هەرێم کەمال ئاغا: لە هەوڵداین بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک

03:00 - 2024-05-18
کوردستان
194 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت کە وەک یەکێتی لە هەوڵی جدیدان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک.
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIAی راگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەمڕۆ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنەکە کۆدەبێتەوە، بەڵام تائێستا هیچ رێکەوتنێک لە نێوان خودی سوننەکان و فراکسیۆنەکانی دیکەشدا بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک نەکراوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی راشیگەیاند: "پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بابەتێکی دیکەیە کە ئەمڕۆ پەرلەمان لەبارەیەوە کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆدەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و چاوەروان دەکرێت پێش دەستپێکردنی پشووی یاسادانان، دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنەکە بدرێت".

لەبارەی هەڵوێستی یەکێتی لەسەر یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و کاراکردنی ئەنجومەنی پارێزگا، هەرێم کەمال ئاغا رایگەیاند: "یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات کە ئەو پرسە وەک سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عیراق یەکلایی ببێتەوە کە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، یەکێتی هێزی یەکەمە لە شارەکە و پێویستە پارێزگاری شارەکە وەربگرێت".

وتیشی، "دەستنیشانکردنی پارێزگارێک بۆ شارەکە و دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگار بەشێکی زۆر لە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان چارەسەر دەکات و بۆ ئەمەش لە هەوڵی جدیداین بۆئەوەی هەموو ئەو لایەنانەی لە پارێزگاکە کورسییان هێناوە بە گفتوگۆ بگەینە رێکەوتنێک لەبارەی دەستنیشانکردنی پارێزگارێک و دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگا".

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان