یارییه‌كان پێیان ناوه‌ته‌ قۆناغی 16 یاریزانییه‌وه‌

11:31 - 2024-03-27
وەرزش
211 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

پاڵەوانێتیی تێنسی سه‌رزه‌وی مه‌یامی کە سێیەم ماستەرزی ئەمساڵە، به‌رده‌وامه‌ و یارییه‌كانی خولی كوڕان پێیان ناوه‌ته‌ قۆناغی چواره‌م و 16 یاریزانییه‌وه‌.
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ نۆڤاك جۆكۆڤیچی سربی و یه‌كه‌می ریزبه‌ندیی جیهانی، له‌م پاڵه‌وانێتییه‌ پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ و به‌شداریی ناكات، ئیتر سه‌رجه‌م یاریزانه‌ ناوداره‌ جیهانییەکانی تر به‌شداریی ده‌كه‌ن.
له‌ قۆناغی دووه‌می یارییه‌كاندا سێ یاریزانی دیاریی به‌شدار كه‌ له‌ پله‌كانی پێشه‌گی ریزبه‌ندیدان نه‌یانتوانی ئه‌م قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنن و یارییه‌كانیان به‌مشێوه‌یه‌ دۆڕاند:
ئه‌ندرییه‌ رۆبۆلیڤی روسی كه‌ پێنجه‌می ربزبه‌ندیی بوو له‌ یه‌كه‌م یاریی ئه‌م قۆناغه‌دا 0-2 به‌ تۆماس ماچاكی چیكی دۆڕا، له‌ دوا یاریی ئه‌م قۆناغه‌شدا، هۆگله‌ر رۆنی دانیماركی شه‌شه‌می ریزبه‌ندییش 0-2 به‌ فابیان مارۆزانی هه‌نگاری دۆڕا، ستیڤانۆس تیستیباسی یۆنانیش كه‌ ده‌یه‌می ریزبه‌ندیی بوو، به‌ دینیس شاپۆڤالۆڤی كه‌نه‌دی دۆڕا و هه‌رسێكیان چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌.
ئێستا یارییه‌كان پێیان ناوه‌ته‌ قۆناغی 16 یاریزانییه‌وه‌، له‌م قۆناغه‌شدا جگه‌ له‌ رۆبۆلیڤی پێنجه‌می ریزبه‌ندی و هۆگله‌ر رۆنی شه‌شه‌م ریزبه‌ندیی تیستیباسی ده‌یه‌می ریزبه‌ندیی، سه‌رجه‌م ئه‌و یاریزانانه‌ی كه‌ له‌ پله‌كانی یه‌كه‌م تا ده‌یه‌مدان به‌شداریی ئه‌م قۆناغه‌ ده‌كه‌ن و‌ بریتین له‌ ئه‌لكارازی ئیسپانی یه‌كه‌می ریزبه‌ندیی، یانیك سینه‌ری ئیتاڵی و دووه‌می ریزبه‌ندیی، دانیێل میدڤیدیڤی روسی سێیه‌می ریزبه‌ندیی، ئه‌لیكسه‌نده‌ر زڤیریڤی ئه‌ڵمانی و چواره‌می ریزبه‌ندیی، كاسپه‌ر رۆدی نه‌رویجی و حه‌وته‌می ریززبه‌ندی، هۆبرت هۆركاچی پۆڵه‌ندی و هه‌شته‌می ریزبه‌ندیی و ئه‌لیكس دی مینۆری ئوستورالی و نۆییه‌می ریزبه‌ندیی، هه‌ر هه‌شت یارییه‌كه‌ی ئه‌م قۆناغه‌ش به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بن:
*ئه‌لكاراز (1)×لۆرینزۆ مۆسیتی-ئیتاڵیا.
*هۆبرت هۆركاچ(8) ×گریگۆر دیمترۆڤ-بولگاریا.
*زڤیریڤ (4)×كارین خاشانۆڤ-روسیا.
*دی مینۆر(9)×فابیان مارۆزان-هه‌نگاریا.
*كاسپه‌ر رۆد(7)×نیكۆلاس گارای-چیلی.
*دانیێل میدڤدیڤ (3)×دۆمنیك كۆیپڤێر-ئه‌ڵمانیا.
*تۆماس مارچاك-چیك×ماتیۆ ئارنالدی-ئیتاڵیا.
*یانیك سینه‌ر(2) ×كریستۆفه‌ر كۆنێڵ-ئوستورالیا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان