كەمپینی ژیانەوە لە کەرکوک بۆ چارەسەری شێرپەنجە راگەیەنرا

10:09 - 2024-03-25
ڕاپۆرت
424 جار خوێندراوەتەوە
لایەنێک لە رێوڕەسمی راگەیاندنی کەمپینی چارەسەری شێرپەنجە لە کەرکوک

راپۆرتی / هێمن ئەحمەد

كەمپینی ژیانەوە بۆ هاوكاریی تووشبوانی شێرپەنجە لە كەركوك راگەیەندرا و لە كەمپینەكەدا زۆربەی لایەنە حكومی و حزبی و كەسایەتی و پیاوماقوڵان و مامۆستایانی ئایینی و دەزگا پەیوەندیدارەكانی شارەكە بەشداربوون و پاڵپشتی خۆیان بۆ كەمپینەكە راگەیاند.
بەغدا وەک پێویست هاوکار نەبووە
ئامانجی كەمپینەكە بەردەوامبوونی ئەو نەخۆشخانەیەیە، چونكە ئێستا نەخۆشێكی زۆر لە دەرەوەی كەركوكەوە روویان لەو نەخۆشخانەیە كردەوە و حكومەتی بەغداش وەك پێویست هاوكار نەبووە، بۆیە داوا لە سەرمایەدار و خێرخوازان کرا کە دەستی یارمەتی بۆ ئەم سەنتەرە درێژبكەن تا كارەكانی بەردەوام بێت.
سەنتەری چارەسەركردنی شێرپەنجەی كەركوك، یەكێكە لەو دەزگا تەندروستییە گەورانەی كە لەسەر ئاستی عیراق و كوردستاندا رۆڵێكی گەورە دەبینێت لە چارەسەركردنی تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجەدا، ئێستا نەخۆشێكی زۆر بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە سەردانی دەكەن.
گرانیی چارەسەرەكان 
د. نیاز ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە  رایگەیاند: ئێمە وەكو ستافی نەخۆشخانەكە بەردەوامین لە چارەسەركردنی پێنج هەزار نەخۆش ‌و مانگانەش ناوی 100 تووشبوو تۆماردەكەین و رێژەكەش بەردەوام لە زیادبووندایە و بۆ ئەو مەبەستەش كەمپینی ژیانەوەمان راگەیاند.
وتیشی: راستە هەندێك لە دەرمانەكان نرخەكانیان كەمە و لە نەخۆشخانەكەماندا بەردەستن، بەڵام هەندێك لە چارەسەرەكانی تر، زۆر گرانن و نرخەكانیان لە هەزار دۆلارەوە تا سێ هەزار دۆلارە، ئەمەش لە توانای نەخۆشخانەكەماندا نییە، بۆیە ناوبەناو پەنا بۆ كەمپینەكانی كۆكردنەوەی یارمەتی دەبەین بە مەبەستی دابینكردنی پێداویستیی دەرمان و پارە بۆ كڕینی چارەسەرە پزیشكییەكان، تا بتوانین چارەسەر پێشکەش بە نەخۆشەكان بكەین.
هۆكارەكانی تووشبوون 
د. نیاز ئاماژەشی بەوەدا کە هۆكاری تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە هۆکارێک نییە، بەڵکو بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە كەركوك شارێكی نەوتی و پیشەسازییە، نەك كشتوكاڵی ‌و گەشتیاری، جگە لەو دوو كۆمپانیا گەورەیەی وەكو كۆمپانیای نەوتی باكوور و غاز، ئێستا كۆمەڵێك كۆمپانیای ئەهلی وەكو (قیر، بەنزین، چیمەنتۆ و غەسالە كاردەكەن، هەروەها كەڵەكەبوونی خۆڵ ‌و خاشاك ‌و سووتاندنیان)، بەمەبش ژینگەی شارەكە پیس دەبێت ‌و لێپرسینەوەش وەک پێویست نییە.
 وتیشی: كاتێك لە سلێمانی یان لە شارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، دەبینیت ئاسمانی شارەكە بە دوكەڵ تەنراوە، ئەمانەش هەمووی هۆكارن بۆ تووشبوونی دانیشتوان بە نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی دیکە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە هەروەها دەڵێت: كاتێک كەسێك تووشی ئەو نەخۆشییە دەبێت، وادەزانێت ئیتر كۆتایی هاتووە، بەڵام لەڕاستیدا بەو جۆرە نییە، چونكە زۆرێك لە تووشبوان نەخۆشییەكەیان تێپەڕاندوە و چاكبوونەتەوە، بۆیە لێرەوە داوا لە هاونیشتمان دەكەم كە گرنگی بە وەرزشكردن و خۆراكی تەندروست بدەن بۆئەوەی دووربن لەو نەخۆشییە.
یەکێتی پاڵپشتی دەكات
رەوەند مەلا مەحمود، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی كەركوكی یەکێتی لەو بارەیەوە رایگەیاند: ئەم جۆرە كەمپینانە لە هەموو وڵاتە پێشكەوتووەكاندا هەیە بۆ یارمەتیدانی نەخۆشانی شێرپەنجە و ناخۆشخانە تایبەتەکان بەو نەخۆشییە، بۆیە ئێمە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵپشتی تەواوی ئەم پڕۆژەیە دەبین و ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت درێغی ناكەین.
رێژەی تووشبوان لە هەڵكشاندایە
رەمەزان حاجی رەشید، سەرۆكی رێكخراوی كەركوك بۆ هەموان کە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ئەو نەخۆشخانەیە، رایگەیاند: لەوكاتەوەی ئەم نەخۆشخانەیەمان دروستكردووە، توانیومانە بگەیەنە ئەو ئەنجامەی كە چارەسەری نەخۆش لەم نەخۆشخانەیەدا بكرێت و چارەسەری پێویستیان پێ بدرێت، بەڵام بەداخەوە رۆژ لەدوای رۆژ رێژەی تووشبوان لە هەڵكشاندایە و پێویستیان بە چارەسەری زیاترە، چونكە چارەسەرەكان زۆر دەبن و تێچووی چارەسەرەکانیش زیاترە، بۆیە لەبەر دەستكورتی مادی، پەنا بۆ رێكخراو و خێرخوازان دەبەین تا هاوكاریی ئەم سەنتەرە بكەن.
باسیشی لەوەكرد کە ئەگەر توانا و یارمەتی خێرخوازان نەبێت، ئەوا ناتوانن بەردەوام بن لە كارەكانیان، چونكە وەک ئەو دەڵێت: «حكومەتی عیراق وەكو پێویست هاوكاریی ئەم سەنتەرە گرنگە ناكات.
 لەلایەكی دیکەشەوە بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان و چارەسەرییەكان وا دەكات بەدوای بەدیلی تردا بگەڕێن بۆئەوەی دەستكەوتی مادی بۆ ئەم نەخۆشخانەیە دەستەبەر بكەین، لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا وەزارەتی تەندروستی عیراق وەكو پێویست نەیتوانیووە ئەركەكانی جێبەجێ بکات بەرامبەر بە سەنتەرەکەمان.
بەردەوام چارەسەرمان دەكەن
هەر لەو رووەوە هاووڵاتی عەبدوڵڵا خەڵەف کە خەڵکی باشووری عیراقە و لەم سەنتەرە چارەسەر وەردەگرێت، وتی: بۆ ماوەی دوو ساڵە تووشی ئەم نەخۆشییە بووم و هەر 21 رۆژ جارێك لێرە چارەسەر وەردەگرم ‌و هەندێك جار وەكو پێویست چارەسەرەكان دەست ناكەون.
وتیشی: كارمەندانی نەخۆشخانەكە لەڕووی بەتەنگەوەچوونی نەخۆشەکانەوە درێغیان نەكردووە، بۆیە داواکارم خێرخوازان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستی یارمەتی درێژبكەن بۆئەوەی سەنتەری شێرپەنجەی كەركوك بەردەوام بێت لە خزمەتكردنی نەخۆشەكان.
ئەرکی نەخۆشخانەی هیوای کەمکردۆتەوە
هاووڵاتی خورشید عەلی-یش کە خەڵکی گەڕەكی شۆڕیجەی كەركوكە و هاوسەرەکەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بووە، دەڵێت: من سەرەتا هاتوچۆی نەخۆشخانەی هیوام دەكرد لە سلێمانی، بەڵام خۆشبەختانە پاش كردنەوەی ئەم سەنتەرە لەکەرکوک، زۆربەی چارەسەرەكانی هاوسەرەکەم لێرە وەردەگرم و خزمەتێكی زۆر دەكرێین، بەڵام هەندێک جاریش لەبەر نەبوونی دەرمان ئاستەنگمان بۆ  دێتە پێش، ئەگەرچی دواجار بە هەوڵی خێرخوازان دەرمانەكان دەهێنرێن.
هەروەها وتی: جاران بەهۆی هاتوچۆوە بۆ سلێمانی، پارەیەكی زۆرم خەرج دەكرد وێڕای ماندووبوونی رێگە، بەڵام ئێستا ئاسوودەترم، چونكە لەناو شار و ماڵەكەی خۆمدام. ئەگەر سەیری كوالێتی دەرمانەكانیش بكەین، هەمان دەرمانەكانی نەخۆشخانەی هیوایە، تەنها میکانیزمی كارەكانیان وەكو نەخۆشخانەی هیوا نییە و وەک ئەوان بە ئەزموون نیین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان