رۆڵی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی له‌ ئازادكردنی پارێزگای دهۆكدا

12:13 - 2024-03-14
ڕاپۆرت
394 جار خوێندراوەتەوە
پارتیزان و رێکخستنەکانی یەکێتی لە بادینان لە رۆژانی راپەڕینی ئازاری 1991دا

ئه‌یاز هه‌ركی

له‌شكركێشی سوپای عیراق بۆ سه‌ر كوێت له‌ 2ی ئابی 1990 دا، گۆڕانكاری گه‌وره‌ی له‌ عیراق و كوردستان و خۆڕهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌ گشتی به‌دوای خۆیدا هێنا، ئه‌مه‌ بووه‌ ده‌رفه‌تێكی گۆنجاو بۆئه‌وه‌ی راپه‌ڕین له‌ 5ی ئازاری ساڵی 1991 له‌ قه‌زای رانیه‌ ده‌ست پێبكات، و بڵێسه‌ی راپه‌ڕین به‌خێرایی هه‌موو باشووری كوردستانبگرێتەوە، ئه‌وه‌ش زه‌مینه‌یه‌كی باشی بۆ رزگاركردنی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان خۆشكرد، به‌تایبه‌تی ئازادكردنی ده‌ڤه‌ری بادینان  بەگشتی و پارێزگای دهۆك بەتایبەتی له‌ كه‌متر له‌ 10رۆژدا. 

رۆڵی كاریگه‌ری یه‌كێتی له‌ راپه‌ڕیندا
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان شانبه‌شانی حزبه‌كانی ناو به‌ره‌ی كوردستانی رۆڵی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ری له‌ رزگاركردنی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی كوردستاندا هه‌بوو، ئه‌وه‌بوو له‌ رۆژانی 12و 13ی مانگ له‌ ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش و ناحیه‌ی ده‌ركار عه‌جه‌م و زاخۆ و ئامێدی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری دهۆك راپه‌ڕین ده‌ستیپێكرد و ئه‌و ناوچانه‌ ئازادكران.
نامه‌ و راسپارده‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ چین و توێژه‌كانی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری بادینان، به‌تایبه‌تی بۆ كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌و سنووره‌، هۆكاری سه‌ره‌كیی راپه‌رینی بادینان بوو، بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنە نهێنییەکانی یه‌كێتی، رۆڵی سه‌ره‌كییان له‌ راپه‌ڕینی شار و شارۆچكه‌ و گونده‌كانی ئەم ده‌ڤه‌رەشدا به‌گشتی و ئازادكردنی پارێزگای دهۆكدا به‌تایبه‌تی هه‌بوو، هه‌روه‌ها چه‌ند مانگێك پێش راپه‌ڕینی ده‌ڤه‌ری بادینان و ئازادكردنی پارێزگای دهۆك، چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كی یه‌كێتی به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌لیم نێروه‌یی و تۆفیق چه‌ڵكی و سه‌بری ره‌شاڤه‌یی و حاجی ئه‌حمه‌د نێروه‌یی له‌ سنووری قه‌زای ئامێدی، هاتنە ناو سنووری بادینانەوە، له‌ نێروه‌ و رێكان و دۆسكی، بنكه‌ و باره‌گایان دانا، دوای گه‌یشتنیان بۆ ناوچه‌ی بادینان، شانبه‌شانی لایه‌نه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی، توانیان  زۆربه‌ی ناوچه‌كانی سنووری پارێزگای دهۆك له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا پاكبكه‌نه‌وه‌ له‌ بنكه‌ و باره‌گاكانی رژێمی بەعس.

ئازادكردنی دهۆك
 به‌ره‌به‌یانی رۆژی 14ی ئازار، هێزێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی شه‌هید مامه‌ند باجلوری و عه‌بدوڵڵا عومه‌ر باجلوری و به‌شار لیناڤه‌یی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی له‌ گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری و شیندۆخا، خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گاكانی رژێمی به‌عس، رێنماییشیان له‌ شه‌هید مامه‌ند وه‌رده‌گرت، چونكه‌ ئه‌وكاته‌‌ به‌رپرسێكی هێڵێكی رێكخستنە نهێنییەکانی یه‌كێتی بوو له‌ناو‌ شاری دهۆكدا، هه‌روه‌ها به‌ پاڵپشتی و ئاگاداریی پارتیزانه‌كانی یه‌كێتی له‌ ده‌وروبه‌ری شاری دهۆك سه‌رهه‌ڵدانیان له‌ شاره‌كه‌ ده‌ستپێكرد و چه‌ند باره‌گایه‌كی رژێمی به‌عس كرانه‌ ئامانج.
هێزه‌كانی یه‌كێتی نەبەردێکی گه‌وره‌یان كرد بۆ ئازادكردنی دهۆك و ده‌وروبه‌ری‌، پاشان جه‌ماوه‌ری خۆڕاگری دهۆكیش هاوشانی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و قه‌ڵای نزاركێ به‌رێكه‌وتن كه‌ شوێنی سته‌م و ئه‌شكه‌نجه‌ و له‌سێداره‌دان بوو،  شوێنی زیندانیكردن و كۆكردنه‌وه‌ی‌  خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری بادینان بوو له‌ دوا قۆناغی ئه‌نفالدا و توانییان ئه‌و قه‌ڵای سته‌مه‌ی‌ به‌عسیش پاك بكه‌نه‌وه‌.
بۆ مێژوو هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان پاشه‌كشه‌یان نه‌كرد، له‌ كۆڕه‌وی ملیۆنییشدا كه‌ هه‌موو كوردستان و ده‌ڤه‌ری بادینانی گرته‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی وه‌كو پارتیزان له‌ ناوچه‌ی (كانی ماسێ) مانه‌وه‌ و به‌رگرییان كرد و هاوكاریی خه‌ڵكی ناوچەکەیان دەكرد. 

به‌خشینی ژماره‌یه‌ك شه‌هید
یه‌كێتی له‌ راپه‌ڕینی بادیناندا، ژماره‌یه‌ك شه‌هیدی بۆ رزگاركردنی ناوچه‌كه‌ بەخشی، له‌ نموونه‌ی ساڵح تۆبیان ئێزدی پێشمه‌رگه‌ی پارتیزانی یه‌كێتی و عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د عه‌لی، كه‌ له‌ شه‌ڕی ناحیه‌ی فه‌هیدییه‌ شه‌هید بوون، هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن سه‌لیم نێروه‌یی، فه‌رمانده‌ی دیاری مه‌فره‌زه‌ی پارتیزانی یه‌كێتی له‌ ‌بادینان، حاجی ئه‌حمه‌د نێروه‌یی كادری سه‌ربازی كه‌ له‌كاتی به‌رگریكردن له‌ خه‌ڵكی بادینان له‌ گه‌لی (بێسرێ) شه‌هیدبوو، هه‌روه‌ها جومعه‌ ئه‌حمه‌د و خالید عه‌لی عه‌بدی و جه‌رجیس خزر جبو و چه‌ندانی تریش، له‌ پێشمه‌رگه‌ی پارتیزان و رێكخستنه‌ نهێنییه‌كانی یه‌كێتی له‌ راپه‌رینی ده‌ڤه‌ری بادیناندا شه‌هیدبوون.

روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی رژێم
له‌وباره‌‌یه‌وه‌ تۆفیق چه‌ڵكی، پێشمه‌رگه‌ی دێرین و پارتیزانی یه‌كێتی له‌ بادینان، ده‌ڵێت: دوای كۆبوونه‌وه‌ی زه‌ڵێ، ئێمه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌ی پارتیزانی یه‌كێتی له‌ بادینان له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 1990دا گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی بادینان به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی نامه‌ و ئاگادارکردنەوە به‌ خه‌ڵكی بادینان و ئاماده‌كاری بۆ راپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری. 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: له‌ یه‌كه‌م رۆژی راپه‌ڕیندا له‌ بادینان له‌ قه‌زای ئاكرێ، ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی له‌ ده‌ڤه‌ری (چه‌مجی)، روبه‌ڕووی هێزێكی سوپای عیراق بووینه‌وه‌، دوای شه‌ڕێكی قورس پاشه‌كشه‌مان به‌و هێزه‌ كرد و باره‌گای هێزه‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ر پرده‌كه‌ بوو، ده‌ستمان به‌سه‌ردا گرت، پاشان به‌ره‌و شاری دهۆك چووین، بۆ رزگاركردنی.
روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی یه‌كێتی پێشه‌نگ بوون له‌ راپه‌ڕینه‌كه‌دا و زۆرێك له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ روویان له‌ پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی بوو و ئه‌وان زیاتر له‌ هه‌موولایه‌ك ئومێدیان به‌ یه‌كێتی بوو.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌شكر بادینی پێشمه‌رگه‌ی پارتیزانی یه‌كێتی ده‌ڵێت:  هێزه‌ پارتیزانه‌كانی یه‌كێتی رۆڵێکی گرنگیان هه‌بوو له‌ راپه‌ڕینی بادیناندا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئێزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی كوردستانیش كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر خه‌ڵكی بادینان هه‌بوو، کە ده‌توانین بڵێین كلیلی راپه‌ڕینی ده‌ڤه‌ری بادینان بوو و رۆڵێكی گه‌وره‌شی هه‌بوو له‌ جۆشدان و هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی بادیناندا له ‌سەروبەندی راپه‌ڕیندا.


بابەتە پەیوەندیدارەکان