كێشەی فێرگەكەیان نەبوونی خولەكانی كوردستانە

01:41 - 2022-06-13
وەرزش
396 جار خوێندراوەتەوە

ستادیۆم
فێرگەی بالەی یانەی سلێمانی ماوەی 7 ساڵە دامەزراوە و بەم دواییە مەراسیمێك بۆ ساڵڕۆژی دامەزراندی فێرگەكە لە هۆڵی یانەی سلێمانی رێكخرا و كێكی یادەكە لەلایەن یاریزانان و سەرپەرشتیار و ئیدارەی یانەكەوە شكێنراو ئەم یادەیان بەرز راگرت.
ئەم فێرگەیە تایبەتە بە یاریزانانی كچان و سەرجەم تەمەنەكانی بێچووە شێران و تازەپێگەیشتووان و لاوان لەخۆ دەگرێت، د. ئالان سەڵاح سەرپەرشتیار و راهێنەر و مامۆستای فێرگەكەیە، ستادیۆم بۆ بەسەر كردنەوە و رێكخستنی ئەو یادە و بیرۆكەی فێرگەكە، چەند پرسیارێكی لە د. ئالان كردو ئەویش لە وەڵامدا ووتی: من كاتێك لە هەندەران گەڕامەوە، بەمەبەستی خزمەتی شارەكەم و یاریی بالە بە تایبەتیش بۆ كچان، ئەم بیرۆكەیەم بۆ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی باسكرد، سەرتا فێرگەكەم لەو یانەیە دامەزراند، بەڵام هاندان و پشتگیرییەكی ئەوتۆ نەكراین بەتایبەتیش لە لایەن سەرپەرشتیاری بالەی یانەكەوە، بۆیە بڕیارمدا واز لەو یانەیە بهێنم، دواتر فێرگەكەم وەك فێرگەیەكی سەربەخۆ هێشتەوە و نەمهێشت تێكبچێت و بەردەوام بووین.
پاش ماوەیەك كاك هەردە رەئوف كە ئەوسا جێگری سەرۆكی یانەی سلێمانی بوو، قسەی لەگەڵدا كردم و داوایكرد فێرگەكە ببەمە یانەی سلێمانی و بەڵێنی هاریكاری تەوای داین، منیش قایل بووم و لەوساوە تائێستا ئێمە لە یانەی سلێمانی بەردەوامین.
هەر سەبارەت بە فێرگەكە و ژمارەی یاریزانان و بەرنامەی كارەكانیان ئەوەی پێووتین كە نزیكەی 135 كچە یاریزانیان لە تەمەنە جیاجیاكاندا لە منداڵانەوە تا ئاستی تازەپێگەیشتووان و لاوان هەیە و بەردەوام مەشق و راهێنان دەكەن و بەشێوەیەكی زانستی یاریی بالەو تەكنكی ئەم یارییەیان فێردەكەین.
هەروەها ووتی: هەنگاو بەهانگاو لەگەڵ سەرجەم یاریزانەكاندا دەڕۆین، بەشداری ئەو خولانە دەكەین كە دەكرێنەوە، هەرچەندە خولەكانی كوردستان زۆر كەمن و لەم رووەوە هاندان نییە و خولی كوردستان زۆر كەمە.
سەبارەت بە كێشەكان و پشتگیری یانەی سلێمانیش ووتی: ئیدارەی یانەی سلێمانی زۆر دڵسۆزانە پشتگیریمان دەكەن و هیچ كەم و كوڕییەكیان نییە، بەڵام یاری بالە وەك زۆرێك لە وەرزشەكانی تری كوردستان بەدەگمەن خولی بۆ دەكرێتەوە و ژینگەی وەرزش و یاریی بالە بە تایبەتیش بۆ ئەم تەمەنەی یاریزانان هاندەر نییە ئەمەش گەوەرترین كەم و كوڕییەكانمانە.
لەكۆتاییدا وێڕای دسەتخۆشیم بۆ ستادیۆم كە ئەم فێرگەیەی بەسەر كردۆتەوە، ووتی ئێمە ئەو كەم و كوڕییانە  نامان وەستێنێت، لە ئەركەكانی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ خزمەتی یاریی بالە لەشارەكەم و كوردستان و بەردەوام مەشق و راهێنانی خۆمان دەكەین. 

د.ئالان سەلاح

بابەتە پەیوەندیدارەکان