راپۆرتی / رەوەست نەوزاد
گوندی توڕەق-ی نزیک هەولێر، یەكێكە لەو گوندە كشتوكاڵییانەی سەر رێگای هەولێر – موسڵ كە زەویەكی فراوان و بەپیتە، بۆیە سەڕەرای ئەوەی ئێستا كەوتۆتە ناو ماستەپلانی شارەكەوە و بۆتە گەڕەك، بەڵام هێشتا ژمارەیەك لە جووتیاران كاری چاندنی سەوزەواتی تێدا دەکەن. بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە و بۆتە مایەی نیگەرانیی خەڵكی گەڕەكەكە و دانیشتوانی هەولێر ، نزیكیی رێڕەوی سەرەكی ئاوی قورس (زێراب)ی شارەكەیە كە نزیكە لە گەڕەكەكەوە و زەوییە كشتوكاڵییەكانی ئەوێ بەو ئاوە پیسە بۆ ئاودانی سەوزەكان بەكاردەهێنرێت ئەوەش لەڕووی تەندروستییەوە مەترسیدارەجگە لەوەی ژینگە و بۆنی گەڕەكەكەشی پیسكردووە.
جووتیارەکان سۆندەیان خستۆتە سەر ئاوە پیسەکە
لەو رووەوە هاووڵاتی عوسمان كەریم دەڵێت: رۆژێک سەردانی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ئەوێم كردووە، بەلامەوە سەیربوو كاتێك بینیم ئەو ئاوە پیسەی شارەكە بەبەردەم زەوییە كشتوكاڵییەكاندا تێپەڕدەبێت و بەشێك لە جووتیارەكانیش سۆندەیان خستۆتە ناو ئاوە پیسەكەوە و زەوییەکانیانی پێ ئاو دەدەن.
راشیگەیاند کە خەڵک بەگشتی بێئگان لەوەی ئەو سەوزەیەی بەو ئاوە پیسە ئاو دەدرێت رۆژانە دەیخۆن و نازانن لە داهاتوو چ مەترسییەكی بۆ سەر تەندروستییان هەیە.
وتیشی: زۆرجار دەپرسین بۆچی خەڵكی ئێستا لە تەمەنێكی گەنجییەوە تووشی نەخۆشی كوشندە دەبن، بەڵام دەبینین یەكێك لە هۆكارەكان ئەم حاڵەتەیە.
بەرپرسانی شارەكەش دەڵێن هەر سەرپێچیەك لەوبارەیەوە بكرێت سزای سەرپێچیكاران دەدەین، بەڵام كاتێك سەردانی ئەو گوندە دەكەیت، هیچ چاودێرییەكی حكومی نابینیت.
جۆگەی ئاوە پیسەکە شایەتی حاڵە
یەكێك لەو جووتیارانەی كە لەوێ سەوزەی وەكو تور و سڵق چاندبوو، وتی: لە ساڵانی رابردوو جووتیارانی ئەو گوندە بە ئاوی پیس بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان ئاودەدا، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە ئەو كارە لەلایەن حكومەتەوە قەدەغەكراوە و ئێستا زۆربەی جووتیارەكان بیری ئاوی خاوێنیان بۆ ئاودانی سەوزەكانیان هەیە.
سەرەڕای قسەی ئەو جووتیارە كە باس لە وازهێنانیان لە ئاودان بەو ئاوە پیسە دەكرد، بەڵام هاوکات جۆگەی ئاوی پیس كە وەكو لق لە ئاوەڕۆ سەرەكییەكەی هەولێر جیاکراوەتەوە، وەكو رووبارێك بەبەردەم ئەو ناوچەیەدا دەڕوات بە نزیك زەوییە كشتوكاڵیەكاندا و هیچ چاودێرییەكی حكومەتیشی بەسەرەوە نییە.
هەر لەو رووەوە حسێن محەمەد سەرۆكی لقی هەولێری سەندیکای جووتیارانی كوردستان رایگەیاند: پێشتر دیاردەی بەكارهێنانی ئاوە پیسەكە بۆ كشتوكاڵ لەو گوندە زۆر بوو، بەڵام ئێستا بەكارهێنانی بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ئامێرەكانی راكێشانی ئاوەوە لەلایەن ئیدارەی خۆجێی شارەكەوە كەمبۆتەوە كە پێشتر توور و سڵق و كەرەوز و سەوزەی تریان پێ ئاودەدا.
بەرهەمی 10 بۆ 15 گوند لە مەترسیدایە
وتیشی: دوو جۆگەی گەورەی ئاوی قورسی ماڵەكان لە شاری هەولێر دەچێتە دەرەوەی شارەكە كە یەكێكیان دەچێتە گوندی تووڕەق و دواتر گوندەكانی (عارەب كەند) و تا (شەمشولە) و لە كۆتاییدا دەچێتە زێی گەورەوە كە ژمارەی ئەو گوندانەی ئەو ئاوەڕۆ قورسەی پێدا دەڕوات، نزیكەی 10 تا 15 گوند دەبێت.
