سەرەڕای ئەوەی لەڕووی ئیداری و گومرگییەوە ئاسانكاریی زۆر كراوە، بەڵام هێشتا گۆشتی سوور لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا، هەرزان نەبووە.
بەپێی سەرچاوەكانی زانیاریی كوردستانی نوێ، نرخی گۆشتی سوور لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا، بەو ناوچانەشەوە كە رێژەیەكی زیاتری ئاژەڵداریی تێدایە، كەم و زۆر هەرزان نەبووە و لە نرخێكی گراندا ماوەتەوە، كە 20 هەزار دینار و زیاتریشە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم لە دوو مانگی رابردوودا كاری لەسەر ئاسانكاریی تەواو بۆ هەر بازرگانێكی ئاژەڵ كردووە كە بیەوێت گۆشتی سوور لە دەرەوەی هەرێم هاوردەی بازاڕی ناوخۆیی بكات و پێویستییەكانی بازاڕ پڕبكاتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ، هۆكاری گرانیی نرخی گۆشتی سوور دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی توركیا و ئێران پارەی زۆر دەخەنەسەر نرخی گۆشتی سووری هاوردەكراو بۆ هەرێم، لەلایەكی ترەوە هۆكارێكی تر پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و خواردەمەنی لە بازاڕەكانی جیهاندا، لەناویاندا گۆشتی سوور، ئەمە جگەلەوەی پێویستییەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵ لە هەرێمیشدا گرانتر بووە، لەهەمانكاتدا خواست لەسەر كڕینی گۆشتی سوور لە زیادبووندایە، كە هەر كەسێك لە عیراقدا ساڵانە زیاتر لە 15 كیلۆ گۆشتی سوور و 21 كیلۆ گۆشتی سپی پێویستە، لەكاتێكدا خستنەڕووی گۆشت لە بازاڕەكاندا كەمترە و هەرێم و عیراقیش ناچارن لە چەندین وڵاتەوە گۆشتی سوور هاوردە بكەن.