ئیدریس جەبار
د.ئیناس مەكسوسی ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، باسی مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر دەكات لەسەر كۆمەڵگەی عیراقی و دەڵێت: تەنگی بە كۆمەڵگە هەڵچنیوە.
د.ئیناس مەكسوسی، لە لێدوانێكی تایبەت بە كوردستانی نوێ، رایگەیاند: بەرپرسیارێتی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئەستۆی هەموواندایە و روبەڕوبونەوەشی هەر تەنیا بە دامەزراوەكانی حكومەت ناكرێت، پێویستە دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و مامۆستایانی ئاینیش رۆڵی خۆیان ببینن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، هەر تەنیا دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی نییە، گەر تەماشای زانیارییەكان بكەین لەو رووەوە دەبینین رووبەری مەترسییەكانی روو لەزیادبوونە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە هاوئاهەنگی لەنێوان دامەزراوەكاندا نییە بۆ بنبڕكردنی ئەو مەترسییە.