كەركوك، ئاوڕێك لە رابردوو دیدێك بۆ ئایندە

11:24 - 2022-06-14
کەلتور
543 جار خوێندراوەتەوە

تەحسین نامیق
ئا: كامۆ حەوێزیی


ئەم كتێبە بە یەكێك لە كتێبە زۆر گرنگەكانی مێژووی كەركوك و ناوچەجێناكۆكەكان ژمێرە دەکرێ، بەو پێیەی بابەتەكانی دووتیۆی ئەم كتێبە زۆر گرنگن و بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی نووسراون، ئێمە لەم كورتە نووسینەدا ناتوانین قسە لەبارەی تەواوی بابەتەكانی نێو ئەم كتێبە بكەین، وامان بەباشزانی سەرەتا ناونیشانی بەشێك لەو بابەتە گرنگانەی ئەم كتێبە بخەینەڕوو بۆ ئەوەی خوێنەری كورد و بەتایبەتی ئەو كەسانی سەرقاڵی بابەتی مێژووی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانن پێی ئاشنا بن. وێڕای پێشەكی، كەركوك لە مێژووی كۆندا، كەركوك لە مێژووی هاوچەرخدا. رێككەوتننامەی سایكس _ بیكۆ. كۆنگرەی ریككەوتن_پاریس. رێككەوتننامەی سیڤەر. پەیماننامەی لۆزان. كێشەی ولایەتی موسڵ « كوردستانی باشوور. دەقی ماددەی «58» ی یاسای بەڕیوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە. ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عیراق. ماددەی»24»ی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان. كەركوك و سیاسەتی نێودەوڵەتی و چەندین بابەتی گرنگی دی، كە دەكرێت خوێنەر لە دووتوێی كتێبەكەدا بیانخوێنێتەوە.
كەركوك و سیاسەتی نێودەوڵەتیی
سەرەڕای جەختكردنەوەی بەردەوام لەلایەن سیاسەتی «عیراق و ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی»یەوە، كە پێویستە كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەت كێشەی كەركوك وەك كێشەیەكی ناوخۆیی عیراق مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و زەمینەسازیی چارەسەری كێشەكەش لەو چوراچێوەیەدا ئەنجام بدرێ بە لەبەرچاوگرتنی مافی سەرجەم پێكهاتەكان. بەڵام لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عیراق و لكاندنی كوردستانی باشوور بەو دەوڵەتەوە، لەسەرجەم هەل و مەرجە جیاجیاكانی مێژوودا بۆ ساغكردنەوەی كێشەی كەركوك لەنێوان حكومەتی ناوەند و نوێنەرانی كورد دا، سیاسەتی ئیقلیمی یاخود سیاسەتی نێودەوڵەتی رۆڵی بەرچاو و تاڕادەیەك بڕیاردەریان هەبووە، چ لەڕووی هێشتنەوەی كێشەكە بە هەڵپەسێردراوی یاخود ئاڕاستەكردنی بەئاقارێكدا بە قازانجی حكومەتی ناوەند بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی پاراستنی مافی پێكهاتەی كورد لەو ناوچانە و دابڕینیان لە سنوری جوگرافی هەرێمی كوردستان.

نەتەوەیەكگرتووەكان و چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان
نوێنەری تایبەتی سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان» ستیڤان دیمستۆرا» لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە» 1770 لە 10\8\2007 بە مەبەستی هاوكاریكردن بۆ چارەسەری كێشەی ناوچەدابڕاوەكانی كوردستان، لە سێ‌ قۆناغدا چەند پێشنیارێك پێشكەش دەكات.
قۆناغی یەكەم، تایبەت دەبێت بە ناوچەكانی مەخمور، ئاكرێ‌، مەندەلی، حەمدانییە.
قۆناغی دووهەم، تایبەت دەبێت بە ناوچەكانی» تەلەعفەر، تەلكێف، شێخان، شنگار، خانەقین.
قۆناغی سێهەم تایبەت دەبێت بە پارێزگای كەركوك.
لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوە یەكگرتووەكان جەخت دەكاتەوە كە كاری نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەشكردنی هاوكاریی و ئامادەكردنی راپۆرتی شیكارییە سەبارەت بە ناوچە جێناكۆكەكان و حكومەتی عیراق خۆی راپۆرتی بڕیارە لە میتۆد و پرۆسەی چارەسەركردنی كێشەكە، بەڵام لە دووتوێی راپۆرتێكدا شێوازێك لە دەستێوەردانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەدیدەكرێت و پێشێلكردنی مافە دەستورییەكانی عیراق لە خۆدەگرێت بە هەنگاوی دووركەوتنەوە لە ماددەی 140
ماددەی (23)ی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان.
ئەم بەشەی كتێبەكە بۆ دەستنیشانكردنی گرفت و چارەسەركردنی كێشە یاسایی و موڵكدارییەكانی پارێزگای كەركوك و سەرجەم قەزاو ناحیەكانە، بۆ ئەم مەبەستە چەندین ئالییەت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان لەرێی دەستوورەوە دیاری كران.
یەكەم: ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك و قەزاو ناحیەكانی، دوای جێبەجێكردنی دابەشكردنی دەسەڵاتی كارگێڕی و ئەمنی و وەزیفە گشتیەكان بە هەر سێ‌ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەن و پارێزگار و جێگری پارێزگار لە نێوان پێكهاتەكان و... هتد.
دووهەم: پێكهێنانی لیژنەیەك كە پێكدێت لە دوو نوێنەر بۆ هەریەك لەسێ‌ پێكهاتە سەرەكییەكەی پارێزگای كەركوك، كە نوێنەرایەتی پارێزگای كەركوك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەكەن هتد...
سێهەم: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجام دەدرێت، دوای پێشكەشكردنی راسپاردە و ئەنجامە وەدەستهاتووەكانی لیژنەكە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، بەو پێیەش ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەستێت بەداڕشتنی یاسایەكی تایبەت بۆ یەك خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك.
چوارەم: هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی خۆجێی كەركوك بە یەكسانی و بەپێی دەستوور سەرجەم پێداویستییەكانی جێبەجێكردنی كارەكان لیژنەكە دەگرنە ئەستۆ.
وێڕای ئەم خاڵانە ئەم كتێبە باسی گرنگی لە بارەی كێشەی گەڕانەوەی كەركوك لە خۆ دەگرێت، ئەو خوێنەرە ئازیزانەی مەبەستیانە شارەزایی تەواویان لە بارەی مێژووی كەركوك و گرفتەكانی لەگەڵ حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق شارەزابێت دەتوانێ‌ ئەم كتێبە بەسەر بكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان