ئەنفال و مزگەوت

11:37 - 2024-04-14
دووتوێ
82 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

تاوانی ئەنفال، یەکێکە لە دیارترین ئەو مادانەی دەکرا و دەکرێت، زیرەکانە لە وتاری ئایینی و مامۆستایانی ئاینیدا جێگەی بکرایەتەوە و لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە وەک هەر بابەتێکی دیکەی نەتەوەیی و نیشتمانییمان، پشتیوانی ئایینیی بۆ دەستەبەربکرایە و بە بەشێک لەو تاوانە گەورانە وێنا بکرایە کە خودا و ئیسلام دژی وەسناونەتەوە، بەڵام نەک بەپێچەوانەوە، ئایین بکەین بە پشتیوانی روودانی کردنی تاوانەکە و بەڵگەی قورئانی بۆ بهێنینەوە و پێمانوابێت ئایین و ئیسلام رێگەی بە تاوانێک داوە ناوی ئەنفال بێت، لەولاشەوە مامۆستایانی ئایینی قسەی جدی و یەکلاکەرەوەیان بۆ بۆچوونێکی وەها نەبێت.

هەڵە گەورەکەی ناو خیتابی دینی کوردی ئەوەیە، هێشتا مزگەوتەکان هێزێکی ئەوەندە گەورەیان بەخۆیان نەداوە ئەم بابەتە بگۆڕن بۆ هێزی نەرمی نەتەوەیی ئێمەی کورد

هەر بۆچوونێک پێیوابێت ئایین پشتیوانی لە تاوانێکی لەو جۆرە دەکات کە ناوی (تاوانی ئەنفال)ە و دەرهەقی نەتەوەی کورد کراوە، بەڕاستی ئەم بۆچوونە سێ جار زەرەرمان لێدەدات، یەکەمیان: رووسپیکردنەوەی تاوانبارەکانی بەعس و دەست و پێوەندەکەی سەدامی دیکتاتۆرە و بەڵگەیان دەداتە دەست، دووەمیان، جیهانێکی ئیسلامی لە خۆمان دەتۆرێنین و رەتدەکەینەوە کە هەموو سنوورەکانمان پێکەوەیە و رەنگە زەرەری نەتەوەیی و نیشتمانیشی بەدوادا بێتەوە، سێیەمیان، ئێمە ئایین و قورئان و پێغەمبەرەکەیشی بەوە تاوانباردەکەین کە پشتیوانییان لە تاوان کردووە، لەکاتێکدا ئیسلام سەراپای مانای ئاشتی و دوورکەوتنەوەیە لە تاوان.
بەمانایەکی دیکە، ئیسلام و تاوان ــ گوناهـ، بۆ خۆیان دوو چەمکی دژن بەیەکتر و پێکەوە هەڵناکەن، چجای ئەوەی چەمکی تاوان لە هەناوی ئایین و ئیسلامدا جێبکرێتەوە و بکرێنە دوانەیەکی نزیک لەیەکتر، مادام قورئان هەموو جۆرەکانی تاوان رەتدەکاتەوە، کەواتە ئەنفالیش بەمانای تاوانی کورد رەتدەکاتەوە و بەهیچ کلۆجێک پێکەوە هەڵناکەن، 
ئەم شەرحەی ئێمە لە بنەڕەتدا ئیشی مەلا و مامۆستای ئایینییە، بەڵام کە ئەوان ئاوڕیان لە تاوانێکی وەک ئەنفال و نزیککردنەوەی لە ئایین نادەنەوە، ئەوا دەبێتە ئیشی من وەک موسڵمانێک!.
هەڵە گەورەکەی ناو خیتابی دینی کوردی ئەوەیە، هێشتا مزگەوتەکان هێزێکی ئەوەندە گەورەیان بەخۆیان نەداوە ئەم بابەتە بگۆڕن بۆ هێزی نەرمی نەتەوەیی ئێمەی کورد، وەک چۆن شایانی ستایش نییە، ئێمەمانان ساڵی جارێک یادێک و وتارێک بۆ ساڵیادی تاوانەکەمان بنووسین، ئاوهاش عەیبەیەکی گەورەیە ساڵی یەکجار گوێمان لێبێت لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە ئەم تاوانە بخرێتەوە بیری تاکی کورد. مەخابن هێشتا مامۆستایانی ئایینی ئێمە، ئەو سورەتەی قورئان کە ناوی (ئەنفال)ە ئەوەندە بە وردی و لێزانانە راڤەنەکردووە تا مرۆڤی کورد ئیتر دڵنیاببێتەوە کە ئایا ئێمە خودی تاوانەکەین؟ یان تاوانلێکراوەکە؟، یان نەخێر ئێمە تاوانبارەکەین؟
ئەم پرسیارانە وەک چۆن ئیشی هونەر و خوێندنگە و سیاسەت و دیپلوماسییەتی کوردییە بیجوڵێنێت و بیانخاتە بەر نەشتەری رەخنە، ئاوها ئیشی مامۆستاکانی ناو ئایینیشە ساڵانە زیاد لەجارێک وتارێک تایبەت بکەن بە ئەنفال، یان پەیوەندی بە بوارە جیاجیاکانی وەک ئەنفال و ئایین، ئەنفال و هونەر، ئەنفال و زمان و ئەنفال و پۆشاکی کوردی و زۆر شتی دیکەش، بەڵام رەخنەی جدیم هەیە لە مامۆستایانی ئاینی و لەدوای ساڵیادی رابردووی ئەنفالەوە، تا نووسینی ئەم دێڕانە، وتارێکی دیکەم لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە گوێ لێنەبوو تایبەتکرابێت بە تاوانی ئەنفال.

#ئەنفال

بابەتە پەیوەندیدارەکان