وەزارەتی خوێندنی باڵا و دیداری زیرەکیی دەستکرد

بۆ «پێداچوونەوە بە سیستمی پێدانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا»

10:41 - 2024-05-05
کەلتور
132 جار خوێندراوەتەوە

کوردستانی نوێ


لەرۆژنەدا بە چاودێری د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە شاری هەولێر بەئامادەبوونی هەریەک لە بریکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرۆک زانکۆکان، راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و یاریدەدەرانی‌ سەرۆکی‌ زانکۆ و مامۆستایانی‌ زانکۆ و میوانانی ئەکادیمی، دیداری (دەرفەت و ئالنگارییەکانی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا) لەلایەن فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هۆتێلی هەولێری نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.

بەردەستخستنی سەرچاوە ئەکادیمییەکان لە ئێستادا بەهاوکاری ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد کاتێکی زۆر بۆ توێژەر دەگەڕێنێتەوە

سەردەمی ژیریی دەستکرد
دیدارەکە بە وتاری لیژنەی رێکخستنی دیدارەکە دەستی پێکرد و د. ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وتارێکدا ئاماژەی بە گرنگییەکانی ژیریی سەردەمییانەی دەستکرد دا بە جۆرێک بەکارهێنانی ئەم ئامرازە سەردەمییەی بە گرنگ وەسفکرد بەو مەرجەی نەبێتە هۆی دانانی کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەسپاکی ئەکادیمی لە نووسینەوەی توێژینەوەکاندا.

ژیریی دەستکرد ناچارمان  دەکات گۆڕانکاری بکەین 
لە دیدارەکەدا وتاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەلایەن د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا پێشکەش کراو لە وتارەکەیدا باسی لە گرنگی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم پێویستیە سەردەمییە کرد لەکاتی توێژینەوە و بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا و ئاماژە بەوەش درا هاتنە کایەی سیستمی ژیریی دەستکرد ڕەنگە لە داهاتوو ناچارمان بکات کە پێویست بکات پێداچونەوە بە سیستمی پێدانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا بکرێتەوە بەتایبەت لە روی ماوەی خوێندن بۆ ماستەر و دکتۆرا، چونکە بەردەستخستنی سەرچاوە ئەکادیمییەکان لە ئێستادا بەهاوکاریی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد کاتێکی زۆر بۆ توێژەر دەگەڕێنێتەوە.

چوار پانێل لەبارەی ژیریی دەستکردەوە
لە درێژەی دیدارەکەدا لە چوار پانێڵی جیاوازدا باس لە ئامراز و دەرفەتەکانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکان تیشکیان خرایە سەر و ئەزموونی زانکۆ پێشکەوتووەکان و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەو گۆڤارە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژیریی دەستکردو ئالنگارییەکانی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردیش لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا تەوەرەکانی تری دیدارەکە بوون، هاوکات لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆ و پرسیارو وەڵام دروستبوو لەوەی کە توێژەری کورد و زانکۆکانی کورد لە کوێی ئەو هاوکێشەیەدان و ئاستی بەکارهێنان و رێگریکردن لە زیرەکیی دەستکرد لە چ قۆناغێکدایە.

بەئاگابون لە دەرفەت و ئاڵانگاری  ژیریی دەستکرد
د. ئامانج عەبدوڵا راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لە گرنگی دیدارەکە کردو وتی: ئێمە لە وەزارەت ئەم دیدارەمان بە پێویست دەزانی تا بتوانین رای توێژەران و سەرۆکی زانکۆکان و سەرنوسەری گۆڤارە ئەکادیمییەکانی زانکۆکانی کوردستان بزاین تا بەئاگابین لە ئاستی بەکارهێنان و ئاڵانگاری و دەرفەتی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایشدا راسپاردەو پێشنیاری دیدارەکە بە چڕی گفتوگۆیان لەبارەوە کراو، بڕیارە لە ئایندەدا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا‌ رێنمای و بڕیاری تایبەت بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە توێژینەوەی زانستی و ماستەرنامەو تێزی دکتۆرادا دەربکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان