لە ساڵیادی کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەساناندا

11:07 - 2024-04-18
ڕاپۆرت
149 جار خوێندراوەتەوە
لایەنێک لە ڕێورەسمی 37 -هەمین ساڵیادی کیمیابارانی بالیسان

راپۆرتی/ جێگر خدر

بۆ تەواوکردنی چەند پڕۆژەییەکی گرنگ لەسەر راسپاردەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕی زیاتر لە یەک ملیار دینار وەک دیاریی بۆ خەڵکی ناوچەکە تەرخانکراوە

رۆژی 16-4 بۆ بەرز راگرتنی یادی شەھیدانی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان، مەراسیمێکی تایبەت بەڕێوەچوو، رێوڕەسمی یادەکە کە لەلایەن مەڵبەندی 6-ی سۆران-ی ی.ن.ک-ەوە رێکخرابوو، وێڕای رێزنواندن لەسەر مەزاری شەھیدان و کەسوکاریان، یەکێتی بە خزمەتکردنی ناوچەکە و بەجێگەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، 37-ەمین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی ئەو سنوورەی بەرزڕاگرت.

خدر مستەفا

 

سەرۆکی یەکێتی یەک ملیار دیناری تەرخان کردووە

لە مەراسیمەکەدا، خدر مستەفا لێپرسراوی مەڵبەندی سۆران-ی یەکێتی، مژدەی ئەوەی بە دانیشتووانی ناحیەی بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتیدا، کە لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر لە یەک ملیار دینار، وەک دیاری یەکێتی بۆ خەڵکی ناوچەکە تەرخانکراوە بۆ تەواو کردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ ، وتیشی: لە نێو ئەو پڕۆژانەدا؛ تەواوکردنی 150 خانووی شەھیدان، نۆژەنکردنەوەی یاریگای ناحیەکە، تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی گوندی هەڕووتە کۆن، نۆژەنکردنەوەی ھۆڵی شەھیدانی کیمیاباران لە شێخ وەسانان و چەند پڕۆژەیەکی دیکەش هەن. 
لەلایەکی دیکەوە، پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیی ناوچەکە هەیە بەھۆی دابین نەکردنی بودجەوە بۆی لەلایەن حکومەتەوە، پەکی کەوتبوو، داخوازیی زۆری دانیشتوانی دۆڵی خۆشناوەتییە، بەھۆی خراپیی ئەو رێگەیەوە ئاستەنگ بۆ ھاتوچۆی دانیشتوانەکەی دروستبووە، ئەو شەقامەش هەردوو ئیدارەی راپەڕین و سۆران پێکەوە دەبەستێتەوە. 
لەوبارەیەوە خدر مستەفا وتی: بە هەوڵی راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، ئەو پڕۆژەیەش پارەی پێویستی بۆ تەرخانکراوە و لە دوو رۆژی رابردوودا دەستی پێکردۆتەوە و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بکرێت.

تاقانە بەجێماوەکەی کارەساتەکە نیگەرانە
هەر لەو رووەوە هەندرێن بالیسانی، کە یەکێک لە تاقانە بەجێماوەکانی بنەماڵەکەی لە کارەساتی کیمیابارانی بالیساندا  کە لەکۆی ئەندامانی خێزانەکەی تەنها خۆی وەک رزگاربوویەکی ئەو کارەساتە لە ژیاندا ماوە، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە پشگوێخستنی کەسوکاری شەھیدان و ناوچەکەیان لەلایەن حکومەتەوە دەردەبڕێت و دەڵێت: «ناوچەکەمان دووجار وێران کراوە و بە سەدان شەھیدمان داوە، بەڵام وەک پێویست حکومەت ئاوڕی لێ نەداوینەوە، بڕە پارەیەکی ھاوکاریمان هەبوو، ساڵێک زیاترە حکومەت ئەوەشی بڕیووە، لە کاتێکدا من بۆخۆم بریندار دەناسم مانگانە لە سەروو ملیۆنێک دینارەوە خەرجیی چارەسەرکردنێتی. ئەگەرچی مووچەکە پارەیەکی کەم بوو  و تەنها بڕی 400 هەزار دینار بوو بەڵام ئەوەشیان پێ رەوا نەبینین و ئێستا بڕدراوە.
باسی لەوەش کرد، کە ساڵی پار ئەو وەک یەکێک لە تاقانەکانی بەجێماوی کارەساتی کیمیابارانەکە، رێگریی لەوە کردووە کە ھیچ کەسێک سەردانی گۆڕستانی شەھیدەکانیان بکات، چونکە بەری رەنجی ئەو شەھیدانەمان نەچنیوەتەوە و بێبەش بووین وەک دانیشتوانی دۆڵی بالیسان، بەڵام ئەمساڵ کە سەرۆکی یەکێتی خۆی ھاتۆتە سەر خەت و پارەی تایبەتی بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان و خەڵکی ناوچەکە تەرخانکردووە، هەروەھا پڕۆژە گرنگەکان بە هەوڵی جێگری سەرۆکی حکومەت کەوتوونەتەوە کار، ئێمە خۆشحاڵین و پێشوازی لە هەر لایەنێک دەکەین خزمەت بکات.

 

هەندێک لە بریندارەکان مانگانە بایی ملیۆنێک دینار چارەسەریان دەوێت، کەچی 400 هەزاری هاوکارییەکەشیان  لەلایەن حکومەتەوە بڕاوە

 

بیرهێنانەوەیەکی مێژوویی
رۆژی 16/4/1987 بۆ یەکەمین جار رژێمی بەعس، چەکی کۆکوژی کیمیایی لە دژی دانشتوانی بالیسان و شێخ وەسانان بەکارھێنا، لە ساڵی 1988 جارێکی دیکە هەردوو شوێنەکە کیمیاباران کرانەوە و بەهۆیەوە 288 ھاووڵاتی مەدەنی شەھیدکران و زیاتر لە 300 کەسیش بە کاریگەریی ئەو چەکە برینداربوون کە بەشێکیان تائێستاش چارەسەر وەردەگرن. بە هەمان بۆنەوە رۆژی 16-ی نیسان کە ھاوکاتی کارەساتەکەیە وەک رۆژی ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا جێگیرکراوە.

کەسوکاری شەهیدان بەدیار حەسرەتی یادەوەرییەکانیانەوە

بابەتە پەیوەندیدارەکان