هەڤاڵ عادل موراد، یەكێك لە سەركردە دیارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر، ساڵی 1949 لە خێزانێكی كوردی فەیلیی بەغدا لە دایكبووە.
سەرەڕای دووریی لە كوردستانەوە، بەڵام بنەماڵەكەی هەمیشە پارێزگارییان لە مۆركی نەتەوایەتییان كردووە، هەر ئەوەش وایكردووە هەڤاڵ عادل موراد لە تەمەنی هەرزەكارییەوە بچێتە كۆڕی تێكۆشانی كوردایەتی.
عادل موراد، ساڵی 1965 پەیوەندی كردووە بە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ساڵی 1966 لە بەشی كیمیای كۆلیژی پەروەردەی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، لەو ماوەیەدا سەرپەرشتی بەشێكی رێكخستنەكانی پارتی كردووە لە بەغدا.
ساڵی 1969 دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و بۆتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و بووە بە ئەندامی ناوچە و مامۆستای شۆڕش.
دوای بەیاننامەی 11ی ئازای ساڵی 1970، لە كۆنگرەی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بە سكرتێر هەڵبژێردرا، هاوكات بوو بە جێگری سكرتێری یەكێتیی نیشتمانیی خوێندكارانی عیراق، لەو ماوەیەشدا گەڕایەوە بۆ بەغدا و خوێندنی تەواوكرد.
جگە لەوەی خەریكی كارەكانی هەردوو یەكێتییە خوێندكارییەكە بوو، سەرقاڵی خوێندنی زانكۆ و ئەندامی لقی پێنجی پارتیش بوو لە بەغدا.
ساڵی 1974 لەگەڵ دەستپێكردنەوەی شەڕ، روویكردەوە شاخ و لە نسكۆی 1975 چووە ئێران و دواتر لە سوریا لەگەڵ مام جەلال و هاوڕێكانیدا بەشداربوو لە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا.
لەو ماوەیەدا چەند ئەركێكی گرنگی سەبارەت بە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی چەكداریی پێسپێردراوە، ساڵی 1979 گەڕاوەتەوە كوردستان، پاش ماوەیەك وازی لە یەكێتی هێنا و لە سوریا و لوبنان سەرقاڵی پیشەی رۆژنامەوانی بوو.
ساڵی 1981 پەیوەندی بە حزبی سۆسیالیستی كوردستانەوە كرد و لە كۆنگرەی یەكەمدا بە ئەندامی سەركردایەتیی حزبەكە هەڵبژێردرا.
ساڵی 1994 گەڕایەوە ناو یەكێتی و كرایە ئەندامی سەركردایەتی، ساڵی 1995 كرایە لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن تا ساڵی 2000، كە لەو ساڵەدا بووە لێپرسراوی پەیوەندییەكان لە سوریا.
ساڵی 2003 گەڕایەوە كوردستان و بەشداربوو لەو هەوڵانەی بۆ رووخانی رژێمی بەعس دەدران، لەگەڵ رووخانی رژێمی بەعس، چووە بەغدا و ئەركی پەیوەندی و دیپلۆماتیی گرتەئەستۆ و ماوەیەكیش لە ئەنجومەنی حوكم نوێنەری سەرۆك مام جەلال بوو.
ساڵی 2004 بووە باڵیۆزی عیراق لە رۆمانیا، ساڵی 2011 بە سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی ی.ن.ك هەڵبژێردرا.
رۆژی 18/5/2018 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.