی گوشار لەسەر سامانە سروشتییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا».

راپۆرتەکان مەترسیدارن سەبارەت بە رێژەی بەفیڕۆدان
راپۆرتەکە ئەوەی پشتڕاستکردۆتەوە کە ئەو ناوچانە پشت بە هاوردەکردن دەبەستن بۆ دابینکردنی زیاتر لە 50 %ی پێداویستییە خۆراکییەکانییان»، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا  « 1\3 ی ئەو خۆراکانەی کە بەرهەمی دەهێنن و هاوردەی دەکەن، لەدەستی دەدەن، لەنێویاندا 14 بۆ 19 %ی دانەوێڵە و26 %ی هەموو ماسی و خواردنە دەریاییەکان، 13 % گۆشت و   45 %ی هەموو سەوزە و میوە.
ئینگەر ئەندەرسۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری UNEP دەڵێت: «هەریەکێکمان ساڵانە بە تێکڕا 74 کیلۆ خۆراک بەفیڕۆ دەدەین، لەو وڵاتانەی کە داهاتیان مامناوەندە، هەروەها لە وڵاتانی داهات بەرزدا».
ئەندەرسۆن دەشڵێت: «کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک بۆ نیوە و کەمکردنەوەی لەدەستدانی خۆراک بەشێکی گرنگی هەوڵەکانە بۆ روبەڕوبوونەوەی کەشوهەوا و قەیرانەکانی خۆراک».
راپۆرتی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 2021دا دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات کە «لە نێوان 25 بۆ  50 %ی ئەو خۆراکانەی لەسەر مێزی رەمەزان ئامادە دەکرێن لەوڵاتانی عەرەبیدا، بەفیڕۆدەچن و بەکارناهێنرێن».

بۆ بەفیڕۆدانەدانی خۆراک لە رەمەزاندا
بەفیڕۆدانی خۆراک و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا، یەکێکە لە هەڕەشەکانی مانگی رەمەزان لە سعودیە، لەکاتێکدا شانشینی سعودیە هەڵمەتێکی هۆشیاریی بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان دەستپێکردووە، کە ساڵانە بڕی 40 ملیار ریاڵ بووە.
بەرنامەی سعودیە دەستپێشخەریی «بۆ دواجار»ی دەستپێکرد بۆ کەمکردنەوەی زیان و بەفیڕۆدان و تیشکخستنەسەر بەها و گرنگیی بەفیڕۆنەدانی خۆراک، بەتایبەتی لە ماوەی مانگی رەمەزاندا».
لە ئیماراتیش، لەگەڵ دەستپێکردنی رەمەزاندا، مانگی سووری ئیمارات پەرە بە جێبەجێکردنی «پڕۆژەی پاراستنی نیعمەتەکان» دەدات، کە لە ساڵی 2004-ەوە دەستیپێکردووە، بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی بەفیڕۆدانی خۆراک، پڕۆژەکە ئەو خواردنانە وەردەگرێت و دواتر دەیبەخشێت بە خێزانە کەمدەرامەتەکان، لە رێگەی پڕۆژەی «پاراستنی نیعمەت»ەوە، دەسەڵات کۆمەڵێک رێکار بەکاردەهێنێت بۆ سوودمەندبوون لە بڕی خۆراکی بەفیڕۆچوو، لەسەر بنەمای میکانیزمی ریسایکلکردنی خۆراکی زیادە بۆئەوەی بچێتە ناو ئەو خێزانانەی کە پێویستیان پێیەتی، هەروەها سوودمەندبوون لە خۆراکی بەکارهێنراو بۆ بەرهەمهێنانی پەین بۆ رووەک و خۆراک بۆ ئاژەڵان.

تونس و میسریش بەدەرنین لەو هاوکێشەیە
لە تونسیش رێکخراوە خێرخوازییەکان لە مانگی رەمەزاندا چالاکن لە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەی خەڵکدا لە بەفیڕۆنەدانی خۆراک، بەوپێیەی داتا رەسمییەکانی پەیمانگای بەکارهێنانی حکومەتی تونس ئاشکرایکردووە، بەفیڕۆدانی خۆراکی هاووڵاتیانی تونس لە مانگی رەمەزاندا بە رێژەی 66.6 % زیاتر لە مانگی رەمەزان زیاد دەکات.
لە میسریش، بەپێی توێژینەوەیەک کە رێکخراوی (FAO)  بڵاویکردۆتەوە، ساڵانە نزیکەی 50 % ی سەوزە و میوە، 40 % ی ماسی و 30 % شیر و گەنم لەو وڵاتەدا بەفیڕۆدەدرێت.
رێکخراوەکە ئاماژەشی بەوە داوە کە رێژەی بەفیڕۆدانی خۆراک لە بۆنە تایبەتەکان و جەژنەکاندا بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت، کە لانیکەم 60 % ی خۆراک فڕێدەدرێت.
هەر ئەو رێکخراوە، بە هاوکاریی بانکی خۆراکی میسر، هەڵمەتێکی بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا دەستپێکردووە.
میدیاکانی میسر لە زاری موحسین سەرحان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی خۆراکی میسرەوە، بڵاویانکردۆتەوە کە «بەهەدەردانی خۆراک یەکێکە لەو هۆکارانەی کە قەیرانی کەشوهەوا گەورەتر دەکات، بەتایبەتی سووتاندنی پاشماوەی خۆراک لەناو زبڵدانەکاندا.

بەفیڕۆدانی خۆراک لە عیراق
لە مانگی 11 ی 2021، رێکخراوی (W.F.P) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، ئەمەش تووڕەیییەکی بەرفراوانی عیراقییەکانی لێکەوتەوە، کاتێک عیراقی لە حەوت وڵاتی هەژارترین وڵاتی جیهاندا دانابوو، کە زۆربەیان وڵاتانی ئەفریقایین. راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە لەو کاتەدا 2\3 ی عیراقییەکان بە برسێتی دەخەون، زۆر کەس سەریان سوڕما لەم جۆرە داتایانە، کە لەسەر بنەمای داتا یان راپۆرتێک نین کە بتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت لەکاتی خوێندنەوەی واقیعی خۆراکی و رەفتاری کۆمەڵایەتیی تاکی عیراقیدا لە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆراکدا بەتایبەتی.
بەراوردی نێوان ئەو راپۆرتە و راپۆرتێکی ئەمریکی مایەی سەرسوڕمانە کە تیایدا ئاشکرای کردووە عیراق لە پلەی یەکەمی جیهانی عەرەبی و حەوتەمی جیهاندایە لەنێوان (196) وڵاتدا کە زۆرترین بڕی خۆراک بەفیڕۆدەدەن، بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2017دا بڵاوکراوەتەوە. 
هەندێک داتا، ئاماژە بەوە دەکەن کە تاکی عیراق لەساڵێکدا نزیکەی (120) کیلۆگرام خۆراک بەفیڕۆ دەدات، بە شێوەیەکی سادەتر، کۆی ئەو بڕە خۆراکەی کە عیراقییەکان لە ماوەی ساڵێکدا بەفیڕۆی دەدەن، دەگاتە زیاتر لە پێنج ملیۆن و200  هەزار تۆن و ئەم بڕەش بەسە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی زیاتر لە یەک ملیۆن و (750) هەزار کەس.
دۆخی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی جیاوازیی نییە، لەگەڵ بەفیڕۆدانی خۆراک لە و وڵاتانەی ئاماژەیان پێکراوە.

هەنگاوی سادە بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان
هەندێک لە پسپۆڕانی خۆراک ئامۆژگاریی هەنگاوی سادە دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک لە مانگی رەمەزاندا، وەک ئامادەکردنی لیستی کڕین پێش ئەوەی بچیت بۆ بازاڕ، هەروەها دوورکەوتنەوە لە چوونە بازاڕ لەکاتی هەستکردندا بە برسێتی، چونکە ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی کڕینی رەمەکی کەرەستەی خۆراکی زیاد لە پێویست.
هەروەها دوور کەوتنەوە لە کڕینی مانگانە یان چەند رۆژ جارێکی پێداویستیییەکان و هەروەها کڕینی بەرهەمی نوێ، وەک گۆشت، بۆئەوەی لە ئێوارانی هەمان رۆژ، یان رۆژی دواتردا بخورێت، چونکە هیچ سوودێکی نییە کە بەرهەمێک بکڕیت وادەی بەسەرچوونی ماوەیەکی زۆری نەمابێت.
لەکاتی سازدانی ئاهەنگێکدا هەوڵبدە پێشوەختە لەگەڵ رێکخراوێکی خێرخوازیدا هەماهەنگی بکەیت بۆئەوەی خۆراکی زیادەی پێ ببەخشیت.
گۆڕینی خووی خواردنی مرۆڤەکان کارێکی ئاسان نییە، چونکە پێویستی بە کات و هەوڵ و هەڵمەتی هۆشیاریی جۆراوجۆرە بۆ راستکردنەوەی هەندێک تێڕوانین و خووی هەڵە کە ساڵانێکە گواستراوەتەوە.

*سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان