قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، لە یادی 19 ساڵەی هەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال وەک یەکەمین کورد کە ببێتە سەرۆک کۆماری عیراق راگەیەنراوێکی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: هەموان شایەتی دەدەن لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بەبێ جیاوازی خەمخۆری هەموان بوو.
هەروەها وتیشی، 19 ساڵ لەمەوبەر، بۆ یەکەمجار لە عیراقدا سەرۆکێک هەڵبژێردرا، کە کۆدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکان و هەموو پێکهاتەکانی عیراقی لەسەر بوو. ئەزموونی زیاتر لە نیو سەدە خەباتی هەبوو لەپێناوی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری و دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورددا.
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا هەموان شایەتی دەدەن کە لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بەبێ جیاوازی، پارێزەری مافی هەموو پێکهاتەکان و مافی هەموو هاووڵاتییان بوو، خەمخۆری هەموان و کۆکەرەوەی لایەنە ناکۆکەکان بوو.
لە راگەیەنراوەکەیدا، قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو: هەرێم و عیراق لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە عەقڵییەتی كۆكەرەوە و یەكڕیزیی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاكسازییە کە ئەوکات سەرۆک مام جەلال بەرجەستەی کردبوو.