چاوپێکەوتن/ رێزە حسێن
ئاسایشی خۆراک بە مانای دەستگەیشتنی خەڵکی دێت بە خۆراکی پێویست و تەندروست لە هەموو کاتێکدا بە مەرجێک سەلامەتی جەستەیی و کۆمەڵایەتی و ئابووریش رەچاوبکرێت.
پسپۆڕانی خۆراک لە هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە راگەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت رێنمایی و هۆشداری زیاتر بڵاوبکەنەوە، لە چوارچێوەی گرنگیدان بە سەلامەتی خواردن، بە جۆرێک خولی تایبەت بکرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە خواردنگە و کافتریا و شوێنە گشتییەکاندا کاردەکەن، ئەندازیارێکی خۆراک لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت:» کاتی ئەوە هاتووە، حکومەت لە دامودەزگا رەسمییەکاندا و لە سێکتەرەکانی پەیوەندیدار بە تەندروستی و خۆراک، دەرچوانی زانستی خۆراک دابمەزرێنێت».
لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک تایبەت بە کوردستانی نوێ وتی: بەهۆی نەشارەزایی لەکاتی هەڵگرتنی خۆراکدا زۆرینەی کات لەناو ماڵ و خواردنگە گشتییەکاندا هەڵە روودەدات، چونکە هیچ زانیارییەکمان نییە دەربارەی (خۆراک چۆن خەزن دەکرێت؟ دوای ئامادەکردن چۆن ساردەکرێتەوە؟ چۆن لەناو بەڕاد-دا هەڵدەگیرێت؟) ئەو پسپۆڕە وتی: دوای ئامادەکردنی خواردن، ئەوەی دەمێنێتەوە نا تەندروستە لە پلەی گەرمی ژووردا دابنرێت، رێگەی تەندروست بۆ هەڵگرتنی ئەوەیە لەماوەی کەمتر لە دوو سەعات خورادنەکە سارد بکرێتەوە تا بەکتریا گەشەی لەسەر نەکات، دواتر بکرێتە ناو دەفرێک ئاوی ساردەوە تا بە زووترین کات ساردبێتەوە، پاشان بپێچرێتەوە و بکرێتە ناو بەڕادەوە ئەویش تا 48 سەعات گونجاوە لەناو ساردکەرەوەدا هەڵبگرێت و جارێکیتر شیاوە بۆ خورادن، هەروەها خۆراکی ئامادەکراو لە دەفەرێکی ئاوی گەرم دابنرێت، باشترین رێگەیە تا خواردنەکە بە بەردەوامی بە گەرمی بمێنتەوە و هەمیش ناسووتێت.
خواردنی فرێش باشترینە
لەشکر حەمید وتیشی، هەموو خۆراکە فرێشەکان بەهای خۆراکییان لە خواردنی قتوکراو و خواردنی ناو کیسەکان بەرزترە و مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ کەمترە بەوەی خواردنی فرێش بەکتریا لەسەریان گەشەناکات، چونکە هیچ مەوادێکی حافیزەی بۆ زیاد ناکرێت. هەروەها خواردنی خۆراکە ئامادەکراوەکانی ناوکیس و لەقتوکراوەکان هەفتانە زیاتر لە دوو تا سێجار تەندروست نییە، چونکە بە رێژەیەکی زۆر مەوادی حافیزەی تێدایە وەک نیترات و نیتریت کە کاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، هاووڵاتیان دەبێت هۆشیاربن لەکاتی کڕین یان بەکارهێنانی خواردنی لە قتوکراو، لە رووی فیزیاییەوە کە (تام و رەنگ و بۆن)ەکەی نەگۆڕابێت، دواتر بەچاو پشکنین بکرێ بۆ کاتی بەرهەمهێنان و بەسەرچوونەکەی، هەروەها قتووەکە نەقوپابێت هەڵنەئاوسابێت و تووشی داخوران نەبووبێت، هەروەک نابێت لە پلەی گەرمی ژووردا هەڵبگیرێت، گرنگیشە دوای هەڵپچرانی قتووەکە ئەو بڕەی ماوەتەوە راستەخۆ بپێچرێتەوە و لەماوی 24 سەعاتدا بخورێت، بەپێچەوانەوە بەکارهێنانی نا تەندروستە.
لەشکر حەمید دەڵێت بەهۆی راگەیاندن و هاوکات ئەوانەی کە پسپۆڕ و شارەزان لە کوالێتی جۆری خۆراک، زۆرترین زانیاری گەیەندراوەتە هاووڵاتیان، بۆیە لەسەر ئاستی گشتی کاردانەوەی باشی هەبووە، بووەتە هۆکارێکی باش تا خەڵکی هۆشیاربن لەکاتی بەکارهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ خۆراکدا، بەجۆرێک لە خواردنگە و شوێنە گشتییەکان و هاوکات لەناو ماڵەکانیشدا، خەڵک زۆر گرنگی بە سەلامەتی و کوالێتی خواردن دەدەن، هاوکات خەڵکانێکیش هەن تائێستا نازانن شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆراکدا چۆنە، بەتایبەت هەڵگرتنی خۆراکە وشکەکان، بە نموونە برنج کاتێک هەڵدەگیرێت، ماوەی بەسەرچوونی بۆ دوو ساڵە، بەڵام ئەگەر لە وەرزی هاویندا هەڵبگیرێت، شوێنەکەی پلەی گەرمی زۆر بەرزبێت بەتایبەت بگاتە سەرو 31 پلەی سەدی، لە ماوەی یەک مانگدا برنجەکە بەسەردەچێت و ئەسپێ و حەشەرات لەناوی گەشە دەگات و بەهای خۆراکییەکەی لە دەستدەدات، بۆیە دەتوانم بڵێم 100 % نەتوانراوە لەناو ماڵ و خواردنگەی شوێنە گشتییەکاندا کۆنتڕۆڵی ئەو دیاردەیە بکرێت، تایبەت ئەو خۆراکانەی لەپلەی بەستندان وتیشی: دەبێت لە پلەی
– 18 دا هەڵبگیرێن و تەنها یەکجار بەکاربهێنرێن، دوای خاوبوونەوە نابێت جارێکتر بیبەستێتەوە، چونکە شیاونین بۆ خواردن.
