سەرۆک بافڵ لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکادا کۆبۆوە

12:11 - 2024-05-14
کوردستان
393 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ فیلیپ گۆردن، یاریدەدەری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی سیاسی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان و عیراق و پرسی هەڵبژاردن گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی دووپاتکرایەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لەکاتی دیاریکراوی خۆی و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسەکە کرد تاوەکو ببێتە هەنگاوێکی گرنگ بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری لە حوکمڕانی و گەشەکردنی دیموکراسی لە ناوچەکە.
هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ وتی، مەترسییەکانی تیرۆر بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر سەقامگیریی ناوچەکە، بۆیە جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عیراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەینەوە بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.
لە بەرامبەردا فیلیپ گۆردن باسی لە گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە و وتیشی، پێویستە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق پارێزراوبێت و هەوڵەکان لەو چوارچێوەیەدا بێت.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #ئەمریكا

بابەتە پەیوەندیدارەکان