هەولێر، نەخۆشخانەیەكی گەورە و شایستەی منداڵانی نییە

08:43 - 2022-06-09
ڕاپۆرت
636 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/  رەوەست نەوزاد

هەولێر بەهۆی فراوانبوونی و قەرەباڵغ بوونیەوە، پێویستی بەنەخۆشخانەیەكی گەورە و نمونەیی چارەسەركردنی منداڵان هەیە، بەڵام ئەوەی هەیە تەنها نەخۆشخانەی راپەڕین-ی منداڵانە كە بیناكەی كەموكوڕی زۆری هەیە، وەكو نەبوونی باخچەیەكی گەورە و شوێنی یاری منداڵان و كۆنی ژوورەكانی خەواندنی منداڵی نەخۆش و خراپی دیزاینی نەخۆشخانەكە، بۆ چارەسەركردنی كێشەی كۆنی بیناكەی، یەكێك لەخێرخوازەكانی شاری هەولێر باڵەخانەیەكی تازەی جیای لەناو زەوی نەخۆشخانەكە دروستكردووە كە تاڕادەیەك چارەسەری كەموكوڕی نەخۆشخانەكە دەكات، بەڵام دروستكردنەكەی نابێتە هۆی نوێگەری لە نەخۆشخانەكەدا.

پێویستی بە بینایەکی نوێییە 
شیلان سەعید یەكێك بوو لەو دایكانەی شاری هەولێر، چەند جارێك بە مەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی منداڵەكەی سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەی كردووە دەیوت: كارمەندانی نەخۆشخانەكە خزمەتێكی باشی نەخۆشەكانمان دەكەن، بەڵام كەموكوڕی زۆر لە بینای نەخۆشخانەكەدا هەیە، بۆ نموونە شەوێك منداڵەكەم لەو نەخۆشخانەیە خەواند، بەڵام ژوورەكانی زۆر كۆن و بچووكن.

دەرمان لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە دەکڕن
وتیشی: نەخۆشخانەكە كەموكوڕی تریشی هەیە،  نەبوونی شوێنی یاریكردنی فراوان بۆ منداڵە نەخۆشەكان کە زۆر گرنگە بۆ ئارامی دەروونی منداڵەکان، جگە لەوەش بەشێك لە دەرمانی نەخۆشەكانیان نییە دەبێت لە دەرەوە بەنرخێكی گران بیكڕین.
ئەو دایكە باسی لەوەشكرد، چۆن دەكرێت شارێكی گەورەی وەكو هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە رۆژانە خەڵكێكی زۆری هاوڵاتیانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق و بیانی و ئاوارەی وڵاتانی دەورووبەر رووی تێدەكەن نەخۆشخانە گشتیەكەی منداڵانی حكومەت بەو شێوەیە بێت.

پێویستی نەخۆش پڕناکاتەوە
مەحمود محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری منداڵان رایگەیاند: ئەو نەخۆشخانەیە پێداویستی چارەسەركردنی منداڵانی نەخۆشی شاری هەولێر پڕناكاتەوە، چونكە تەنیا ناوشاری هەولێر نییە، بەڵكو هەموو سنووری پارێزگاكە بۆ چارەسەری منداڵەكانیان روو لەنەخۆشخانەكەمان دەكەن، جگە لەهەولێریش زۆركات منداڵی نەخۆش لە شارەكانی كەركوك و موسڵ و تكریت و كۆیە و قەڵادزێ و رانیەش روو لەئێمە دەكەن، كە نزیكەی 50 % تا 60 % ی ئەو منداڵە نەخۆشانەی لەنەخۆشخانەكەمان دەخەوێنرێن بۆ چارەسەر یان منداڵی عەرەبە یا ئاوارەن كە هۆكارەكەی خراپی شوێنی حەوانەوەیان یا خراپی خواردنیان و خراپی باری داراییانە.
سەبارەت بە دروستكردنی بینایەكی تازە لەناو زەویەكەی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە وتی: پێشتر لە شوێنی بینا تازەكە تەنیا نەخۆشخانەیەكی راوێژكاری هەبوو، پێش بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا ئەوكات نەخۆشخانەكە زۆر قەرەباڵغ بوو شوێن بۆ نەخۆش نەبوو، بۆیە پێشنیاری ئەوەیان كرد شوێنێك بۆ خەواندنی نەخۆش زیاد بكرێت، بینایەكی تازەی لێدروستكرا كە بەشی فریاكەوتن و چاودێری چڕی منداڵە ناكامەكان و بەشی راوێژكاری تێدایە، ئێستا تەواو بووە و پێدوایستیەكانیشی بۆ دابینكراوە و ئامادەیە، باسی لەوەشکرد، ئەو بەشە نوێیەی لەناو نەخۆشخانەی منداڵان دروستکراوە بەهۆی نەبوونی کارمەند و ئامێری پیویست نەکراوەتەوە. 
سەبارەت بە كەمی دەرمان بەرێوەبەری نەخۆشخانەکە وتی: ئێمە ژمارەیەكی زۆری نەخۆشمان هەیە، رۆژانە زیاتر لە هەزار منداڵی نەخۆش روومان تێدەكەن، هیچ نەخۆشخانەیەكی تر ناتوانێت ئەو هەموو دەرمانە بۆ نەخۆشەكانی دابین بكات و كەمی دەرمانی بۆ دروست دەبێت، بەڵام چەند جۆرە دەرمانێكمان هەیە و ئەوانەشی نەبێت بۆ ماوەیەكی كاتیە.
باسی لەوەشكرد كەموكوڕیەكان لە قەڕەباڵغی و زۆری نەخۆشەكان دروست دەبن، شوێنەكەمان بچووكە و بەشی ئەو هەموو نەخۆشە ناكات،  روویداوە نەخۆش بهێنرێت جێگای خەواندنی نەبێت  وتیشی: كێشەیەكی سەرەكی  ئەوەیە، پێشتر بینای تایبەت بە نەخۆشخانەی منداڵان نەبووە و پێویستە نەخۆشخانەیەكی نوێی منداڵان لە هەولێر دروست بكرێت كە فراوانتر بێت و شوێنی زیاتر و باخچەی هەبێت.

بینا نوێیەکە درایە کەرتی تایبەت
بۆ چارەسەركردنی بچووكی نەخۆشخانەی منداڵان، چەند ساڵێك لەمەوبەر لە هەولێر نەخۆشخانەیەكی منداڵانی مۆدێرنی حكومی لەسەر رێگای (هەولێر–شەقڵاوە) لەلایەن كۆمپانیایەكی نەوت بەبڕی 40 ملیۆن دۆلار دروستكرا، بڕیاربوو بدرێت بە وەزارەتی تەندروستی، بەڵام بە وتەی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئێستا ئەو نەخۆشخانەیە بۆتە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی و رادەستی وەزارەتی تەندروستی نەكراوە.
لەبارەی ئەو نەخۆشخانەتازەیە، مەحمود محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی هەولێر وتی: ئەو نەخۆشخانەیە پەیوەندی بەئێمەوە نییە و هیچ زانیاریەكیشم لەسەری نییە.
بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی راپەڕینی هەولێر لەساڵی 2021 دا 137 هەزارو 822 منداڵی نەخۆش بەمەبەستی چارەسەر هێنراونەتە نەخۆشخانەكە، لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵیشدا 83 هەزارو 238 منداڵی نەخۆش چارەسەریان وەرگرتووە.
بۆ زانینی هۆكاری دروستنەكردنی نەخۆشخانەیەكی نموونەیی گەورەی منداڵان لە هەولێر و چیرۆكی ئەو نەخۆشخانە تازەیەی كە دەوترێت نەخۆشخانەیەكی حكومی منداڵان بووە و دراوەتە كەرتی تایبەت، پەیوەندیمان بەبەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێرو وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم و بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی هەولێر كرد، بەڵام دوای چەندین جار وەڵامی پەیوەندییەكانمانیان نەدایەوە.

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان