بەشە بچووكەكەی كوردستان

10:36 - 2024-05-14
کەلتور
136 جار خوێندراوەتەوە

ئاكار نەجم

 

ساڵانێك بەر لە ئێستا ئەگەر بگوترایە رۆژگارێك بەشە بچووكەكەی كوردستان ئازاد دەكرێت و دەبێ بە هەرێمێكی سەربەخۆ خەیاڵ بوو، هەروەك زۆر هەڵكەوتی دیكە بۆ كورد هەڵكەوتووە و پێشتر خەیاڵ بووە، هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كورد دوژمنی زۆرە و بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشكراوە، ئەمە وای كردووە هەمیشە پێمانوابێ ئەستەمە بە مافەكانی خۆمان بگەین، بەڵام سیاسەتی نێودەوڵەتی هەمیشە خەیاڵ دەكات بەواقیع، ئەوەتانێ ئەمڕۆ سەرباری گەلێك رووداو و ماجەڕای ناخۆش و تۆقێنەر، سەرباری فشارە زۆرەكانی دەوروبەر رۆژئاوای كوردستان پێی ناوەتە قۆناغێكی دیكەوە، سەرباری ئاوارەیی
و شەڕ و كاولكاری ئەمڕۆ رۆژئاوا
بە خوێنێكی تازەوە و بەدڵێكی گەرمەوە خەبات دەكات، لە هەموو بوارەكاندا بەپلەكانی سەركەوتندا هەڵگەڕاوە و دەیەوێت بگات بە ئامانجە بەرزەكانی. گەرچی لە بەشە بچووكەی خاكی كوردستاندا چەندین دەوڵەتی زلهێز ململانێ دەكەن، ئەمما ئەوەتانێ خەڵکی رۆژئاوا ئازایانە بەرگریی دەكەن و لە پاڵ تێكۆشاندا سەرقاڵی خوێندن و مەعریفەن، سەدان خولیان بۆ خوێندنی زمانی كوردی و هونەر و ئەدەبیات كردۆتەوە، كتێب چاپ دەكەن، چالاكی رۆشنبیریی بەڕێوە دەبەن. هۆكاری ئەو دڵگەرمییەی رۆژئاوا ئەوەیە ئەم بەشە بچووكەی كوردستان هەمیشە زەبری دوژمن توند تربووە لەسەریان، جیاواز لە پارچەكانی دیكەی كوردستان، رۆژئاوا مافی ئەوەی نەبووە بە كوردیش قسان بكات. لە رووداوە جەرگ بڕەكەی سینەما عامودەوە بۆ خوێنڕشتنەكانی یاریگاكەی قامیشلۆ و ... ئەمەش دەلالەت لەوە دەكات وەختێك دوژمن دەست دەنێتە بینەقاقات پەلەقاژەی ئازادی بە گوڕتر دەبێ بۆیە ئەمڕۆ رۆژئاوای كوردستان مەشخەڵی ئازادی سەرتاسەری هەڵگرتووە. جا ئەوەتانێ بەشە بچووكەكەی كوردستان دنیای هەژاندووە و ئەمریكا و روسیای هێناوەتە سەرخەت و بەهەموو لایەکەوە بایەخی پێدەدەن و چاویان تێ بڕیوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان