«باشترین پەیام، كردارە، نەك قسە، ساڵێكی تر بە شێوازی دیكە یادی دەكەینەوە»

قوباد تاڵەبانی: تاوانی ئەنفال و یاد و ناوی پیرۆزی 182 هەزار شەهیدی ئەنفال لەبیرناكرێت

12:15 - 2024-04-15
کوردستان
408 جار خوێندراوەتەوە
سەردانی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ کفری

دوێنێ، لە هەرێمی كوردستان بە یاد و رێوڕەسمی جیاجیا یادی ئەنفال كرایەوە و جێگری سەرۆك وەزیرانیش بە كەناڵەكانی راگەیاندنی وت: باشترین پەیام، كردارە، نەك قسە و وتیشی: ساڵێكی تر بە شێوازێكی دیكە یادی تاوانی ئەنفال دەكەینەوە.
«خاكی پیرۆز..»
لە پەیامێكیشدا بۆ یادی 36 ساڵەی تاوانی ئەنفال، بەناوی «خاكی پیرۆز..»، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، دەڵێت:
بۆ گەلی كورد، گەرمیان خاكی پیرۆزە، چونكە بست بە بستی ئەم خاكە شوێنپێی شەهیدێكی ئەنفالی لە ئامێز گرتووە. بەدڵنیاییشەوە تا ئەو رۆژەی كورد بمێنێت، نە تاوانی ئەنفال و نە یاد و ناوی پیرۆزی 182 هەزار شەهیدی ئەنفال لەبیردەكات.
ئەمڕۆ لە دێبنەی ئازیز، بە یادی هەموو شەهیدانی ئەنفال، تاجەگوڵینەمان لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دانا. یاد و ناویان بۆ هەتاهەتایە لەدڵماندا بە پیرۆزی هەڵدەگرین. كورد ئەو میللەتەیە كە بە ناو ئاگر و دۆزەخی ئەنفال و هەڵەبجەدا تێپەڕی و هەروا زیندوو و لەسەرپێ ماوەتەوە، بۆیە بۆ هەتا هەتایەش هەروا زیندوو دەمێنێتەوە.
بەسەركردنەوەی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای حەسیرە
دوێنێ، لە رۆژی ئەنفالدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی كرد و لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا، بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیدانی ئەنفال، لە گوندی دێبنە سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی كرد و تاجەگوڵینەی رێز و وەفای لەسەر مۆنۆمێنتەكە دانا.
دواتر قوباد تاڵەبانی، سەردانی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای حەسیرەی كرد و بەشە جیاوازەكانی پڕۆژەكەی بەسەركردەوە و دەستخۆشی لە ستافی بەڕێوەبردنی وێستگەكە كرد كە بەشێوەیەكی سەركەوتووانە توانیویانە پڕۆژەكە سەرپێبخەن و داوای لێكردن كاربكەن بۆ فراوانتركردنی پڕۆژەكە لەداهاتوودا. وەبیریشی هێنایەوە كە پڕۆژەكە جێبەجێكردنی یەكێك لە بەڵێنەكانی بوو كە لە ساڵی 2018دا بە دانیشتووانی كفری دابوو كە كێشەی گازی بەفیڕۆچووی گەرمیان، چارەسەربكات و بە دروستكردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا، لە گازە بەفیڕۆچووەكە وزەی كارەبا بەرهەمبهێنن و خزمەتی ناوچەكەی پێبكەن.
وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای حەسیرە، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نزیكەی 160 مێگاوات كارەبای هەیە.
كفری، كردنەوەی سەرۆكایەتیی زانكۆی پۆلیتەكنیكی گەرمیان
لە درێژەی سەردانەكەیدا، جێگری سەرۆك وەزیران بە یاوەریی ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە كفری سەرۆكایەتیی زانكۆی پۆلیتەكنیكی گەرمیانی كردەوە.
لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئەنجومەنی زانكۆكە، جێگری سەرۆك وەزیران پیرۆزبایی كردنەوەی زانكۆكەی لە دانیشتوانی كفری و بەڕێوەبەرانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی گەرمیان كرد و دوای گوێگرتن لە داواكاری و پلانی پێشخستنی زانكۆكە، داوایلێكردن بە هەموو توانایانەوە كاربكەن، زانكۆكە بكەنە زانكۆیەكی نموونەیی بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی سنوورەكە و ستراتیژی زانكۆكەش پێگەیاندنی خوێندكاران بێت بە توانایەكی بەرزی زانستییەوە و ئامادەبكرێن بۆ چوونە ناو بازاڕی كارەوە.
پڕۆژەی گەشتیاریی بەنداوی باوەشاسوار جێبەجێدەكرێت
وێستگەیەكی دیكەی سەردانەكەی قوباد تاڵەبانی قائیمقامیەتی كفری بوو، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ قائیمقام و بەرپرسانی ئیداریی قەزاكە، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە ساهر عەلی جاسم قائیمقامی نوێ كرد و كێشە و گرفتە ئیداری و خزمەتگوزارییەكانی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوە كرا و بڕیاردرا چەند پڕۆژەیەك لە سنوورەكەدا بەتایبەت لە رێگاوباندا جێبەجێبكرێت.
جێگری سەرۆك وەزیران، داوای لە بەرپرسانی ئیداریی قەزاكە كرد كارئاسانی تەواو بۆ باشتر خزمەتكردن و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاووڵاتیان، بكەن.
دوای كۆبوونەوەكەش، سەردانی بەنداوی باوەشاسواریان كرد و تاوتوێی رێكارەكان و چۆنیەتی دروستكردنی ناوچەیەكی گەشتیاری لەسەر بەنداوەكە كرا و جێگری سەرۆك وەزیران، داوایكرد دەستەی گەشتوگوزار بە هاوكاری ئیدارەی گەرمیان لە نزیكترین ماوەدا پڕۆژەی گەشتیاریی بەنداوی باوەشاسوار بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە و رێكارە یاسایی و كارگێڕییەكانی بەزووترین كات تەواوبكرێن، كە چەندین هەلی كار دەڕەخسێنێت و ژێرخانی ئابووریی دەڤەرەكە دەبوژێنێتەوە.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان