عەبدوڵڵا كۆمەڵە
كوڕێكی ئەسمەری پرچ لولی كورتە باڵا، زیتەڵە و وریا، هەمیشە پێدەكەنی و هەندێك جاریش لەسەر و دەستبزێو، لە هیچ سڵی نەدەكردەوە، هەموو شتێكی لەلا گاڵتەبوو: ژیان، مەرگ، شەڕ، دوژمن و كۆپتەر و ... هتد.
گوێی لە هەمووكەس دەگرت و بە قسەی كەسیشی نەدەكرد، هاوكاری خەڵكی دەكرد و لەگەڵیشدا كەتنێكی دەنایەوە، لە هیچ نە دەپرینگایەوە، بەڵام تا بڵێی دەست و داوێن پاك بوو.
لە منداڵییەوە هاوڕێ بووین، شەڕ و ئاشتیمان تێكەڵ بوو، زۆربەی كات ناكۆك بووین، بەڵام هەرگیز ئێوارەیەك بە عاجزی لەیەك جیانەبوینەتەوە، ئەو كوڕەش شەهید (كاروان تاهیر)ی هاوڕێم بوو.
هاوڕێیەتی لە منداڵییەوە تا پێشمەرگایەتی
ساڵی 1984 لە گفتوگۆی كورد و بەعسدا دەمانچەیەكی ویلتەری كۆنی پەیداكردبوو، ئەوكاتە هەرزەكاربووین، لەبەر دەركی ماڵیان لە گوندی كانی شەیتان لەسەر تراكتۆرەكەیان بووین، دەمانچەكەی دەرهێنا یەك فیشەكی تیا مابوو كە لەبەر كۆنی نەدەتەقی، ئەوەندە دەرزی دەمانچەكەی بەركەوتبوو تەرەقەكەی بە تەواوی كون ببوو، میلی راكێشا و رویكردە ناوچەوانم و دووجار پەنجەی پێدانا هەر دە چركا.
هەستی گەنجانەم رێی نەدەدا ترس دەربڕم و رێی لێبگرم، ئەویش پێدەكەنی و سێیەمجار ویستی پەنجەی پێدا بنێ، توند مەچەكیم گرت و لەسەر ناوچەوانم لامبرد، لەگەڵ پەنجە پێداناندا زرمە هات و فیشەك دەرچوو!، حەپەساین و چەندچركەیەك قسەمان بۆ نەدەكرا، نازانم چەندی خایاند، بەڵام ئەوە دەزانم بە (ئەیەڕۆ ئەوە چی بوو)ی باجی (هەواگوڵی)ی دایكی كاروان بە ئاگا هاتینەوە.
لە پێشمەرگایەتیش لە یەك كەرت و تیپ یەكمان گرتەوە، لە جەولەو دابەشبوونی ماڵانیش هەر پێكەوە بووین، بەهەمان خووی منداڵییەوە بەردەوام بوین لەسەر شەڕەكانمان، بەڵام هیچ كات دەستبەرزكردنەوە و دەستبردن بۆ تفەنگی تیا نەبوو، بۆ ئاشتبوونەوەش پێویستمان بە نێوەندگیریی كەس نەبوو، لەگەڵ یەكتری و بەبێ یەكتریش ئیدارەمان دەكرد.
لە رووی فكر و رێكخستنیشەوە هەر جیاواز بووین، ئەو شۆڕشگێڕان و منیش كۆمەڵە، كە دەچووینە ماڵان و من لەگەڵ خاوەن ماڵ باسی شۆڕش و كۆمەڵە و فكری ماركسیەت و یەكسانی نێوان چینەكانم بۆدەكرد، كاروانیش دادەنیشت و گوێی دەگرت، بەڵام كە دەچووینەوە مزگەوت لای برادەران، دە ئەوەندەی قسەكانی منی دەخستە سەر و دەیوت: كۆمەڵە بە خاوەن ماڵەكەی وت خانووی دووقاتتان بۆ دروست دەكەین و هێڵی شەمەندۆفێرتان بۆ رادەكێشین و... ئیتر وازی نەدەهێنا تا توڕەی دەكردم.
بەهۆی پێشمەرگایەتیی كاروانەوە ماڵی مام تایەری باوكیشی دەربەدەربوون و لە گوندی(گەڕگەڕ)ی نزیك ئاغجەلەر گیرسانەوە، تراكتۆرە عەنتەرەكەشیان هێنابوو، بەڵام لەوێش گیرۆدە ببوو بەدەست كاروانەوە، بە شوێنی سەخت و ناخۆشدا دەیبرد و هەرچیشی دەستكەوتایە لە گاز و نەوت و رۆنی رەش، تێی دەكرد.
زۆر رقی لە خۆ شۆردن بوو، ئەگەر بە رێكەوتیش خۆی بشۆردایە دەبوو هەموومان بیزانین و هاواری دەكرد (خۆم شۆرد)، جا چونكە رەشتاڵەش بوو كە خۆشی دەشۆرد پێوەی دیار نەبوو.
نەمان بینیەوە
رۆژێك هەر من و ئەوبووین لە گوندەكانی قەڵاسێوكەوە بە سواری تراكتۆرەكەیان دەگەڕاینەوە بۆ گەڕگەڕ، دەبوایە بە ناو ئاغجەلەردا بڕۆیشتینایە، ئەوێش هەرچەندە هێزی دەوڵەتی تێدا نەمابوو، بەڵام فەوجێكی جاش لە تەوەكەڵ بوو، بۆ خۆشۆردن دەچوونە سەر كانییەكە.
دەبوو كاروان بە ئاراستەی باشووردا بڕوات و خۆی لەو شوێنە لابات، بەڵام رێگەی لای ئەوانی گرتەبەر و تەواو نزیك بوینەوە، ژمارەیان 10 جاش دەبوو، ئێمەیان بینی و منیش بۆ ئەوەی هەروا بێ تەقە ملیان پێوە نەنێین، ناچاربووم ریزێك فیشەكم كرد بەناویاندا، لەو كتوپڕەدا شڵەژان و بەبێ كاردانەوە هەڵاتن، لەوە زیاتر بڕۆیشتینایە دەكەوتینە ژێر كۆنتڕۆڵی رەبایەكانی قەراغ جادەكە، بۆیە خێرا سوكانەكەم گرت و ناچار بە گەڕانەوەم كرد.
لە راستیدا جاشەكان دەیانتوانی تەقەمان لێبكەن، ئیتر نازانم لە ترسا نەیانكرد، یان شتێكی تر.
كاروان لە دایكبووی ساڵی 1969ی (بەكرەجۆ)ی سلێمانی و پێشمەرگەی تیپی 25ی خاڵخاڵان بوو، ساڵی 1988 لە ئەنفالدا شوێنبزركرا و هەرگیز نەمان بینییەوە.