بڕیارە 20 هەزار كرێنشین شوقە وەربگرن

08:52 - 2022-06-08
ڕاپۆرت
597 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رێزە حسێن

حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بەپێی تایبەتمەندی و رێژەی دانیشتوانی ناوچەكان 20 هەزار شوقە لە سەرانسەری كوردستان دروست بكرێت، بەپێی ئاماژەی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، تەنها كرێنشینان ئەو یەکانە وەردەگرن، هاوكات سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشیانی سلێمانی رایدەگەیەنێت «هیوامان وایە ئەم هەنگاوە، وەك بانگەشەیەك بەكار نەهێنرێت و جۆرێك بێت لە خزمەتكردن، بە یەكسانی دابەشبكرێت بەسەر خەڵكی هەژاردا. 

 هیوای كرێنشینان
ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتی كاركردنیان لە فەرمانگە حكومییەكاندا چەندین ساڵی تێپەڕاندووە و تا ئێستا سوومەندنەبوون لە حكومەت، بە بڕیاری دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون، هیوای رزگاربوونیان لە كرێچێتی بۆ گەڕاوەتەوە.
كوێستان خدر، كرێنشینە و ئەركی بەخێوكردنی چوار منداڵی لە ئەستۆدایە، ئاماژە بەوە دەكات زیاتر لە 36 ساڵە  فەرمانبەرە، بەڵام لە حكومەت سوودمەند نەبووە بە وەرگرتنی هیچ پارچە زەوی یان شوقەیەک.
وتیشی: چەند ساڵ جارێك دەچنە گەڕەك و خانوویەكی ترەوە، چونكە هەر خاوەن ماڵە و بە هۆكارێك ئیزنیداون، ئەگەر شوقەكان بە یەكسانی دابەشكرێت، ئەو یەكێك دەبێت لەو خێزانە كەمدەرامەتانەی رزگاری دەبێت لە كرێچێتی.

هەموو كرێچییەك ناگرێتەوە      
بەرهەم سەردار سكرتێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان لقی سلێمانی وتی: كۆمەڵەكەمان لایەنی پەیوەندیداری ئاگاداركردووەتەوە تا ئەو هەنگاوە، وەك بانگەشەیەك بەكارنەهێنرێت، هەروەها داوامانكردووە بەجۆرێك بێت لە چوارچێوەی خزمەتكردن و سوومەندبوونی خەڵكانی كرێنشین و كەمدرامەت، ئەگەر بەپێچەوانەوە بوو لە جۆری بانگەشەكردن ئەوكات لەوبارەیەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن. 
وتیشی: كۆمەڵەكەمان بەڵێنیداوە بە حكومەت خۆبەخشانە كاریان لەگەڵ بكات و بە داتا و ئامار ناوی ئەو ئەندامانەیان بۆ بنێرین كە بەپێی رێنمایەكان، وەرگرتنی شوقەكان دەیانگرێتەوە.
لە رێنمایەكانی وەرگرتنی شوقەی كرێنشیناندا هاتووە، ئەو كەسانەی وەرگرتنی شوقە دەیانگرێتەوە، دەبێت كرێنشین بن و مەرجەكانی سوومەندبوون بیانگرێتەوە، هاوكات ئەو كەسانەشی كرێچین و فەرمانبەرن لە دامودەزگا حكومییەكاندا، ئەوانیش دەگرێتەوە بەپێی خاڵبەندییەكان، وەك ساڵی خزمەتكردن و ژمارەی منداڵ. 
بەپێی زانیاری دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجیبوون لە هەشت شوێنی سەرەكیدایە هەر چوار پارێزگاکە و چوار ئیدارەی سەربەخۆ دەگرێتەوە، بەجۆرێك لە رۆژانی داهاتوودا پڕكردنەوەی فۆڕم بۆ ناونووسن لە رێگەی ئەنتەرنێت بەشێوازی ئۆلانین دەست پێدەكات. 

نرخی شوقەكان 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، بەهای یەكەكان بۆ هەر مەتر دووجا یەك لە نێوان 250 دۆلار تا 300 دا دەبێت، بەجۆرێك هەر شوقەیەكی 100 مەتری نرخەكەی لە نێوان 20 هەزار تا 30 هەزار دۆلار دیاریکراوە، بەقیستی كەم و درێژخایەن کە بە 12 تا 15 ساڵ دەدرێتەوە، لەوبارەیەوە بەپێی راگەیەنراوێكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاتووە ماوەیەكە لە هەندێك پەیج و ماڵپەڕ، هەواڵی بێبەنەما لە باری مەرجەكانی پێدانی ئەو شوقانە بڵاودەكرێنەوە، تایبەت بە نرخ و شێوازی قیست و دروستكردنی پڕۆژەكە، سەرجەم ئەو پێشنیارانەی لەوبارەیەوە خراونەتەڕوو تا ئێستا كاریان لەسەر دەكرێت و نەبووەتە بڕیار، هەروەك دڵنیایی دراوەتە خەڵكی  كە پڕۆژەكە بە باشترین شێوە جێبەجێدەكرێت بەجۆرێك تەنها كەسانی شایستە سوومەند دەبن. 

حكومەت چاودێر دەبێت
بەپێی زانیاری كوردستانی نوێ پڕۆژەكە لە ژێر چاودێری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەجۆرێك لەسەر راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، داواكراوە لە لایەنی پەیوەندیدار دەبێت ماوەی دەستپێكردن و كۆتایهێنانی پڕۆژەكە روون و دیاریكراو بێت، هەروەها جەختیشكراوەتەوە  نابێت سەرپێچی لە دابەشكردنی یەكەكاندا تۆمار بكرێت، بە سوودمەندكردنی كەسانی ناشایستە، هەروەك بەپێی زانیاری دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەت، لیژنەیەكی تەكنیكی پێكهێنراوە لە چوارچێوەی رێكارەكانی دروستكردنی یەكەكان و سەرپەرشتیكردن و دیزاین و كوالێتی پڕۆژەكە، هاوكات داڕشتنەوەی رێنماییەكان و راگەیاندن و كاتی ناونووسین. 
بڕیاری دروستکردنی ئەو یەکانە لە کاتێکدایە ماوەی 11 ساڵە هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای سلێمانی بۆ کرێنشینان دروستکراون و907 یەکەیان لە زڕگوێزە و 503 یەکەشیان لە سیتەکە، بینای یەکەکان تەواوکراون و تەنها خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و رێگەوبان ماوە بۆیان دروست بکرێت، بەڵام بە بیانووی قەیرانی دارایی بودجەیان بۆ خەرج ناکرێت و تائێستا ماونەتەوە و بەسەر کرێنشیناندا دابەش نەکراون.

#كرێنشین

بابەتە پەیوەندیدارەکان