دووەم رێڕەوی ئاوی پیسیش لە نزیك گەڕەكەكانی (لەتیف ئاوا) و (سەركارێز) دەچێتە دەرەوەی شار كە دواتر بەناو گوندەكانی (تەندورە) و (دهێمات) و (دەلوگول) و (عوێنە) و پاشان (قادرییە)ی سەر رێگای گوێڕ كە ئەویش بە نزیكەی 10 گونددا تێپەڕدەبێت، بەڵام ئەو ناگاتە زێی گەورە و هەر لە رێگەدا خەڵكی گوندەكان بۆ كشتوكاڵ بەكاری دەهێنن، بەڵام ئەو جۆگەیە زیاتر بۆ ئاودانی گەنم بەكاردێت كە جووتیارەكان ئامێری راكێشانی ئاویان لەناو جۆگەكەدا داناوە و لە كۆتا رێرەوی ئەو جۆگەیەدا لەنزیك گوندی (عەوێنە) حكومەت ئاوەكەی بە شێوەی بەنداو گرتۆتەوە.
سەندیکای جووتیارانیش قسەیان هەیە
سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای جووتیاران پێیباشە حكومەت پڕۆژەیەكی گەورە بۆ پاڵاوتنی ئاوی قورسی شاری هەولێر دروست بکات بۆئەوەی جووتیارانی ناوچەكە سوودی لێ ببین و دەڵێت: لە بەرامبەر ئەو ئاوە پاڵێوراوەدا دەتوانێت بڕێك پارەی كەم لە جووتیارەكان وەربگرێت ئەوەش كارێكی باش دەبێت هەم جووتیارەکان سوودمەند دەبن و هەم حكومەتیش لە بەكارهێنانی ئاوی پیس رزگاری دەبێت بۆئەوەی زیانە تەندروستییەكەی نەمێنێت.
هەر سەبارەت بەو دیاردەیەش حسێن محەمەد باسی كاریگەریی ئاوە پیسەكە دەکات بۆ زەوییە كشتوكاڵیەكان و دەڵێت: ئەگەر ئەو رێوشوێنە بگیرێتەبەر، ئەوا هیچ زیانێكی تەندروستی بۆ زەوییەكان و بەرهەمەکان نابێت، بەڵكو لەوانەیە سوودیشی هەبێت، چونكە ئەو ئاوە پیسە بەهۆی مادەكانی ناویەوە وەكو پەینی كیمیایی سوود بە زەوییەكە دەگەیەنێت.
لەژێر چاودێریی بەردەوامی قایمقامییەتدان
گەرچی نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێریشە لەو رووەوە دەڵێت: تیمەكانی شارەوانی هەولێر دەست بەسەر ئەو ئامێرانەدا دەگرن كە ئاوی ئاوەڕۆی قورس بۆ ئاودانی بەرهەمی كشتوكاڵی لەو گوندە بەكاردەهێنن و رێوشوێنیش لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەگرنەبەر كە ئەو کارە دەکەن و لەماوەی رابردووشدا چاودێریی کراوە و سزای سەرپێچیکاران دراوە و بەردەوامیش دەبن لە چاودێریی و سزادانیان.
خەڵکی ناوچەکەش دەڵێن جگە لەوەی زۆر جار ئاوە قورسەكە بۆ ئاودان بەكاردێت، بۆنێكی ناخۆشیشی بۆ دانیشتوانی گەڕەكی تووڕەق دروستكردووە بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا كە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی مێشولە ئەوە جگە لەوەی كە چەند ساڵێك لەمەوبەر منداڵێك كەوتە ناو جۆگەکەوە و خنكا، بۆیە ئێمە داوا دەكەین جۆگەكە وەكو گەڕەكەكانی تری هەولێر بە ئاوەڕۆیەكی سندوقی دابخرێت.
ژاپۆن پڕۆژەی ئاوەڕۆ سندوقییەکەی بۆ جێبەجێ دەکات
قایمقامی هەولێریش لەوبارەیەوە دەڵێت: پڕۆژەیەكی گەورەی ژاپۆن بۆ ئەو مەبەستە جێبەجێ دەكرێت كە ئێستا قۆناعی سەرەتایی دەستیپێكردووە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە جێبەجێكردنەکەی دواكەوت، بەڵام هەر جێبەجێ دەکرێت.
سەرچاوەیەكیش لە بەڕێوبەرایەتیی كشتوكاڵی هەولێر رایگەیاند: حكومەت كاری ئیتفای بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكانی گوندی تووڕەق كردووە و كەوتۆتە ناو سنووری ماستەرپلانی شاری هەولێرەوە، بۆیە ئەوان ناتوانن وەكو بەڕێوەبەرایەتییەكەیان هیچ رێوشوێنێك بەرامبەر ئەو كارە بگرنەبەر.