حکومەتی عیراق لە کەرتی کشتوکاڵدا پاڵپشتی گەنجان دەکات

10:17 - 2024-03-31
ئابووری
371 جار خوێندراوەتەوە

ئا: عەبدوڵلا سدیق



لە درێژەی هەوڵەکانی حکومەتی عیراق بۆ بەهێزکردنی ئابووریی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی داهات، هەوڵ دەدات کەرتی کشتوکاڵ بەهێز بکات، ئەمەش لەڕێگەی چەند دەستپێشخەرییەکەوە. یەکێک لەوانەش، پێشکەشکردنی زەویی و قەرزی کشتوکاڵییە بەتایبەتی بۆ گەنجان و ئەوکەسانەی کە دەیانەوێت لەم کەرتەدا وەبەرهێنان بکەن.
لەمبارەیەوە ئەیاد ئەلبۆلانی بەڕێوەبەری گشتیی بەشی وەبەرهێنانی کشتوکاڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی (ئینا)ی راگەیاند: وەزارەتی کشتوکاڵ بە پێی رێنمایی عەباس جەبر مالیکی وەزیری کشتوکاڵ، دەستپێشخەرییەک بۆ کاراکردنی کشتوکاڵ رادەگەیەنێت، هەروەها زەویش بەو کەسانە دەدات کە دەیانەوێت لە کەرتی کشتوکاڵدا کار بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد،  ئەم دەستپێشخەرییە زیاتر بۆ ئەو  گەنجانەیە کە پێویستیان بە پاڵپشتی حکومەتە، بەتایبەتی لەڕووی دابینکردنی  زەوی و ئامێری کشتوکاڵی، یان پاڵپشتی دارایی لەڕێگەی پێدانی قەرزەوە. 
ئەلبۆلانی جەختی لەوەش کردەوە، حکومەت بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و وەزیری کشتوکاڵ ئامادەیە پاڵپشتی ئەم توێژە بکات، چونکە بەشداری دەکات لە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵیدا، هەروەها بەشداریی دەکات لە بوژاندنەوەی ئابووری نیشتمانیدا. 
وتیشی: دەستپێشخەرییەکەی بانکی ناوەندی کە بڕی 6 ترلیۆن و نیوە، دەتوانێت زۆر کێشە چارەسەر بکات ئەگەر کارابکرێت و پارەی بۆ تەرخان بکرێت، نەک تەنها لەڕێگەی بانکی کشتوکاڵییەوە، بەڵکو لەڕێگەی سەرجەم بانکە حکومی و ئەهلییەکانیشەوە.
روونیشیکردەوە: وەزارەت سندوقی قەرزی ئاسانی هەیە کە لەلایەن وەزیری کشتوکاڵەوە رەزامەندی لەسەر دراوە بۆ پڕۆژە بچووکەکان، هەروەها ئەو پڕۆژە گەورانەش دەگرێتەوە  کە پێویستیان بە پارەیە.
دەشڵێت: وەزارەت پاڵپشتی ئەو کەسانە دەکات کە ئارەزووی چوونە ناو کەرتی کشتوکاڵ دەکەن بەتایبەتی لە رووی  دابینکردنی زەویی و شوێنی گونجاو بۆئەوەی کشتوکاڵی تێدا بکەن.

سەرچاوە: رۆژنامەی الصباح

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان