بەهیچ شێوەیەك رێككەوتن نەكراوە

د.ئەحمەد كەركوكی بۆ كوردستانی نوێ: گفتوگۆكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك هەنگاوی باشیان بڕیووە

01:12 - 2024-05-06
عیراق
88 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند: گفتوگۆكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك هەنگاوی باشیان بڕیووە.
د.ئەحمەد كەركوكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لێدوانێكدا بۆ  كوردستانی نوێ، رایگەیاند: بێگومان وەك دەزانین هەواڵێك لە رۆژنامەی شەرقئەلئەوست-دا بڵاوكراوەتەوە و باس لە رێككەوتنی لایەنەكان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك، دەكات، بەڵام ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و تا ئەمڕۆ هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، وتیشی: گفتوگۆكان بەردەوامن و لە هەوڵداین بۆ ئەوەی داواكارییەكانی خۆمان بەدەستبهێنین.
جەختیشیكردەوە، گفتوگۆكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك هەنگاوی باشیان بڕیووە، هەروەها سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراقدا پێداگربووە لەسەر ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی یەكێتی، كە زۆرینەی دەنگەكانی كەركوكی بەدەستهێناوە و داوای مافی خۆی دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان