تەها عەبدوڵڵا
دوای گەیشتنی تیمێكی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی سەر بە دامەزراوەی شەهیدانی عیراق بۆ قەزای تەلەعفەر، دەستكراوە بە هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ، كە مێژووەكەی بۆ سەردەمی داعش لەو سنوورە دەگەڕێتەوە و بەشێكی زۆری رووفاتەكان لە كوردانی ئێزدی پێكدێن.
لەوبارەیەوە، حسێن دەرمان ئەندامی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: گۆڕە بەكۆمەڵەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری و بەدیاریكراویش دەكەوێتە قەزای تەلەعفەر-رێگای عەیاز، وتیشی: رووفاتەكان ژمارەیان نزیكەی 750 كەس دەبێت و هەموو تەمەنەكانی تێدایە و زۆرترینیشیان لە كوردانی ئێزدی پێكدێن و توركمانی شیعە و خەڵكی ناوچەكەی بەگشتی تێدایە.
لای خۆیەوە، سەید هانی لێپرسراوی كۆمیتەی تەلەعفەری یەكێتی، بە كوردستانی نوێ-ی وت: بە سەرپەرشتی دامەزراوەی شەهیدان و دەستەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عیراق و بە هاوكاریی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان و ژمارەیەك لە رێكخراوە خێرخوازەكان، ئەو گۆڕە بەكۆمەڵە هەڵدەدرێتەوە، كە ئێستا كارە سەرەتاییەكانی هەڵدانەوەی دەستپێكراوە. وتیشی: دوای دەرهێنانی رووفاتی ناو ئەو گۆڕە بەكۆمەڵە، بۆ پشكنینی DNA، رەوانەی تاقیگەكانی بەغدا دەكرێن بەمەبەستی ناسینەوەیان، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەكە كەسوكاری شەهیدان و بێسەروشوێنانی سەردەمی داعش، ئاگاداركراونەتەوە بۆ ئەوەی سامپڵیان لێوەربگرێت و لەگەڵ پشكنینی رووفاتەكان هاوتا بكرێن.
لێپرسراوی كۆمیتەی تەلەعفەری یەكێتی، تەئكیدیشیكردەوە: دوای تەواوبوونی رێوشوێنەكان سەرجەم رووفاتەكان لەزێدی خۆیان بەخاك دەسپێردرێن، بەتایبەتی لە قەزای شەنگال و گوندەكانی دەوروبەری، بەوپێیەی زۆربەی ئەو شەهیدانە ئێزدین.