خەسرەو گورون
46
وەك لە ژمارەی پێشووی ئەم باسەمدا ئاماژەم بۆ كرد، لەگەڵ خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا، هەڵبژاردەی سلێمانی بەشداریی خولی كۆماریی هەڵبژاردەی شارەكانی عیراقیشی كردبوو، زۆربەی یاریزانانی ئەم تیپەش یاریزانانی یانەی سلێمانی بوون، لەگەڵ ئێمەشدا چەندین یاریزانی تر لە یانەو دامەزراوە وەرزشییەكانی كانی ئەوسای شاری سلێمانی لەوانە یانەی نەورۆز و كرێكاران و تیپە میلییەكانی سلێمانی لە لایەن راهێنەری هەڵبژاردەكەوە خوالێخۆشبوو فازیلی حاجی عەبدوڵاوە دەستنیشان كرابوون.
هەر لە ژمارەی پێشووی ئەم گۆشەیەمدا، باسی یەكەم یاریی خۆمانم بەرامبەر هەڵبژاردەی هەولێر كرد كە 1-0 یارییەكەمان بردەوە، یارییەكەش رۆژی 8/2/1988 لە یاریگای سلێمانی كردمان، بەڵام دووەم یاریمان لە موسڵ و لەیاریگای زانكۆی موسڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەو شارەبوو، یارییەكەش رۆژی 11/2/1988 كرا، تیمێكی ناوبژیوانی لە شاری دهۆكەوە هاتبوون بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكە، ئێمە بە درێسی رەنگ سوورەوە یاریمان كرد و موسڵیش رەنگی درێسەكانیان سەوز بوو، سەرۆكی وەفدی ئێمەش خواڵێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشانی بوو.
راهێنەر لەم یارییەدا بەپلانی 4-3-3 یاریی كرد ، پێكهاتەی سەرەكیش بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی: (رەفیق عەلی).
*بەرگری: (خەسرەو گورون، شەهید ئامانج عومەر، هادی كەریم، سۆران ئەحمەد).
*ناوەند: (ئامانج سەید برایم-كاپتن، فەریدون كەمال، كاروان حەمە فەرەج).
*هێرشبەر(ئاراسە سوور، ئازادی حاجی مەلا شەریف، جەعفەر تۆفیق).
لە یارییەكەدا (هیوا محەمەد-گۆڵچی،كەریمە سوور، بەكری شێخ مستەفا) یاریزانانی یەدەك بوون، هەرلەم یارییەدا راهێنەر تەنیا یەك گۆڕانكاریی كرد ئەویش ئەوەبوو عادلی خستە شوێنی ئاراسە سوور.
ئەو ساڵە یانەی موسڵ پلە یەكی عیراق بوو، زۆربەی یاریزانانی هەڵبژاردەی موسڵ یاریزانانی ئەو یانەیەو یانەی فتووە بوون، سەرەنجام دووەم یارییمان بە دۆڕاندن كۆتاییهات و موسڵ یارییەكەیان 2-1 لە ئێمە بردەوە، لە دەقیقەكانی 12 و 21 دا ئەوان هەردوو گۆڵەكەی خۆیان كرد، ئازادی حاجی مەلا شەریفیش تاقە گۆڵكەی ئێمەی لە دەقیقەی 36 دا كرد.
لە ژمارەكانی داهتوودا باسی دوو یارییەكەی ترمان دەكەم لەم خولەدا كە بەرامبەر دهۆك و كەركوك بوون.