دكتۆر داهات حەوێزی پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و شەكرە و غودە، دەڵێت: دەرزی ئەنسۆلین بۆ ئەوكەسانەیە كە شەكرەكەیان بە عیلاج چارەسەرنەكرێت ئەوا دەرزی ئەنسۆلینیان بۆ دەنووسرێت.
دكتۆر داهات حەوێزی بە لاپەڕەی تەندروستی راگەیاند: ئەو كەسانەی كە لە منداڵییەوە تووشی شەكرە دەبن زیاتر تووشی شەكرە لە جۆری یەكەم دەبن، هۆكارەكانیشیان بەهۆی تێكچوونی بەرگری لەشە یان قەڵەوی و نەجوڵان، بەڵام شەكرەی جۆری دوو بەهۆی خواردنی خراپ و نان و شیرینی و زیادخۆری لە خواردنی خێرا، یان كەسەكە چەوری جگەری هەبێت یان نەجوڵان و وەرزش نەكردن یان بۆماوەیی یانیش تێكچوونی هۆرمۆناتی لەش بەتایبەتی هۆرمۆنی رژێنی سەر گورچیلە كە دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی شەكرە و زەخت.
هەندێک جۆری شەكرە هەیە کە بەهۆی دەرمانێك یان هەوكردنێكەوە یان بەهۆی سكپڕییەوە یان قەڵەوییەوە دروست بووبێت دوای تێپەڕبوونی حاڵەتەكەیان ئەگەری چاكبوونەوەیان هەیە، ئەو شەكرەیەی كە زۆر بەرزبێت و كۆنتڕۆڵ نەبێت و نزیكەی 300 بەرەو سەرەوە بێت یاخود كەسەكە لەگەڵ شەكەرەكەیدا نەخۆشی تری لەگەڵ بێت وەك زەخت و گورچیلە و دڵی زەعیف بێت یان دەمارەكانی گیرا بێت لەم حاڵەتانە شەكرە مەترسیدارە، پێویستە رۆژانە پشکنینی شەكرە بكرێت كەسێك كە هیچ شەكرەی نەبێت و بێ نان خواردن پێویستە شەكرەكەی لە نێوان 100 بۆ 104 بێت و دوو سەعات دوای نان خواردن تا 140 سروشتییە، پشكنینی سێ مانگی شەكرە تا 5.7 تەبیعیە و لەوە زیاتر بێت بە شەكرە هەژماردەكرێت و پێویستە نەخۆشەكە پارێزبكات، بەڵام كەسێك ئەگەر شەكرەی هەبێت و عیلاج وەربگرێت پێویستە شەكرەكەی لە 100 بۆ 120 بێت باشە و دوو سەعات دوای نان خواردن 140 بۆ 180 بێت باشە و سێ مانگییەكەشی لە نێوان 6 بۆ 7 بێت بە كۆنتڕۆڵكراو دادەنرێت.
سەبارەت بە دەرزی ئەنسۆلین بۆ ئەوكەسانەیە كە شەكرەكەیان بە عیلاج چارەسەرنەكرێت ئەوە دەرزی ئەنسۆلینیان بۆ دەنووسرێت، بەتایبەتی ئەو كەسانەی كە شەكرەی جۆری دوویان هەیە، بەڵام ماوەیەكی زۆرە تووشی شەكرە بوونە و پەنكریاسیان ماندووبووە پێویستیان بە دەرزی ئەنسۆلینە، لە هەندێك حاڵەتیشدا خانمانی دووگیان ئەگەر ئاوی دەوری منداڵەكەیان زۆربێت و بێ عیلاج چارەسەرنەكرێت ئەوە دەرزی ئەنسۆلینیان بۆ دەنووسرێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا ئەو كەسانەی كە كێشیان بەهۆی شەكرەوە دادەبەزێت ئەوە دەرزی ئەنسۆلین باشترە و تۆزی كێشیان باشتر دەكات، ئەگەر كەسەكە لەگەڵ شەكرەكەیدا چەوری سەر جگەر یان غودەی تەمەڵی هەبێت ئەوە قەڵەو دەبێت، ئەگەر كەسەكە عیلاج بەكاردەهێنێت و ببێتەهۆی پوكانەوەی ماسولكەوە كێشیان دادەبەزێت یان ئەو كەسانەی كە جورعەیەكی زۆری ئەنسۆلین بەكاردەهێنن كێشیان زیاددەكات، هاوکات ئەو كەسانەی شەكرەیان لەگەڵە پێویستە پارێز لە سێ جۆر خواردن بكەن كە بریتین لە نانی سپی، کە بە ئاردی سفر دروست دەكرێت و سۆدەیان تێدایە و برنجیش نابێت بخورێت ئەگەریش دەیخۆن بە بڕێكی كەم بیخۆن و مەرجە بە پڵاوی لێنرابێت، هاوكات زۆر گرنگە جووڵە و وەرزش بكەن تا شەكرەكەیان كۆنتڕۆڵبكرێت.
ئامادەکردنی دیانا ئەحمەد