ئەندازیاری خۆراک دابمەزرێنن
ئەو پسپۆڕەی خۆراک، زانیاری ئەوەشی خستەڕوو ئێستا حکومەتی ناوەند، دەرچوانی ئەندازیاری خۆراک لە زانکۆکانی عیراق و هەرێم بەڕێژەیەکی زۆر دامەزراندووە، بۆ چاودێری خۆراک لە شوێنە گشتییەکاندا، بۆ دیاریکردنی خواردنی دایکی دووگیان و دیاریکردنی خۆراک بۆ منداڵ، بۆیە پێویستە لەولایەنەوە حکومەتی هەرێم هەڵوێستە بکات، ژمارەیەکی بەرچاو هەلی دامەزراندن بۆ ئەو کەسانە بڕەخسێنێت کە دەرچووی زانستی خۆراکن تا لە سێکتەرەکان و لیژنەکانی چاودێریکردنی خۆراک و شوێنە گشتییەکاندا، لەناوچەکانی خۆیان خزمەت بکەن، نەک بچنە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق بە مەبەستی کارکردن، بە زیادەڕۆیی نازانم ئەگەر بڵێم بە دامەزراندنی دەرچووانی زانستی خۆراک، «80 % ی ئەو گرفتانەی هۆکارن بۆ نا تەندروستی خۆراک لەناو ماڵ و شوێنە گشتییەکاندا کەمدەکاتەوە»
بەرهەمی خۆماڵی
لەشکر حەمید لەبارەی بەرهەمە خۆماڵییەکان، بەتایبەت شیرەمەنییەکان، وتی: هاووڵاتی دەتوانێت لە رێگەی پشکنینی فیزیکییەوە بە رێگەی بۆنکردن و تامکردن و سەیرکردن پشکنینی بۆ بکات، ئەگەر ترش یان تاڵ بوو، رەنگی گۆڕابوو بە دڵنیاییەوە خراپبووە و بەکتریا لەسەری گەشەیکردووە، شیاوی بەکارهێنان نییە، هەروەک هێلکە بە سێ رێگە دەتوانرێت پشکنینی بۆ بکرێت، هێلکە بکرێتە دەفرێک ئاوەوە، ئەگەر بە باری مەشکەیی یان پانی نقومی ئاوەکەبوو، ئەوە جۆرەکەی تازەیە و کەمتر لە حەوت رۆژە، ئەگەر بەشێکی ژێر ئاو کەوت، تەمەنی هێلکەکە 14 رۆژە، هاوکات بە باری قوچەکی بەشێکی لەسەرەوە بوو، بە شێکی لە خوارەوە، تەمەنی کەمترە لە 21 رۆژ، بەڵام ئەگەر هێلکەکە بە تەواوەتی سەر ئاو کەوت ئەوە خراپ بووە و نابێت بخورێت.
شەکر و چەوری
تایبەت بە چەوری و شەکر ئەو ئەندازیارەی خۆراک ئاماژەی بەوەکرد، مرۆڤ نابێت و ناتوانێت بە یەکجاری خۆی لە خواردنیان دووربخاتەوە، چونکە جەستەی مرۆڤ پێویستی بە وزەیە، نابێت بە تەواوەتی وزەی لێ ببڕدرێت، بۆیە رێژەیەک لە شەکر و چەورییە باشەکان بە بڕێکی کەم بۆ وزە پێویستە، رۆژانە دوو کەوچکی چا تا سێ کەوچک بخورێت، هەروەها ئەو چەورییانەی کە هایدرۆجینی بۆ زیادکراوە، ئەگەر بڕێکی زۆری لێبخورێت خراپە، بەڵام چەوری ئاژەڵیی یان چەورییە نەباتییەکان وەک زەیتی گۆڵەبەڕۆژە و گەنمە شامی بۆ سورکردنەوە باشە، چونکە هیچ مادەیەکی بۆ زیاد ناکرێت، بۆ زەڵاتە و خواردنە ساردەکانیش زەیتی زەیتون باشترینە، هەروەها ئەو زەیتانەی کە بە پەستانی سارد بەرهەمدەهێنرێت تەندروستن بۆ بەکارهێنان، ئێستا لە هەرێمی کوردستان چەند کارگەیەک هەن بەو شێوەیە زەیت بەرهەمدەهێنن.