لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵیت، " نەکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پڕۆسەی دیموکراسی دەخاتە مەترسییەوە" و دووپاتیدەکاتەوە کە یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن.
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تایبەت بە گەلی کوردستانی راگەیاند، "گرنگی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە دوو بواردا لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە، یەکەمیان ئەوەیە کە بەهۆی دواکەوتنی پەرلەمانی کوردستان پەکخراوە و کۆمسیۆن شەرعییەتی نەماوە و ناکۆکی زۆریش لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، بواری دووەمیش بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەردوو بوارەکەدا پێداگری دەکات، هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و مووچەی مووچەخۆرانیش لە کاتی خۆیدا دابەشبکرێت".
ئاماژەی بەوەش دا، پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی زۆر شەفافە، ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت ئەوا کاروانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشەدا دەبێت و مەترسی لە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت و دامودەزگاکان بێ شەرعییەت دەبن بۆیە تەنها بە هەڵبژاردن دەتوانیین شەرعییەت بگێڕینەوە بۆ دامەزراوەکان.
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی وتیشی، "پێشتر دەستی تۆمەت بۆ بەغدا رادەکێشرا کە ئەوە بەغدایە نایەوێت هەڵبژاردن بکات، بەڵام لە ئێستادا لە ناوخۆی هەرێمەوە هەوڵدەدرێت هەڵبژاردن نەکرێت و دوابخرێت".
لەتیف نێروەیی باسی لەوەشکرد، هەموو پەیامە چەواشەکارییەکان دژی یەکێتین، چونکە لە یەکێتی دەترسن، بەڵام یەکێتی خۆی ناخاتە ئاستی ئەو لایەنانەوە و وەڵامیان ناداتەوە تەنها هەندێک جار ناچاردەبین راستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بخەینەڕوو.
لەتیف نێروەیی ئەوەشی خستەڕوو، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوپەیمان نیگەرانن لە دواخستنی هەڵبژاردن کە ئەم نیگەرانیانە جدین و مەترسین بۆسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بەمەش زیاتر زەمینە خۆش دەبێت بۆ ئەوەی دەست بخرێتە ناو کاروبارەکانی هەرێی کوردستان.
سەبارەت بەمووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەتیف نێروەیی جەختیکردەوە، یەکێتی دەیەوێت مووچەی موچەخۆاران دابەش بکرێت و دوانەخرێت، یەکێتی خەمی گەورەی هەیە بۆهەرێمی کوردستان و بۆ مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان، هیچ بیانوویەک نییە بۆ دواخستنی دابەشکردنی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم.
هەر لەوبارەیەوە وتیشی، "پێشتر قوباد تاڵەبانی-یان تۆمەتبار دەکرد بەوەی لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانی لە دابەشنەکردنی مووچە کردووە، بەڵام دواتر کە بۆیان دەرکەوت قوباد تاڵەبانی بەشداری کۆبوونەوەکە نەبووە ئەو لایەنانە شەرمەزاربوون، دواجار یەکێتی ئەو بابەتەی رەتکردەوە و داوای دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کرد".