چامپیۆنس لیگ پێی ناوه‌ته‌ قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌كه‌وه‌

11:38 - 2024-04-30
وەرزش
296 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌مشه‌و و سبه‌ی شه‌و هه‌ردوو یاریی چوونی  قۆناغی چوار یانه‌و نیوه‌ی كۆتایی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا (چامپیۆنس لیگ) ده‌كرێن هه‌فته‌ی ئاینده‌ش هه‌ردوو یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كرێن و خوله‌كه‌ پێ ده‌نێته‌ یاریی كۆتایی خۆیه‌وه‌.
ئه‌مشه‌و یه‌كه‌م یاریی و سه‌بی شه‌ویش یارییه‌كه‌ی تر به‌مشێوه‌یه‌ ده‌كرێن:
بایرن مونشن×ریاڵ مه‌درید
ئه‌م یارییه‌ سه‌عات 10ی ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه‌ 30/4 له‌ یاریگای ئه‌لیانز ئه‌رینای تایبه‌ت به‌یانه‌ی بایرن مونشنی ئه‌ڵمانی ده‌ستپێده‌كات، له‌ یاریه‌یكه‌دا تۆماس تۆخێلی راهێنه‌ری بایرن مونشن و ئه‌نچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریاڵ مه‌درید، به‌ ته‌واوی یاریزانان و ئه‌ستێره‌كانیانه‌وه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن.
تۆماس تۆخێل له‌ قۆناغی پێشوودا له‌سه‌ر حسابی یانه‌ی ئه‌رسناڵ گه‌یشتۆته‌ ئه‌م یارییه‌، ئه‌نچیلۆتیش له‌سه‌ر حسابی مان سیتی، به‌مه‌ش ئه‌م دوو راهێنه‌ره‌ دوو به‌هێزترین یانه‌ی پریمه‌ر لیگیان كردۆته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ئیداره‌ و هه‌وادارانی هه‌ردوو یانه‌ چاویان له‌وه‌یه‌ به‌لێكدانی ئەنجامی هه‌ردوو یاریی چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ یانه‌كه‌یان بگاته‌ یاریی كۆتایی.
بایرن ئەمساڵ نازناوی پاڵه‌وانی بۆندس لیگای له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام ریاڵ مه‌درید یه‌كلایی كردۆته‌وه‌، ریاڵ مه‌درید له‌وپه‌ڕی ئاست باشی و تۆمار كردنی ئه‌نجامی باشدایه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بایرن ئاستی به‌رز و نزمیی زۆری پێوه‌ دیاره‌، له‌م یارییه‌شدا پێویستی به‌بردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ ئه‌ركی سه‌رشانی قورس نه‌بێت.

تۆماس تۆخێل له‌ قۆناغی پێشوودا له‌سه‌ر حسابی یانه‌ی ئه‌رسناڵ گه‌یشتۆته‌ ئه‌م یارییه‌، ئه‌نچیلۆتیش له‌سه‌ر حسابی مان سیتی، به‌مه‌ش ئه‌م دوو راهێنه‌ره‌ دوو به‌هێزترین یانه‌ی پریمه‌ر لیگیان كردۆته‌ ده‌ره‌وه‌


بروسیا دۆرتمۆند×پاریس سامجێرمان
هه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا دووه‌م یاریی چوونی ئه‌م قۆۆناغه‌ ده‌كرێت و سه‌عات 10 ی سبه‌ی شه‌و چوارشه‌ممه‌ 1/5/2024 له‌ یاریگای سیگناڵ ئیدۆنا پاركی تایبه‌ت به‌یانه‌ی دۆرتمۆند یارییه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات.
ئه‌م یارییه‌ش یارییه‌كی هه‌ستیاره‌، پاریسییه‌كان پاش ئه‌وه‌ی له‌ یارییه‌كی شێتانه‌دا كه‌ناوبژیوانی یارییه‌كه‌ پاڵه‌وانی دیار و ئه‌نجام یه‌كلا كه‌ره‌وه‌بوو، توانی به‌ربه‌ستی بارسیلۆنا ببڕێت، یاریی چوون كه‌له‌ پاریس كرا بارسا 3-2 یارییه‌كه‌ی بردبۆ‌وه‌، به‌ڵام یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ له‌ مۆنتیجیك كرا پاریس 4-1 له‌ بارسای برده‌وه‌و توانی بگاته‌ ئه‌م یارییه‌.
هه‌رچی یانه‌ی بروسیا دۆرتمۆنده‌ ئه‌میش به‌هه‌مان شێوه‌ یانه‌یه‌كی تری ئیسپانیای كرده‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید بوو، به‌تایبه‌تیش كاتێك له‌ یاریگای خۆیدا ‌ توانی 4-2 یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌ هه‌ر چه‌ند له‌مه‌درید 1-2 به‌ ئه‌تله‌تیكۆ دۆڕابوو.
هێشتا فیكه‌ی دەستپێکی هیچ كام له‌م دوو یارییه‌ لێنه‌دراوه‌، وه‌ك ده‌ڵێن له‌سه‌ر كاغه‌ز بردنه‌وه‌و سه‌ركه‌وتنی هه‌رچوار یانه‌كه‌ بۆ یاریی كۆتایی له‌ئارادان، هه‌رچواریان هه‌لی سه‌ركه‌وتنیان هه‌یه‌، سه‌ره‌تا یارییه‌كانی چوون هێندێك له‌ ئاسۆی ئه‌نجامه‌كان روون ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ كه ‌له‌ مه‌درید و پاریس ده‌كرێن دوا بڕیار ده‌ده‌ن.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان