شەهیدبوونی محەمەد سیاسی لە چیای هەڵەمووند

10:16 - 2025-05-12
کەلتور
12 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر مەنتك

راستگۆیی و پاكبوون لەسەرجەم كایەكانی ژیاندا، گرتنەبەری رێگەی گەیشتنە بە ئاسودەیی و ئارامی لە تەواوی تەمەندا، هەر ئەوانەش دەبنە خاوەنی خۆشەویستیی نیشتمان و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاك.
ئەوكاتانەی كە نیشتمان لەژێر مەترسی داگیركردن و فشار و ستەمی دوژمندایە، ئەوكاتانە دڵە پاك و راستگۆكان و ئەوانەی ئینتمایان بۆ خاك هەیە، دەچنە مەیدانی روبەڕووبوونەوەوە.
ئەگەر ئەو شۆڕە سوارانە نەبوونایە، ئەگەر پێشمەرگە و شۆڕش نەبوایە، راپەڕین و ئازادی و دەستكەوتەكانی دوای راپەڕین نەدەبوون و نەمان دەبینین، هەر لەبەر ئەوەشە كە ئێستا خەباتگێڕ و پێشمەرگە دێرینەكان، ویژدانیان، دڵیان، باوەڕیان ئاسودەیە و ئێستاش خۆشەویستییان بۆ كوردستان هەمان خۆشەویستیی سەردەمی خەباتە و هەمان بیروباوەڕیی هاوڕێ شەهیدەكانیان هەیە، ئەو شەهیدانەی كە لەو رێگەیەدا و بۆ ئەو ئامانجە، گیانی خۆیان كردە قوربانی.
سنووری چالاكیی تیپەكانی: باڵەك وكارۆخ و رواندز و كۆڕەك و تەواوی تیپ و یەكەكانی دیكەی پێشمەرگە، بە سەدان و بگرە هەزاران تێكۆشەر و شەهیدی ئاوای لەخۆگرتووە كە یەكێك لەوشەهیدانە، (محەمەد سیاسی)یە. 
شەهید محەمەد سیاسی، تا بڵێی پیاوێكی راستگۆ، پاك، خاكی و جوامێر، پێشمەرگەیەكی لێهاتوو، ئازا، بەهیمەت و بە غیرەت، فەرماندەیەك خۆشەویست و خۆنەویستی ناو هێزی پێشمەرگە و خەڵك بوو، لە داستان و نەبەردی و چالاكییەكاندا لەپێشەوە بوو.
بەڵام سەدحەیف، لە شەڕێكی نەخوازراوی داسەپاو بەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، لە شەوی 10\11/12/2000 لە زینی وەرتێ‌ شەهیدكرا.

ژیاننامەكەی
شەهید محەمەد مستەفا مەلا رەسوڵ ناسراو بە محەمەد سیاسی، لەدایكبووی ساڵی 1955ی گوندی (وەرتێ‌)ی رواندزە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1974 بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول تا نسكۆی ساڵی 1975.
ساڵی 1979 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و هەمانساڵ بووە بە پێشمەرگە لە هەرێمی 14ی ئاكۆ.
ساڵی 1984 لە تیپی 73ی هەڵەمووند درێژەی  بە پێشمەرگایەتی داوە.
ساڵی 1986 تا راپەڕین لە تیپی تایبەتی مەڵبەندی سێی هەولێر بووە، دواپلەی لە سەردەمی شاخدا فەرماندەی كەرت بووە.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی زۆربەی شەڕەكانی سنووری مەڵبەندی سێی كردووە، وەك: شەڕەكانی هەڵەمووند، گەرووی مەنجەڵ، خۆشناوەتی، كۆنە كۆتر، سادر.
بەشداریی راپەڕینی ساڵی 1991ی كردووە و لە هێزی 37ی هەڵەمووند و لەشكری كارۆخ، درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە.
دوا پلەشی فەرماندەی هێز بووە لە لەشكری كارۆخ.
بەداخەوە، شەوی 10\11/12/2000 لە زینی وەرتێ‌-چیای هەڵەمووند، شەهیدكرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان