لەیادی کۆچی دوایی مەحمودی مەلا عیزەت - دا

مامۆستایەک لە لوتکەی خەمخۆریدا

10:37 - 2024-05-05
کەلتور
83 جار خوێندراوەتەوە
مەحمودی مەلا عیزەت

كوردستان حەسەن


لە رۆژێكی بەهاریدا چاوەڕوان بووم بە زەنگی تەلەفونێكت هەواڵت ببیستم، دەنگت نەبوو، هەرگیز بەوجۆرە نەبوویت، رۆژانە پێكەوە گفتوگۆمان دەكرد سەبارەت بەو نووسینانەی كە بەنیازبوویت چاپی بكەیت، لەگەڵ ئەو بابەتانەی كە من بە سادەیی دەمنووسین بۆ ئەوەی هانم بدەی بچمە ناو دنیای نووسینەوە لە رێگای (پێشڕەو ئەحمەد) كە سەرنووسەری رۆژنامەی (سلێمانی نوێ) بوو بۆت بڵاودەكردمەوە، لەگەڵ هەموو سەفەرەكانتدا بۆ وڵاتی سوید پێش سەفەر پێت دەگوتم هەتا دەگەڕێمەوە بزانم چەند بابەتت نووسیوە؟ چەند كتێبت خوێندۆتەوە و چەند تابلۆت كێشاوە؟ ئەم هەموو مەزنی و میهرەبانییەت لەكوێ بوو، ئاخر پەنجەكانی من هێشتا قەڵەمێكی سادەبوون وەك قەڵەمی قوتابییەكی پۆلی یەكەمی سەرەتایی بوون لە ئاست باڵای نووسینەكانتدا كەچی پێت دەوتم وەرە نووسینەكانمان بەراورد دەكەین بزانم هەتا دێمەوە چۆن گۆڕدراویت و چۆن لەجاران زیاتر لەو بوارەدا كارت كردووە، كاتێك مرۆڤ دەگاتە لوتکەی مەعریفەت ئیتر دەیەوێ پێش دوا سەفەری ئەبەدی جێ پەنجەیەكی وا جێ بهێڵێت كە بیرنەچێتەوە. هەواڵم لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ پرسیت، پێیان وتم مامۆستا تازە گەڕاوەتەوە لە سوید و تەندروستی باشە، رۆژێك و شەوێک، دەنگی مامۆستام نەبیست، دواجار پێیان راگەیاندم كە مامۆستا لەنەخۆشخانەی بوژاندنەوەی دڵ خەوێندراوە، سەردانیم كرد، زۆر پاڕامەوە لەپزیشكەكان وەڵامیان نەدەدامەوە، دواجار لەبەردەم قەرەوێڵەكەی مامۆستا وەستام، مامۆستا بە ئاستەم چاوەكانی كردەوە و ئاهێكی هەڵكێشا، بەڵام هیچی نەگوت، دەبوو لەوكاتانەدا مامۆستا باسی چی بكات؟! بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی مامۆستام ناسی هەمیشە لەگەڵ نووسین و خوێندنەوە دابوو، پێی وابوو خوێندنەوەیە مرۆڤ دەگەیەنێت بەهەموو خواستێك لەژیاندا، لە بەهاری (2005) مامۆستا مەحمود دوا ماڵئاوایی لێ كردین لە وڵاتی سوید، بەڵام لەو كاتەوە هەتا ئێستاش بۆ یەك رۆژیش نەبووە لەبیری بكەم چونكە زۆر دڵسۆز و خەمخۆری هەموو بوارەكانی ژیانم بوو، زۆر هەوڵی پێگەیاندنی منی دا هەتا گەیشتمە قۆناغی زانكۆ، رۆحت شاد و یادت پڕ خێربێت، هەرگیز لەیادت ناكەم مامۆستا بە ئەمەك و دڵسۆزەكەی كوردستانی نوێ .

کاتێک مرۆڤی خاوەن مەعریفەت لەسەفەری ئەبەدی نزیک دەبێتەوە دەیەوێ کارێکی نەمر بکات

بابەتە پەیوەندیدارەکان